لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی نوسەری کتێبێکی مام جەلال دادگایکرا

زووم:

ئەمڕۆ لە دادگای کەتنی هەولێر یەکەمین دانیشتن لەبارەی دۆسیەی کتێبێکی مام جەلال بەرێوەچوو.

دۆسیەکە لەسەر کتێبی دیداری تەمەنە، کە شەش ساڵ لەمەوبەر لەلایەن نووسەر سەڵاح رەشیدەوە بڵاوکرایەوە، دوای بڵاوکردنەوەکە، بنەماڵەی رەسوڵ مامەند سیاسەتمەدار و سکرتێری پێشووتری سۆسیالست سکاڵای یاساییان لەسەر نوسەری کتێبەکە تۆمارکرد.

بنەماڵەی رەسوڵ مامەند دەڵێن، سەڵاح رەشید لە نزیکەی هەشت لاپەرەدا باسی رەسوڵ مامەندی کردووە کە دوورە لە راستییەوەو بڕواناکەن مام جەلال بەوشێوەیە لەبارەی رەسول مامەندەوە دوابێت.

لەسەر بەرێوەچوونی دانیشتنەکە زووم پەیوەندی بە ئارام رەسول مامەندەوەکرد، ناوبراو لە خولی دووەمدا لە پشکی پارتی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو، لەبارەی دۆسیەکەوە گوتی، سەڵاح رەشید تەشهری بە کۆچکردوو رەسول مامەند کردووە

ئارام رەسول مامەند لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆشەوە گوتی زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە و دانیشتنی دووەمیش خراوەتە 4/9ی ئەم ساڵەوە.

هەرچەندە بنەماڵەی رەسوڵ مامەند گومانیان لەو قسانە هەیە کە سەڵاح رەشید بەناوی مام جەلالەوە بڵاویکردوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ سەڵاح رەشید ئەو تۆمارە دەنگیەی رادەستی دادگاکردووە کە قسەکانی مام جەلالی تێدایە و دەشگوترێت شتی زۆر لەوە زیاتری تێدایە کە بڵاوکراوەتەوە.

لەبارەی سکاڵاکە و دانیشتنەکەی ئەمڕۆوە، سەڵاح رەشید هەرچەندە رێگای هەولێر سلێمانی ماندووی کردبوو بەڵام قسەی بۆ زووم کرد و گوتی…..

لەسەر هەمان سکاڵا، ساڵی رابردوو نووسەر سەڵاح رەشید چووە بەردەم دادگای هەولێر و لەوێ بەکەفالەتی چوار ملیۆن دینار ئازادکرا.

334 ئەو ماددە یاساییەیە کە ئارام رەسول مامەند سکاڵاکەی لەسەر سەڵاح رەشید پێتۆمارکردووە، ماددەکە تایبەتە بە بوختانکردن بەجۆرێک کە زیان بەوکەسە بگەیەنێت کە سکاڵای تۆمارکردووە، بەگوێرەی ماددەکە کەسی سزادراو، یان بەند  دەکرێت یان بەپارە غەرامە دەکرێت.

دیداری تەمەنی مام جەلال کە نووسەرەکەی سەڵاح رەشیدە، دەڵێت کتێبەکە بە شێوەی پرسیار و وەڵام لەنێوان خۆی و مام جەلالدا تۆمارکراوە و ماوەی 15 ساڵی خایاندووە.

سەڵاح رەشید لە پێشەکی کتێبی دیداری تەمەندا نووسیویەتی، مام جەلال خۆی پاکنووسی دیدارەکەی نەبینیووە و لە چەند شوێنێکدا گوتویەتی قسەکانی بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت، چونکە کۆمەڵێک دۆست و کەسایەتی جیاوازی لێ عاجزدەبێت، بەڵام لەبارەی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەوە سەڵاح رەشید دەڵێت، بەداخەوە مام جەلال نەخۆش بووە نەگونجاوە رەزامەندی وەربگرم بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبەکە.

هەرچەندە مام جەلال خۆی رەزامەندی لەسەر بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنە دەنگیەکە دەرنەبڕیووە، بەڵام لەکاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا لە ساڵی 2017 شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کەسی نزیکی خانەوادەی مام جەلال ئامادەی مەراسیمەکەبووە لە سلێمانی.

هەرچەندە ئەمە یەکەم سکاڵای یاسایی بوو لەسەر دیداری تەمەن، بەڵام چەندین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکەش نیگەرانی و روونکردنەوەی خۆیان لەبارەی رووداوەکانی ناو کتێبەکە بڵاوکردەوەتەوە هەندێکیان پێیان وایە باسکردنەکە  لە هەندێک شوێندا لە جێی خۆیدا نەبووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button