دەمیرتاش: هیچ گۆمانم نییە ئەردۆغان شکستدەهێنێت

سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: “دەنگدەرانی ئاکەپە دەزانن ئەردۆغان پیر بووە و هیلاکە و هیچ تێڕوانینێکی نییە” و گوتی: “هیچ گۆمانم نییە، ئەردۆغان شکستدەهێنێت.”

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی دێر شپیگڵی ئەڵمانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دا، کە بڕیارە 14ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.

دەمیرتاش دەڵێت رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە ساڵانی رابردوودا بەشێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی تاوانبارکردنی هەدەپەی داوە و “هەوڵیداوە دەسەڵاتێکی تاکەکەسی لە تورکیا بنات بنێت. ئەگەر جارێکی دیکە سەربکەوێت، تورکیا دەبێتە سیستمی دیکتاتۆری و بۆیەش ئەم هەڵبژاردنە لەنێوان دیکتاتۆری و دیموکراسیدا ئەنجام دەدرێت.”

دەمیرتاش لەبارەی دۆخی ئۆپۆزسیۆن گوتی: ئۆپۆزسیۆن لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەکاری کردووە. دوای 20 ساڵ یەکەمجارە کە هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە دەجووڵێنەوە. “ئەردۆغان ئەمجارە بێگۆمان شکستدەهێنێت و کۆتایی بە کارەکتەری سیاسی ئەردۆغان دەهێندرێت. هیچ گۆمانم لەمە نییە.”

کورد دەنگ بە ئەردۆغان نادات

سەلاحەدین دەمیرتاش بەبیریهێنایەوە کە هەدەپە بەهۆی مەترسی داخستنی، لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و دەڵێت: “گەلی کورد دەتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا رۆڵێکی گرنگ لە دیموکراسیدا ببینن. بەم شێوەیە بێگۆمان کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دادەنێن و گۆمانم نییە کە دەنگ بە ئەردۆغان نادەن.”

رۆژنامەی دێر شپیگڵ پرسیاری لە دەمیرتاش کردووە ئەگەر ئازاد بکرێت، ئایا دەگەڕێتەوە نێو سیاسەت، وڵامی دەمیرتاش بەم شێوەیە بووە “من تاوەکو ئیستاش لەنێو سیاسەتدام. هیچ کاتێک لە دەرەوەی سیاسەتدا نەبووم.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button