تورکیا بۆچی وەڵامی داواکاری عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتى هەرێم ناداتەوە؟

لە کاتێکدا چەند رۆژێکی کەم مابوو بۆ هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەی تورکیا، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند دەیانەوێت سەرلەنوێ هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکەنەوە.

پێنجشەممە، 11ی ئایاری 2023، حەییان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، سەرجەم گرێبەستەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی کڕیاری نەوت تەواوکردووە، کۆمپانیای سۆمۆ لەلاى خۆیەوە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی ئاگادارکردووەتەوە کە رۆژی شەممە 13ی ئایار هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی دەروازەی باکور-بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە.

چەند رۆژێک بەسەر ئەم داوایەى بەغداد تێپەڕیووە و هێشتا هیچ وەڵامێک لە ئەنقەرەوە نەهاتووەتەوە، سەرەنجام قوفڵى بۆرى نەوتى هەرێم بە داخراوى ماوەتەوە، ئەمەش بووەتە باسێکی گەرمى رۆژنامە و میدیا جیهانییەکان.

ماڵپەرى بلومبێرگی ئەمریکی وەڵامی ئەم پرسیارەی دەستکەوتووە و لە زاری چەند بەرپرسێکی تورکیاوە رایگەیاندووە، کە تورکیا دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، گفتوگۆ و دانوستاندن بکات لەسەر ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی کە دەبێت بیدات بە عێراق.

بلومبێرگ لە زاری بەرپرسێکی عێراقیشیەوە بێ ناوهێنان رایگەیاندووە، تورکیا بە عێراقی راگەیاندووە کاری چاککردنەوەی بۆری نەوتی هەرێم تەواو نەبووە، کە بەهۆی بومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵی تورکیا زیانی بەرکەوتبوو.

وەک وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، عێراق بە نیازە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە رۆژانە 485 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلى نەوتى کێڵگەکانى هەرێمە و 75 هەزار بۆ 85 هەزارى نەوتى کێڵگەکانی کەرکوکە.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، عێراق سەرجەم رێکارەکانی هەناردەی تەواوکردووە و تورکیا ئاگادارە، چاوەرێی وەڵامی ئەوانین.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئایار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانى لە تورکیا بەرێوەدەچێت و رکابەریەکی توند هەیە، عێراق پشتگیری هیچ کام لە رکابەرەکانی نەکردووە و بێلایەن ماوەتەوە.

پاش بڕیارى دادگاى ناوبژیوانیى نێودەوڵەتى کە بارەگاکەى لە پاریسە، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە لە 25ى ئازارەوە راگیراوە، بەگوێرەى لێدوانى بەرپرسانى وەزارەتى دارایی بۆ هەر مانگێک هەرێمى کوردستان 850 ملیۆن دۆلار زیانى بەردەکەوێت، واتە تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان نزیکەى ملیار و نیوێک دۆلار زیانى بەرکەوتووە.

دۆسیەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2014، کە عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سکاڵایەکی دژی تورکیا پێشکەش کردبوو، بەهۆی رێگەپێدانی بە هەناردەی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆ، هەر بە پێی بڕیاری دادگاکە پێویستە تورکیا وەک قەرەبوو 1.5 ملیار دۆلار بداتە عێراق.

هەواڵی زیاتر

Back to top button