کوشتن زیاد بووە و وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت: دەمانچە مەبەخشنەوە

حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدان، هەڕەشە و کوشتن لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. هەندێکجار تۆمەتبار دەدۆزرێتەوە و دەستگیردەکرێت، هەندێجاری دیکەش دەربازیان دەبێت.

بەشێک لەو تاوانانە لە رێگەی چەکەوە ئەنجامدەدرێن، کە دیسانەوە بەشێکیان بێ مۆڵەتن و بەشێکی دیکەشیان مۆڵەتیان هەیە، بەڵام بۆ کاری شەخسی بەکاردەهێنرێن.

بوونی چەکی بۆ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو کێشانەی حکومەتی هەرێم تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بنەبڕی بکات، لەگەڵ هەر هەڵکشانێکی رووداوەکانی کوشتندا لایەنی پەیوەندیدار دێنەوە قسە و داوای سنوردارکردنی چەکهەڵگرتن دەکەن. بەڵام ئەمجارەیان حکومەتی هەرێم جیاواز لە جارەکانی دیکە داواکارییەکانی ئاڕاستەی حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات.

هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی ئەم چەند رۆژەی دواییدا، وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و پێنج داواکاریی خستووەتە بەردەم حزب و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی دان بەوەدا بنێت ئەوانەی چەک هەڵدەگرن و تاوانی پێدەکەن سەر بە حزب و لایەنە سیاسییەکان بن.

وەزارەتی ناوخۆ لە خاڵی یەکەمدا داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات بەشداریی لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و ئەندامەکانیاندا بکەن، تاوەکو لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت چەک لە ماڵەوە دانەنێن و چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرن.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، گونجاو نییە چەک لە ماڵاندا بوونی هەبێت، مەگەر لە کاتی زۆر پێویستدا نەبێت.

لە خاڵی دووەمدا وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت پێمان باشە حزب و لایەنە سیاسییەکان ئەندام و لایەنگرانیان ئاگاداربکەنەوە کە ئەوانەی چەکیان هەیە بەگوێرەی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان خۆیان بگونجێنن.

وەزارەتی ناوخۆ لە خاڵی سێیەمدا داوا لە حزبەکان دەکات میدیاکانیان بخەنە خزمەتی پرۆسەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ناتوندوتیژییەوە، تاوەکو هانی هاوڵاتیان بدەن ناکۆکییەکانیان لە رێگەی دادگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە چارەسەر بکەن و پەنا بۆ چەک و توندوتیژی نەبەن.

یەکێک لەو دیاردانەی ساڵانێکی زۆرە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و حزب و بەرپرسانی باڵای لەپشتەوەیە، بریتییە لە دابەشکردنی چەک و دەمانچە لە بۆنە جیاوازەکاندا، ئەو بەرپرسانە بەتایبەتی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژارداندا دەمانچە و چەکی جۆراوجۆر وەکو دیاریی دەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان.

لەوبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆ لە خاڵی چوارەمی راگەیەنراوەکەیدا، داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکان دەکات، کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنن و چیتر چەک و دەمانچە و کڵاشینکۆف لە هیچ بۆنەیەکدا نەبەخشنە ئەندام و لایەنگرانیان.

خاڵی پێنجەمی داواکارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پەیوەندیی بە چەکهەڵگرتنی پاسەوانی حزب و لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە، وەزارەتی ناوخۆ داوادەکات لە پێناو کەمکردنەوەی دەرفەتی تاواندا حزبە سیاسییەکان کۆگای هەڵگرتنی چەک لە بارەگاکانیاندا دروستبکەن، تاوەکو پاسەوانەکان تەنها لەکاتی ئەرکدا چەکیان پێ بێت و لەگەڵ خۆیاندا نەیبەنە ماڵەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button