20 هەزار سەربازی ڤاگنەر کوژراوە، گروپەکە دەکشێتەوە و روسیا شوێنیان دەگرێتەوە

یەڤگنی پریکۆژینی، سەرۆکى گروپى ڤاگنەری لایەنگر و پشتیوانی روسیا کشانەوەى هێزەکانى لە شارى باخموت راگەیاند، کە سەرەتاى ئەم هەفتەیە دواى نزیکەى 10 مانگ شەڕ کۆنترۆڵکردنى راگەیاند.

لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر، هێزەکانی روسیا شوێنیان دەگرنەوە، بەڵام ئۆکراین ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە، کە شارەکە داگیرکرابێت. هەرچەندە پێش چەند رۆژێک سەرۆکى ئۆکراین دانى بە لەدەستدانى شارەکەدا نا.

سەرۆکى گروپی ڤاگنەر رایگەیاند، لە ئەمڕۆە یەکەکانمان لە باخموت دەکشێنینەوە و تاوەکو رۆژى 1ی حوزەیران، زۆربەی یەکەکانمان دەگەڕێنەوە دواوە و شوێنەکانمان بۆ سوپای روسیا جێدەهێڵین.

ئەو باسى ژمارەى کوژراوەکانى گروپەکەى کرد و رایگەیاند، 20 هەزار سەربازمان کوژراوە.

لەبارەی دۆخی دوای کشانەوەیان، پریکۆژین رایگەیاند، ئەگەر سوپای روسیا توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی نەبێت، ئامادەییان هەیە بگەڕێنەوە بۆ نێو شارەکە.

جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراین رایگەیاند یەکەکانی گروپی ڤاگنەر لە شارەکەدا لەگەڵ سوپای روسیادا ئاڵوگۆڕیان پێکراوە، بەڵام هێشتا بەشێک لە سەربازانی گروپەکە لەنێو شارەکەدا ماون.

سەرکەوتنی باخموت لەلایەن پریکۆژینەوە وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ پوتین دادەنرێت، لە کاتێکدا روسیا روبەڕوی ئەگەری هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بووەتەوە، بە چەکى پێشکەوتووی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانییەوە.

کشانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر لە شاری باخموت دوای ئەوە دێت پریکۆژین چەندین جار هەڕەشەی ئەوەی دەکرد بەر لە کۆنترۆڵکردنی شارەکە، بەرەکانی جەنگ جێبهێڵێت، بیانووەکەشی ئەوەبوو کە چەک و تەقەمەنی لە لایەن روسیاوە بۆ دابین ناکرێت و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی لەدەستداوە.

گروپی ڤاگنەر کە ژمارەیان 50 هەزار سەربازە لەناو خاکی ئۆکرایندا، ئەو سەربازانەن کە بەشێک لە میدیا جیهانییەکان بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکەن لە زیندانییەکانی روسیا پێکهاتووە.

رۆڵى ئەم گروپە لە پێشڕەوییەکانى روسیا کەمنییە، شەڕى باخموتى بۆ یەکلایکردەوە، کە وەک قەڵاى بەرگرى ئۆکراین ناودەهێندرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button