پاش هەشت رۆژ مانەوەیان لە زیندان، شەرمین و ئارام بەکەفالەتى 10 ملیۆن دینار ئازادکران

زووم لە رێگەى سەرچاوەیەکى ئاسایش و لە هەمانکاتدا کەسوکاری شەرمین و ئارام بڕیاری ئازادکردنى هەردووکیانى پشتڕاستکردەوە و بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی زووم، شەرمین و ئارام گەڕاونەتەوە بۆ گەرمیان، لەبەرئەوەى دانیشتوى قەزاى کەلارن.

شەرمین عەلی و ئارام حەسەن سایەخان، فەرمانبەری وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستانن، شەرمین لە هەمانکاتدا رۆژنامەنووسە، ئارام سایەخانی هاوسەریشی پێشتر بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتى پەروێزخان بووە.

شێوازی دەستگیرکردنەکەیان، کە هێزێک چووە ماڵەکەیان و دەستگیرى کردن، کاردانەوەی زۆرى لێکەوتەوە.

هەربۆیە دوێنێ، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکى لەبارەى دەستگیرکردنیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوان بە مادەی 341ى  خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روونە و هیچ پەیوەندییەکى بە کاری رۆژنامەوانی و رێکخراوەیی و ئازادی رادەربڕینەوە نییە.

دواى چەند رۆژێک لە دەستگیرکردنیان چالاکانى مافى مرۆڤ هەوڵى گەیاندنى دۆسیەکەیان بە نوێنەرى وڵاتان دا، پێشتر پارێزەر بەشدار حەسەن، کە ئەمساڵ لە ئەمریکا خەڵاتی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا وەرگرت، بە زوومی گوت، لەبارەی دەستگیرکردنی شەرمین و ئارامەوە راپۆرتێکی بۆ نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و کەنەدا ناردووە، ئەو گوتی، ئەو لایەنانە وەڵامیان داوەتەوە و گوتوویانە کار لەسەر دۆسیەکە دەکەن.

شەرمین و ئارام رۆژى 26ى نیسان دەستگیرکران، بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم دادوەر بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازادى کردوون.

مادەى 341ى سزادانى عێراقى، کە شەرمین و ئارامى پێ دەستگیرکرا، سزاکەى بەمشێوەیە دیاری کراوە ئەگەر تۆمەتبارێک تۆمەتەکەى بەسەردا ساخ ببێتەوە، سزا دەدرێت بە بەندکردن لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن.

سزاکە بۆ ئەو فەرمانبەر و کارمەندانەیە کە بەهۆى هەڵەیەکى گەورەوە زیان بە دەوڵەت و بەرژەوەندى گشتى بگەیەنێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button