رۆیتەرز: کورد رۆڵێکى گرنگ لە هەڵبژاردنى تورکیا دەبینێت

"هەڵبژاردنی ئەمڕۆ رەنگە کۆتایی بە حوکمی 20 ساڵەی ئەردۆغان بهێنێت"

ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوڵاتییانی تورکیا روودەکەنە سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکدا کە لە 100 ساڵی رابردوودا بە یەکێک لە چارەنوسسازترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

‌بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، هەڵبژاردنەکە هێندە چارەنوسسازە، رەنگە کۆتایی بە حوکمی “تاکڕەوی” 20 ساڵەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بهێنێت.

دەنگدانەکە تەنها پەیوەندی نییە بەوەی کە سەرۆکی تورکیا هەڵدەبژێردرێت، کە ئەندامێکی 85 ملیۆن کەسی ناتۆیە، بەڵکو ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنەکەدا بڕیار دەدرێت کە وڵاتەکە لەمەودوا چۆن حوکم دەکرێت، لە کاتێکدا کە بەدۆخێکی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت و نرخی شتومەک و کاڵا و تێچونی ژیان لەو وڵاتەدا لە قەیرانێکی قوڵدایە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنەکان چارەنوسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەش دیاریدەکات.

بەگوێرەی راپرسییەکان، رکابەری سەرەکی ئەردۆغان، کیلیچدارئۆغلۆیە، کە سەرۆکایەتی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن دەکات، بە رێژەیەکی کەم لە پێش ئەردۆغانەوەیە. ئەگەر هەرکامێک لەو دوو رکابەرە سەرەکییە نەتوانێت 50+1ی دەنگەکان بهێنێت، لە 28ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنێکی دیکە بۆ سەرۆککۆماری وڵاتەکە بەڕێوەدەچێتەوە.

هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوای سێ مانگ دێت لە رودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لە وڵاتەکەدا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 50 هەزار کەس لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستدا.

زۆرێک لەو پارێزگایانەی کە لە بومەلەزەکەدا پشکی شێری زیانەکانیان بەرکەوت توڕە و نیگەرانن لەوەی کە حکومەت زوو بەدەمیانەوە نەچوو. بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە تاوەکو چەند ئەم توڕەیی و نیگەرانییە کاریگەریی لەسەر ئەنجامی دەنگەکان دەبێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا ئەندامانی پەرلەمانی ئە وڵاتەش هەڵدەبژێردرێن و کێبڕکێی توند لەنێوان هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەلدا هەیە. هاوپەیمانی کۆمار لە پارتی ئاکەپەی ئەردۆغان و نەتەوەیی مەهەپە و چەند پارتێکی دیکە پێکدێت. هاوپەیمانی گەلی کیلیچدارئۆغلۆش لە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن پێکدێت و پارتی گەلی کۆماری جەهەپەش دەگرێتەخۆی کە دامەزرێنەرەکەی کەمال ئەتاتورکە.

دەنگدەرانی کورد لەم هەڵبژاردنەدا رۆڵێکی گرنگیان هەیە، بەوپێیەی 15% بۆ 20% دەنگەکانی تورکیا پێکدەهێنن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پارتەکەی کیلیچدارئۆغلو ناتوانێت بەتەنها زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

پارتی دیموکراتیی گەل (هەدەپە) کە زۆرینەی کوردە، بەشێک نییە لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، بەڵام زۆر بەتوندی دژی پارتەکەی ئەردۆغان وەستاوەتەوە دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتەکە لەلایەن ئەردۆغانەوە سەرکوتکراون.

هەدەپە لە ماوەی رابردوودا بەفەرمیی هەڵوێستی خۆی لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتییەوە راگەیاندووە و بە ئاشکرا پشتیوانیی بۆ کیلیچدارئۆغلۆ دەربڕیوە. ئەمەش لەکاتێکدا پارتەکە بەهۆی تۆمەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، هەڵبژاردنی لێ قەدەغەکراوە، بەڵام لەژێر چەتری پارتی سەوزی چەپی وڵاتەکەدا بەشداریی لە هەڵبژداردنەکاندا دەکات.

ئایا هەڵبژاردنەکە کۆتایی بە سەردەمی ئەردۆگان دەهێنێت؟

ئەردۆغانی تەمەن 69 ساڵ، قسەکەرێکی بەهێز و شارەزای هەڵمەتی هەڵبژاردنە. لەماوەی کەمپینی هەڵبژاردنەکەدا شەڕێکی سەختی کرد بۆ ئەوەی لە قورسترین تاقیکردنەوەی سیاسی ژیانیدا دەربچێت. ئەو لە ئێستادا خۆی بە دڵسۆزی تورکە موسڵمانەکان دەزانێت کە سەردەمانێک خۆیان بە چینێکی پەراوێزخراوی ژێردەستی حوکمی تورکیای عەلمانی دەزانی. ئەردۆغان لە ساڵی 2016 دا لە هەوڵیکی کودەتا و چەندین سکانداڵی گەندەڵی رزگاری بوو.

ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان لە دەسەڵات بهێندرێتە خوارەوە، ئەوا هۆکارێکی سەرەکی ئەوەیە کە لەسەردەمی حوکمی ئەودا بینیویانە دادپەروەریی و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان بەرەو کەمبوونەوە رۆیشتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو رێژەی هەڵاوسان گەیشتە 85% و لیرەی تورکی بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

کیلیچدارئۆغڵۆی تەمەن 74 ساڵ، بەڵێن دەدات ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، سیاسەتی ئابوری وڵاتەکە دەگەرێنێتەوە سەردەمی پێشوو و سیاسەتە قورسەکانی ئەردۆغان وەلادەنێت.

کیلیچدارئۆغڵۆ دەڵێت ئەگەر دەرچوو وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ حوکمی پەرلەمانیی و حوکمی سەرۆکایەتی وڵاتەکە، کە لە ساڵی 2017دا ئەردۆغان هێنایە کایەوە هەڵدەوەشێنێتەوە. بەڵێنیش دەدات، کە دەسەڵاتی سەربەخۆی دادوەری بگەڕێنێتەوە کە رەخنەگران پێیانوایە ئەردۆغان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاریهێناوە.

لەسەردەمی حوکمڕانیدا، ئەردۆغان کۆنترۆڵی زۆرینەی دامەزراوەکانی تورکیای کردووە و کەسانی ئازادیخواز و رەخنەگری پەراوێزخستووە. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتی ساڵی 2022دا دەڵێت حکومەتەکەی ئەردۆغان مافەکانی مرۆڤی لەو وڵاتەدا بۆ چەندین دەیە بردووەتە دواوە.

ئەگەر ئەدۆغان دووبارە سەربکەوێتەوە، ئەوا کیلیچدارئۆغڵۆ روبەڕوی چەندین ئاڵەنگاریی دەبێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامبێت لە رابەرایەتی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کە هەم نەتەوەپەرست، موسڵمان، عەلمانی و لیبراڵەکان تێیدا بەشدار بن.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button