یەكێتی بەفەرمی رایگەیاند، بەمنزیکانە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم چارەسەردەبێت

زووم:

یەكێتی بەفەرمی رایگەیاند، بەمنزیکانە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم چارەسەردەبێت، ئەم هەواڵە لە زارى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمەوە ئاشکراکرا.

ئەمڕۆ لە شارى هەولێر قوباد تاڵەبانى لەگەڵ مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى راگەیەنراوى کۆبوونەوەکە کە لە لایەن نوسینگەى جێگرى سەرۆکوەزیرانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانى گوتوویەتى: کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان زیانیان بە پێگەی هەرێم گەیاندووە، هەربۆیە ئەوان وەکو یەکێتی پێشتریش رایانگەیاندووە ئامادەن بۆ هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک.

دەشڵێت لە ئێستادا هەندێک هەوڵ هەیه بە ئاراستەی هێوربوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمى کوردستان و گەشبینن لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئاراستەی چارەسەری هەنگاو بنێن و بتوانن بەسەر بەشێکی زۆری کێشەکاندا زاڵ ببن.

لەبارەى پرسى هەڵبژاردنیش قوباد تاڵەبانى دەڵێت ئێمە وەک یەکێتی لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن بە زوویی بکرێت و هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیه هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەروەرانە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە هەڵبژاردن و دامەزراوەکان بەهێزتر ببێت.

جێگری سەرۆکوەزیرانى هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە لە ماوەی رابردوودا کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنەکان ئیجابی بووە و تەنها هەندێک خاڵی ناکۆک لەسەر پرسی کورسی کۆتاکان ماوە کە ئەوانیش قابیلی چارەسەر کردنن و گەشبینن لەماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.

جگە لە کۆبوونەوەکەى لەگەڵ جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم، هەر ئەمڕۆ باڵیۆزى بەریتانیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستایش کۆبووەوە. لەبارەى کۆبوونەوەکەوە مەسرور بارزانى دەڵێت، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا.

 

هەر ئەمڕۆ باڵیۆزى بەریتانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش کۆبووەوە، بەگوێرەى راگەیەنراوى سەرۆکایەتى هەرێم هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكييه‌ سياسييه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن له‌ كاتى دياريكراوى خۆيدا.

لە چوارچێوەى زنجیرە کۆبوونەوەکانیدا لە هەرێمى کوردستان مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانیش کۆبووەتەوە و بەگوێرەى راگەیەنراوى بارەگاى بارزانى بارودۆخى ناوخۆى هەرێم و پرسى هەڵبژاردن بەشێک بووە لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە و جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا.

بەگوێرەى راگەیەنراوەکان دەردەکەوێت لە کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆى باڵیۆزى بەریتانیادا لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتى و پارتى پرسى ئەنجامى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکان بووە. بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان جەختیانکردووەتەوە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەمساڵدا و لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا، بەڵام قوباد تاڵەبانى باسى لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆى نەکردووە و تەنها ئاماژەى بەوەداوە کە گەشبینن لە ماوەی نزیکی داهاتوودا ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.

هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە دەبوو مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو بەڕێوەبچێت وەکو نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم وادەکەى دیاریکردبوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتى پارتى  و یەکێتى، هەڵبژاردنەکە لەوادەى خۆى نەکراو بۆ ئەمساڵ دواخرا، سەرۆکى هەرێم بۆجارى دووەم وادەکەى دیاریکردو 18ى 11ى ئەمساڵى بۆ رۆژى هەڵبژاردن دەستنیشانکردووە.

ئێستایش بە نزیکەیی شەش مانگ بۆ رۆژى ئەنجامدانى هەڵبژاردن ماوە، بەڵام وەکو جێگرى سەرۆکوەزیران دەڵێت هێشتا خاڵى ناکۆک ماوە لەسەر کورسی کۆتاکان، لەلایەکى دیکەوە هێشتا کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسى هەرێم کارانەکراوەتەوە کە بڕیارە لایەنى جێبەجێکارى هەڵبژاردنەکە بێت، هەروەها تائێستا پەرلەمانى کوردستان یاساى هەڵبژاردنەکانى هەموارنەکردووەتەوە بەوپێیەى لایەنە سیاسییەکان رێککەوتوون ئەمجارە هەڵبژاردنەکە بە سیستمى فرەبازنەیی بکرێت، هەموو ئەمانەش ئاماژەن بۆئەوەى کە رەنگە قورس بێت هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا کە 18ى 11ى ئەمساڵە بکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button