شاندێکی ئەمریکی لەسەر خەتەو قوباد تاڵەبانیش دەڵێت، مەترسی بۆسەر پێگەی هەرێم دروستبووە

دووەم شاندی باڵای ئەمریکا لەگەڵ پارتی و یەکێتی و بەرپرسانی هەرێم هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەو دوو حزبە دەدات، بەڵام هێشتا روون نییە جموجوڵی ئەم شاندە و  ئەنجامەکەی وەک هەوڵی ئەو شاندەی دیکەی ئەمریکا دەبێت کە مەکگۆرک لە سەرەتای ئەم ساڵدا سەرۆکایەتی دەکرد.

یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، شەوى رابردوو لە هەولێر مایەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.

بەگوێرەى راگەیەندراوى نوسینگەى جێگرى سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانى گوتى، کێشە ناوخۆییەکان مەترسی بۆسەر پێگەی هەرێم دروستکردوە.

قوباد تاڵەبانى ئامادەیی خۆی بۆ هەموو دەستپێشخەرییەک راگەیاندوە، و گوتویەتی، پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش پێک بهێنین

قوباد تاڵەبانى دەڵێت دوای ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابوری و ململانێ و ناکۆکی سیاسی و حزبی ناپێویست، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە قۆناغێکی درێژی سەقامگیری و ئارامی هەیە.

جێگری سەرۆکوەزیران دەشڵێت، لەوە زیاتر عێراق و کوردستان بەرگەی ململانێی ناپێویستی حزبی ناگرێت.

ئەم پێشوازییەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەم  دەستپێشخەریە لەکاتێکدایە کە ناوەراستی مانگی رابردوو شاندێكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی قوباد تاڵەبانیانکرد و داوایانلێکرد بایکۆت بشکێنێ و بگەڕێتەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

ئێستاش کە دوو هەفتە زیاتر بەسەر ئەو کۆبوونەوەیەدا تێپەڕبووە هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ ئەوەی قوباد تاڵەبانی کۆتایی بە بایکۆتە شەش مانگیەکەی بهێنێت، بەڵکو ئاماژەکان بۆ ئەوەن بایکۆتەکە تەمەنی دەبێتە حەوت مانگ.

قوباد تاڵەبانى بە شاندە ئەمریکییەکەى گوتووە، پێویستە ئێمە بەخۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهۆی پێشێلکردنی ئازادییەکانەوە لەکەدار نەبێت.

شاندە ئەمریکیەکە پێش ئەوەی قوباد تاڵەبانی ببینن بەرپرسانی باڵای پارتی و حکومەتیان بینیوە.

باربارا ليف، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئەمریکا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوەڕاست، دوو رۆژە لە هەولێرە و ئەنجامدانى هەڵبژاردن و کێشە ناوخۆییەکانى هەرێم تەوەرى سەرەکی کۆبوونەوەکانیان بووە.

ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئەمریکا کە هەریەکە لە باڵيۆزى ئەمریکا لە عێراق كونسوڵى گشتی ئەمریکا له‌ هه‌رێمى كوردستان یاوەرین، دوێنێ، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، بەگوێرى راگەیەندراوى سەرۆکایەتى هەرێم، هەردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگی يه‌كڕيزی لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان.

دواتر شاندە باڵاکەى ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، مەسرور بارزانى رایگەیاند پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، هەروەها باسى چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و رێکەوتنى شنگالمان کرد.

یاریدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، سەردانى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانیشی کرد، بەگوێرەى راگەیەندراوى بارەگاى بارزانى، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى گفتوگۆى لەبارەوە کرا و جەخت لە جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button