دۆستایەتییەکەی پارتی و یەکێتی زۆری نەخایاند

زووم:

جارو بار وادەردەکەوێت کە هەندێک خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی کاڵببنەوە، بەڵام رەنگە ئەم هەڵبژاردنە هەروا ئاسان نەبێت کە هەردوولا لەسەر کۆی ناکۆکییەکانی نێوانیان رێکبکەون.

پارتی دەڵێت، بەشێک لە داوکارییەکانی یەكێتیان جێبەجێکردووە لەوانەش، شێوازی هەڵبژاردنە کە لە یەک بازنەییەوە بکرێت بە فرەبازنەیی.

دوای ئەم هەڵوێستە فەرمییەی پارتی کە  لەلایەن فراکسیۆنەکەیانەوە بڵاوکرایەوە، پارتی بەفەرمی داوای کرد کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی کاری سبەینێەوە، چەند خولەکێک دوای داواکارییەکەش، سەرۆکایەتی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داواکارییەکە دەربڕی، بەڵام رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لە پشکی یەكێتیە، ئیمزای لەسەر داواکارییەکەی پارتی نەکردووە.

ئەم نارازی بوونەی رێواز فایەق دەرگای لەسەر ئەوەکردەوە کە پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردنەکان رێکنەکەوتوون و ئەوەی پارتی دەیڵێت، ‌هێشتا بەدڵی یەکێتی نییە.

چوار کاتژمێر دوای ئەم داواکارییەی پارتی و ئیمزانەکردنەوەی رێواز فایەق،

یەکێتی لە رێگەی فراکسیۆنەکەیەوە رەخنەی توندی لە پارتی گرت و رایگەیاند، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانی  و ئۆباڵی لێکەوتەکانیشی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی .

فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەندروێکدا دەڵێت، بەداخەوە جارێکی تر پارتی بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان،  لە ھەنگاوێکی تاک لایەنەی نایاساییدا ، بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەینێ زیادکردووە ئەویش  کاراکردنەوەی کۆمسیۆنە.

یەکێتی گەراوەتەوە بۆ پەیڕوەو دەڵێت، هەنگاوەکەی پارتی پێچەوانەی پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستانە و ھاوکات پێچەوانەی رێکەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دوو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای رێکەوتن و سازانی ھێزە سیاسیەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کارەوە.

یەکێتی پارتی بەوەتۆمەتبار دەکات کە  جارێکی تر نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر  بابەتێکی ناپەیرەوی  ، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی  قوڵکردنەوەی ململانێی سیاسی

جگە لە رووداوەکانی ناو حەرەمی پەرلەمان، هەر ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لە پیرمام کۆبوونەوە بەڵام بەگوێرەی راگەیەنراوە هاوبەشەکەیان بێت رێکنەکەوتوون و دەیانەوێت کۆبوونەوەی دیکە بکەن.

پارتی لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوت بەڵام لە جوڵەکانی خۆی نەکەوت و هەر ئەمڕۆ سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و رایگەیاند، بەپەرۆشن هەڵبژاردن لەمساڵدا بکرێت.

 

وادەردەکەوێت 11 کورسی پێکهاتەکان رێگریییەکی سەخت بێت و یەکێتی هەروا بەئاسانی رازی نەبێت.

پارتی تۆپەکەی خستوەتە یاریگای پێکهاتەکانەوە و سەیری یاری نێوان یەکێتی و پێکهاتەکان دەکات، پارتی پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە ئەنجامەکەی لایە و دەزانێ پێکهاتەکان بەوە رازی نابن کورسییەکانیان دابەش بکرێت، هەربۆیە دەڵێت با پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

پێهاتەکان رەتی دەکەنەوە 11 کورسییەکەی ئەوان دابەشبکرێت بەسەر بازنەکاندا، تەنانەت داواکارییەکی دیکەیشیان هەیە کە تەواو پێچەوانەی یەکێتیە، هەفتەی رابردوو ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بە زوومی گوت،ئەگەر هەمواری یاسایی هەڵبژاردن بکرێت، دەبێت کورسی پێکتاتەکان لە 11 وە بکرێت بە 20.

ئێمە لێرەدا دەست بۆ کێشە لە مێژینەکەی پارتی و یەکێتی دەبەین، کە ئەمڕۆش خاڵی ناکۆکی نێوانیان بووە و چارەسەریان نەکردووە.

ئەوەی فراکسیۆنی پارتی باسیکرد، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و شێوازی هەڵبژاردنە بە فرەبازنەیی کە ئەمە داواکاری یەکێتیشە، بەڵام پارتی تەنها یەک خاڵی بۆ پەرلەمان ناردووە و داوایکردووە تەنها کۆمسیۆن کارابکرێتەوە، پارتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی داوانەکردووە، کە  دەستکاریکردنی شێوازی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی پێویستی بەو هەموارە هەیە .

بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم یەکێتی واسەیری دۆخەکە دەکات، کە پارتی دەیەوێت هەرچۆنێتک بێت بەزووی کۆمسیۆن کارابکاتەوە و هەڵبژاردنی داهاتوو کۆمسیۆنی هەرێم بیکات نەک عێراق، ، چونکە رەنگە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دژی پەرلەمانی کوردستان بێت و دادگاکە ماوە درێژکراوەکەی پەرلەمان بەنادەستوری لە قەڵەمبدات، ئەوکاتەش پەرلەمان ناتوانێت کۆمسیۆن کارابکاتەوە.

هەربەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، یەکێتی پێشبینیەکی دیکەی بۆ هەڵوێستەکەی ئەمڕۆی پارتی هەیە و دەڵێت، پارتی دەیەوێت دوای کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ،یاسای هەڵبژاردنیش هەمواربکاتەوە و بەزۆرینە تێیپەرێنێت ئەوکات،نە دەستکاری 11 کورسییەکە دەکرێت نە داوکارییەکانی یەکێتی لەبەرچاودەگیرێت.

زووم لە چەند سەرچاوەیەکی ناو پارتیەوە زانیویەتی کە پارتی دوودڵ و قەلەقە لە هەڵوێستەکانی یەكێتی و ئەویش گومانی هەیە و دەلێت یەكێتی نایەوێت هەڵبژاردن بکرێت بۆیە داواکارییەکانی وەک بیانوو سەیردەکات.

یەکێتی هەمووی دەوێت و پارتیش بەشێکی دەداتێ، ئەوەی یەكێتی داوایکات هەڵبژاردنە  بەشێوەیەکی فرەبازنەیی بۆ 111 کورسییەکەی پەرلەمان، پارتی داواکارییەکەی یەكێتی قبووڵکردووە بەڵام وەک خۆی نا، بەڵکو فرەبازنەیی بۆ 100 کورسییەکە و یەک بازنەیش بۆ 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان، ئەمەش بەدڵی یەکێتی نییە ولە بنەڕەتدا داواکاریەکەی یەکێتی بۆ فرەبازنەیی لەبەرخاتری ئەو 11 کورسییە بووە و چاوی لەوەیە 4 کورسی پێکهاتەکان لە سنوری بازنەکانی خۆیدابێت.

 

ئەم كێشانەی پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن لەکاتیدایە کە ئەمریکاو نوێنەری وڵاتانی ئەوروپا فشاریان لەهەردوو حزبەکە کردووە هەڵبژاردن لەمساڵدا بکەن، ئەمەش بێ هۆنییە ودەزانن ساردی و سستیەکەی پارتی و یەکێتی هەنگاو بۆ ئەوە دەنێت هەڵبژاردن بۆ جاری دووەم دوابخرێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button