دەمیرتاش: کێشەى کورد دەبێت لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت

دەمیرتاش: ئەردۆغان لە 14ی ئایاردا توشى شکستێکی گەورە دەبێت

زووم، ئاژانسەکان:

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، پێویستە کێشەی کورد لە تورکیا لە رێگەی پەرلەمانەوە چارەسەر بکرێت. سەرەتا پێویستە کۆمسیۆنێک لە پەرلەمان پێکبهێندرێت، لایەنەکان پێشنیازەکانیان ئاراستەی کۆمسیۆنەکە دەکەن و بەگوێرەی ئەو نەخشەڕێیەی کە لە کۆمسیۆن دەردەچێت، هەنگاو دەنرێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەساڵی 2016ەوە لە زینداندایە، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی یەنی یاشامی تورکی ئەنجامدا و لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا و پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کرد کە بڕیارە 14ی ئایار بەڕێوە بچێت.
چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

هەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە، پێشبینی تورکیایەکی چۆن دەکەیت لەدوای هەڵبژاردنەکاندا؟
تورکیا لەدوای ساڵی 2015ەوە بەشێوەی “دیکتاتۆر”ـی بەڕێوەدەبرێت. لەو رۆژەوە هەموو ریفراندۆم و هەڵبژاردنەکان لەژێر فشار و زوڵم و بەشێوەیەکی نادادپەروەریانە ئەنجامدراون. دۆخی ئەم هەڵبژاردنەی بە هەمان شێوەیەیە، بەڵام ئەنجامەکەی وەک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر نابێت. چونکە یەکەم جارە ئۆپۆزسیۆن باڵادەستە و بای گۆڕانکاری کۆمەڵگەشی لە پشتە. ئەو رژێمە تاکەکەسیەی کە دەگوترا ناڕوخێت، ئەمڕۆ وردە وردە دەتوێتەوە و لە 14ی ئایاردا، شکستێکی گەورە دەخوات.

فاکتەرە گرنگەکانی ئەم هەڵبژاردنە چین؟

بەر لە هەموو شتێک ئەم هەڵبژاردنە یەکلایی دەکاتەوە کە ئایا دەتوانرێت دەوڵەتی حزبی و بە دامەزراوەبوونی دیکتاتۆری تێپەڕ بکرێت یان نە. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت و پارتی چەپی سەوز بەشێوەیەکی بەهێز لە پەرلەماندا جێی خۆی بگرێت، گفتوگۆی دیموکراسی خێراتر دەبێت و زۆر کێشەی تورکیا و بەتایبەتی کێشەی کورد دەبنە رۆژەڤ. ئەم هەڵبژاردنە لە 100مین ساڵی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا رێگە بۆ دیموکراسی دەکاتەوە. لەم رووەوە گرنگیەکی مێژوویی هەیە.
کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل بۆ پۆستی سەرۆکایەتی رایگەیاند کە کێشەی کورد لە پەرلەمان چارەسەر دەکات.

بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت، پێویستی بە هەنگاوی چۆن هەیە؟

پێشتر چەند رێگەیەک تاقیکرانەوە، بەڵام پێم وایە ئەم هەنگاوانە، فۆرمێکی گونجاوە بۆ چارەسەری. زۆر کار هەیە کە پێویستە ئەنجام بدرێت و زۆر هەنگاو هەیە کە پێویستە بنرێن. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە پێویستە لە پەرلەمان کۆمسیۆنێک پێک بهێندرێت. هەموو کەسێک پێشنیاز و پرۆژەی چارەسەری خۆی پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە دەکات. بەگوێرەی ئەو نەخشەڕێیەی کە لە کۆمسیۆن دەردەچێت، هەنگاو دەنرێت. تەنیا پێویستە ئیرادەی سیاسی، بڕیاری لەسەر چارەسەری بدات. ئەوەی دیکە لە چوارچێوەی گفتوگۆی دیموکراسی و ئازادیدا، شێوەی خۆی دەگرێت و بێگۆمان لە کەشێکی عەقڵانیدا ئاشتەواوی بەدەست دەهێندرێت.

ئەو ئەنجامەی کە پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بەدەست دەهێنن، کاریگەریەکی چۆنیان لەسەر قۆناغی داهاتوو دەبێت؟

پارتی چەپی سەوز و هاوپەیمانێتیەکەیان، ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لە پەرلەماندا دەگرنە ئەستۆ. هەر لایەنێک بێتە سەر دەسەڵات چاودێریەکی ورد دەکەن و رۆڵێکی گەورە لە چارەسەری کێشەکاندا دەبینن. بە ئەگەرێکی زۆر لە پرسی یاساکان و دەستوری بنەڕەتیدا، هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەبێتە هێزی کلیل. بۆیەش تەنیا کوردیەکی پەرلەمانیش گرنگی مێژوویی خۆی هەیە. ئێمەش ئامانجمانە بگەینە زۆرترین کورسی جێگیری پەرلەمان. ئامانجەکە 100 کورسیە کە بەهێز بین لە پەرلەماندا.

هەڵسەنگاندنەکانتان بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن چۆنە؟

ئەردۆغان و شوێنکەوتووانی، لەگەڵ ئەوەی هەموو هێزی دەوڵەت لە بانگەشەکانیاندا بەکار دەهێنن، بەڵام کاریگەریان نییە. ئەوەی کە سەرکەوتووە لە بانگەشەدا، ئۆپۆزسیۆنە کە جۆش و خڕۆش دروست دەکات. بەداخەوە من لە تەلەڤزیۆنەوە سەیری خەباتی پارتی چەپی سەوز دەکەم، بەڵام لە رێگەی پارێزەرەکانمەوە ئاگادارم کە پارتی چەپی سەوز لە چوار هەرێمی تورکیا بە سەروگیانیان و فیداکاریەکی زۆرەوە کار دەکەن. پێویستە گەنجان و ژیان، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەرکێکی زیاتر بخەنە سەر شانیان، ئیدی لە حەفتەی کۆتایی نزیک دەبینەوە. پێویستە ئیدی هەموو کەسێک بەشداری لە کاروخەباتی پارتی چەپی سەوز بکات و ئەرکی چاودێریکردنی سندوقەکان لە ئەستۆ بگرن.

 بانگەوازیتان بۆ گەلانی تورکیا و کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن چییە؟

ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی جیهان نییە، بەڵام هەلێکی گەورەیە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و دیموکراسی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، بێکاری. دەبێت هەموو کەسێک بە هەستێکی تەواو بەرپرسیاری، بەشداری لە کاروباری هەڵبژاردندا بکات و بزانێت کە تەنیا دەنگدان بەس نییە. بڕوام وایە ئێمە و گەلەکەمان مۆری خۆمان لەژێر سەرکەوتنێکی گەورە دەدەن. بەم بۆنەیەوە هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو

هەواڵی زیاتر

Back to top button