بۆچى دابەشکردنى موچە دواخرا؟

زووم هۆکارەکەی رووندەکاتەوە

زووم:

کاتێک لیستى موچەى مانگى چوار دەبینیت، دەگەیتە ئەو بۆچوونەى کە حکومەتی هەرێم بە شێنەیی موچەکە دابەش دەکات، لەکاتێکدا لە دوێنێوە بۆچونێک دروستبووە لەنێو موچەخۆراندا کە لە ماوەیەکى زوودا موچە دابەش دەکرێت بەوپێیەى بەغداد پارەکەى دەنێرێت.

دوێنێ 400 ملیار دینارەکەى بەغداد گەیشتە سەر هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی، بەڵام وەزارەتەکە دابەشکردنى موچەکەى خستە رۆژى یەکشەممە، واتە 14ى ئایار، دەست بە دابەشکردنى موچە دەکرێت، لەکاتێکدا مانگى رابردوو لە 6ى نیسانەوە دەست بە دابەشکردنى موچەی مانگی سێ کرا و لە هەولێر و دهۆک 20 مانگ کۆتایی بە دابەشکردنى موچە هێندرا، بەڵام لە سلێمانى دوێنێ کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی  مانگی  سێ هات.

بەگوێرەى خشتەکەى وەزارەتى دارایی 31ی ئەم مانگە کۆتایی بەدابەشکردنی مووچەی مانگی چواردێت، واتە بەراورد بە مانگى رابردوو 11 رۆژ دواکەوتووە.

بە گەرانەوەیەکی خێرا بۆ مانگی رابردوو، ئەگەر سلێمانی بە نمونەوەربگرین، دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار دەکەوێتە مانگی شەشەوە.

بە خوێندنەوە بۆ لێدوانى چەند رۆژى رابردووى بەرپرسانى وەزارەتى دارایی، هۆکارى دواکەوتنى موچە نەبوونى پارەیە، لەو نێوەندەدا داهاتى ناوخۆ.

ئێمە دەمانەوێت پرسی داهاتى ناوخۆتان بۆ رون بکەینەوە.

داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کۆدەکرێتەوە، سێ جۆرە، ئەوانیش: گومرکەکان، رسومات و باج.

هەرچەندە ئەم داهاتانە بەفەرمی بڵاوناکرێنەوە و روون نییە چەندە، بەڵام ئەو زانیارییانەى زووم لە رێگەى لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستانەوە دەستیکەوتووە، ئاماژە بە 350 ملیار دينارى مانگانە دەکەن، بەڵام حکومەت ئەمە پشتڕاست ناکاتەوە.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى لە لیژنەکەوە دەستی زووم کەوتووە داهاتەکان بەمشێوەیە:

داهاتی گومرگەکان 170 ملیار دینارە

داهاتی رسومات 100 ملیار دینارە

داهاتی باج 70 ملیار دینارە

بەوپێیە داهاتی ناوخۆ دەکاتە نزیکەى 350 ملیار دینار، ئەمە جگە لەو 26 ملیار دینارەى ئەمریکا بۆ موچەى بەشێکى پێشمەرگە دابینى دەکات.

با باسی خەرجییەکانى حکومەتیش بکەین، حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ جۆر خەرجی هەیە.

موچە ئەولەویەتە، وەک ئەوەى حکومەت جەختی لێدەکاتەوە، پاشان خەرجی وەزارەتەکان و خەرجی پرۆژەکانى وەبەرهێنان.

موچە زیاتر لە 900 ملیاری پێویستە.

خەرجی وەزارەتەکان نزیکەی 150 ملیارى پێویستە.

خەرجى پرۆژەکان، ئەمە بۆ زووم زۆر روون نییە، لەبەرئەوەى بەشێکى پرۆژەکان بە قەرز جێبەجێ دەکرێن و بەشێکى دیکەیان راگیراون.

بەگشتی حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار هەیە بۆ موچە و خەرجییەکانى مانگانە.

پرسی ناڕوونى داهاتى ناوخۆ، تەنانەت بەپرسانى حکومەتیش نکۆڵى لێناکەن، پێشتر زۆرجار لایەنە ناکۆکەکان لەنێو حکومەت ئەمەیان گوتووە.

بەڵام ئەگەر داهاتی ناوخۆ رێک وەک ئەو زانیارییانەى بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی بێت کە دەڵێن، لە دەوروبەرى 350 ملیار دینارە لەگەڵ پارەکەى هاوپەیمانان، دەتواندرێت کەمتر لە نیوەى موچەی فەرمانبەرانی هەرێمى پێدابینبکرێت، بەبێ پارەکەى بەغداد. بە 400 ملیار دینارەکەی بەغدادەوە دەتواندرێت موچەى زۆرینەى موچەخۆران دابەشبکرێت، چونکە زیاتر لە 750 ملیار دینار دەکات و 150 ملیار کورتهێنانى دەبێت بۆ کۆى گشتى پارەى موچە.

بەڵام وەزارەتى دارایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پارەیە دەکات کە دێتە بەردەستى، نەک ژمارە، ئەوان دەڵێن ئەو پارەی کە بەناوی داهاتی ناوخۆ لای وەزارەتی داراییە، 200 ملیار دینارە و بە پارەی هاوپەیمانانەوە دەکاتە 226 ملیار و  بە 400 ملیارەکەی بەغدادیشەوە دەکاتە 626 ملیار، کەواتە هەرناتوانن موچە دابین بکەن.

وەزارەتی دارایی عێراق بە وەزارەتی دارایی هەرێمی گوتووە هەفتەى داهاتوو 400 ملیاری دیکەش دەنێرن، کەواتە وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ ئەم مانگە 100 ملیار دینار زیادی هەیە لەو پارەیەی بۆ موچە پێویستیەتی و رەنگە بۆ خەرجی وەزارەتەکان دابینی بکات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button