جەهەپە دەڵێت، سەرکەوین کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر دەکەین

زووم:

راوێژکارێکی کلچدارئۆغلۆ دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار دوایین دەرفەتە بۆ بنیاتنانی سیستمێکی دیموکراسی و کێشەی کوردیش بە دیموکراسی چارەسەر دەکرێت.

هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا نزیک دەبنەوە و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز و چەپەکانی تورکیا بۆ ئەوەی شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی ئاکەپە و مەهەپە بهێنن، دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەن.

نەوشیروان ئەلچی راوێژکاری کەمال کلچدارئۆغلۆ کە کوردێکی شاری شڕنەخە و لە بنەماڵەی ئەلچییەکانە کە بنەماڵەیەکی ناسراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی باکوری کوردستانە دەڵێت، کێشەی کورد لای کلچدارئۆغلۆیە چونکە ئەو دیموکراسی دەوێت و دیموکراسیش، شوێنی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە.

راوێژکارە کوردەکەی کلچدارئۆغلۆ لەبارەی بۆچوونی (جەهەپە) و سەرۆکەکەیەوە بە سایتی ئارتی گەرچەکی گووتووە ” ئەو سیاسەتەی لە شارە کوردیەکان بەڕێوەبراوە، بووەتە هۆی کاردانەوەیەکی زۆر و یەکێک لەو سیاسەتانەش جێبەجێکردنی یاسای قەیومە. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتیمان بە بەردەوامی باسی سیاسەتی قەیوم دەکات. پێویستە لە تورکیا دیموکراسی بنیات بنرێتەوە و کۆتایی بە نادادپەروەری بهێندرێت. یەکێک کەمێک عەقڵی هەبێت، دەزانێت کە سیاسەتی قەیوم شتێکی راست نییە. من کەسێکی یاساییم، بەگوێرەی یاسا، سەرۆک شارەوانییەک بەهۆی تاوانێکەوە، سەرەتا پێویستە دادگایی بکرێت، سزاکەی یەکلایی بێتەوە و دواتر ئەنجومەنی شارەوانیی بە کۆی دەنگ یەکێک هەڵدەبژێرێت و جێگەی دەگریتەوە. پێویستە لە هەموو شوێنێک یاسا بەم شێوەیە جێبەجێ بکرێت.

ئێستا دەسەڵاتی ئیداری بە خراپی بەکار دەهێنرێت و بەم شێوەیە نەک تەنیا سیاسەتی قەیوم، بەڵکو پێویستە لەدژی هەموو ئەو کردەوە و سیاسەتە بوەستینەوە کە لە وڵاتدا بەڕێوە دەبرێن و هاوڵاتیەکانیشمان چاوەڕێی ئەم سیاسەتە دەکەن.”

راوێژکارێکی کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە کێشەی کورد و دیموکراسی لە تورکیا کردوو و گوتویەتی، ” دیموکراسی نەبێت هیچ شتێک چارەسەر ناکرێت. ئەگەر دیموکراسی لە هەموو دام و دەزگاکان بچەسپێندرێت، دەتوانین کێشەی کورد، کێشەی عەلەویەکان، کێشەی کرێکاران و کێشەی ئابوری چارەسەر بکەین. بەڵام ئەگەر دیموکراسی نەبێت، هەموو کێشەکان لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە و بگرە گەورەتر دەبن و وەک هەرەسی بەفر بەسەر کۆمەڵگادا دێن. بۆیەش رێگەی چارەسەری کێشەکان تەنیا دیموکراسییە.

راوێژکارە کوردەکەی کلچدارئۆغلۆ دۆخی ئێستای تورکیا بە زۆر خراپ وەسفدەکات و دەڵێت، پێویستە لەم دۆخە تێبگەین. لەم رۆژگارە قبوڵ ناکرێت، هیچ کەسێک بەهۆی رەگەز، نەتەوە، ئایین و مەزهەبیەوە گۆشەگیر بکرێت. پێویستە هەموو کەسێک لەم وڵاتەدا خۆی بە هاوڵاتیەکی یەکسان ببینێت، کەس دوورناخرێتەوە. ئەم وڵاتە گەورەترین و دەوڵەمەندترین وڵاتە کە نەک بەشی 80 ملیۆن کەس بەڵکو بەشی پێنج 80 ملیۆن کەس دەکات. بڕوامان وایە دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین. هیچ کێشەیەک نییە کە لە تورکیا چارەسەر نەکرێت.”

 

دیدی کلچدارئۆغڵۆ لە زاری راوێژکارەکەیەوە وایە کە هەدەپە پارتێکی یاسایی وڵاتە و هەموومان دەزانین کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە شێوەیەکی یاسایی دامەزراوە و پارتێکی یاساییە. پارتی چەپی سەوزیش بە هەمان شێوەیە یاساییە. هیچ جیاوازیەک لەنێوان ئەو پارتانەدا نییە کە بە شێوەیەکی یاسایی دامەزرێنراون. پێویستە لایەنەکان خۆیان لەوە بە دوور بگرن کە من دەتوانم لەگەڵیان کۆببنەوە و تۆ ناتوانیت لەگەڵیان کۆبیتەوە. هەموو کەسێک لەم وڵاتەدا، هاوڵاتیەکی رەسەنە و هەرچەندە بیروڕای جیاواز هەیە، بەڵام پێویستە ئەمە قبوڵ بکرێت.”

هەرچەندە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە ئێستاوە راوێژکارە کوردەکەی کلچدارئۆغڵۆ مژەی سەرکەوتن بۆ خۆیان رادەگەیەنێت و دەڵێت،

ئەنجامی هەڵبژاردن باش دەبێت و کلچدار ئۆغڵۆ دەبێتە سەرۆککۆمار و کورسیەکی زۆر لە پەرلەمان بەدەستدەهێنین و ئەوکاتە هیچ کێشەیەک نابێت کە چارەسەر نەکرێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button