شەڕی ئۆکراین دەچێتە قۆناغی بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگییەوە؟

زووم، ئاژانسەکان

دوای بەردەوامیی زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی سوپای روسیا و ئۆکراین، لەم چەند هەفتەی دواییدا پرسی پێدانی فڕۆکەی ئێف16 بووەتە پرسێکی گەرمی میدیا جیهانییەکان، بەتایبەتى لەدوای سەردانەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، بەمەبەستی دابینکردنی ئەو فڕۆکەیە.

رۆژی چوارشەممە سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا رایانگەیاند پێویستە ئەمریکا بڕیارێک بدات بۆ پێدانی فڕۆکەی جەنگیی بە ئۆکراین بەهۆی ئەوەی شەڕی ئۆکراین بەردەوامە و درێژەی کێشاوە.

بۆریس پیستۆریەسی، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەلایەن چەند پەیامنێرێکەوە پرسیاری لێکرا کە بۆچی هاوپەیمانانی ناتۆ فرۆکەی ئێف16 بۆ ئۆکراین دابینناکەن، لە کاتێکدا رێگە بە پۆڵەندا دراوە فڕۆکەی ئێم ئای جی 29 سەردەمی سۆڤیەت بۆ ئەو وڵاتە دابین بکات. وەزیرەکە لە وەڵامدا رایگەیاند، بڕیارەکە بەتەواوی لەدەست کۆشکی سپی ئەمریکا دایە.

ئاماژەی بەوەشکرد فڕۆکی ئێف16، دروستکراوی وڵاتی ئەمریکایە و تەنها ئەمریکاش دەتوانێت بڕیار لەوبارەیەوە بدات. ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆکراین دەمێکە داوای پێدانی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دەکات بۆ ئەوەی لە شەڕی روسیادا بەکاریبهێنێت.

راشیگەیاند، “ئێمە ناتوانین هیچ رۆڵێکمان هەبێت لەو بارەیەوە، چونکە نە توانای راهێنانمان هەیە، نە شارەزایی و نە فڕۆکەکەشمان هەیە.”

لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رۆژێک دوای سەردانکەی زێلێنسکی هات بۆ بەریتانیا کە تێیدا لەگەڵ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە و باسی خواستی ئۆکراینی کرد وەک بەشێک لە پشتیوانی شەڕی ئاسمانیی.

ریشی سوناک و مارک رووت، سەرۆکی هۆڵەندا خەریکی دامەزراندنی بەرەیەکن بەناوی “هاوپەیمانی فڕۆکەی جەنگیی” کە ئامانج لێی دابینکردنی فڕۆکەی جەنگییە بۆ ئۆکراین.

هەرچەندە بەریتانیا رایگەیاند فڕۆکەی جەنگی بۆ بەرەکانی پێشەوەی جەنگی ئۆکراین نانێرێت، بەڵام پابەندبوونی خۆی راگەیاند کە ئامادەیە لەبواری ئامێری پێشکەوتووی جەنگیی ئاسمانی راهێنان بە هێزەکانی ئۆکراین بکات.

بێن واڵەیس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، “بڕیاری دابینکردنی ئەو تەکنەلۆجیایە بۆ ئۆکراین لەدەستی کۆشکی سپیدایە، چونکە ئێمە خاوەنی ئێف16 نین، بەڵام دەتوانین لەوبارەیەوە یارمەتیدەر بین.”

گوتى “ئەوەی گرنگە دەبێت پەیامێک بە روسیا بگەیەنین کە هیچ رەتکردنەوەیەکی فەلسەفییانەمان نییە بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی لە شەری روسیادا لە بەرەکانی جەنگ پێویستیان پێیەتی.”

لەوبارەیەوە، ئەمریکا رایگەیاندووە پلانی نییە فڕۆکەی ئێف16 بۆ ئۆکراین بنێرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر هەمان هەڵوێستی هەبوو بۆ ناردنی هەندێک لە توانا سەربازییەکانی، بەڵام لەکۆتاییدا ناردنی، یەکێک لەوانەش تانکی سەربازیی ئەبرامز بوو.

ناردنی فڕۆکەی ئێف16 لە دەسەڵاتی ئەمریکادایە، چونکە خۆی دابینکەری فڕۆکەکەیە کە لە جیهاندا 28 وڵات لە جۆرە فڕۆکەیەی هەیە.

شارەزایان دەڵێن ئەگەر بێت و ئەمریکا ئەو جۆرە فڕۆکەیە بۆ ئۆکراین بنێرێت ئەوا شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکی قورسترەوە و سەرجەم ئەو هەوڵانەی بۆ بەدیهێنانی پرسی ئاشتی هەن، لەباردەچن.

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button