دەیان هەزار هەژماری تویتەر “سەحی شین” و پشتڕاستکردنەوەیان لێسەندرایەوە

زووم:

لەدوای کڕینی تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە بەبەهای 44 ملیار دۆلار، چەندین بڕیاری جۆراوجۆری دەرکرد و هەزاران  کارمەندیشی بە هۆکاری جیاواز لە کارەکەیان دوورخستەوە.

یەکێک لەو بڕیارانەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، وەرگرتنی سەحە شینەکەیە، کە لە رابردوودا دەدرا بە کەناڵەکانی راگەیاندن و کەسایەتی و رۆژنامەنوسە ناودارەکان، وەک هێمایەکی پشتراستکردنەوە تا خەڵک هەژمارە دروست و ساختەکانی بە ئاسانیی بۆ لەیەک جیابکرایاتەوە.

مەسک بڕیاری دا ئەو خزمەتگوزارییە بکاتە پارە، وە بە بەشداریکردنی مانگانەی هەشت دۆلار بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی تویتەری کاراکرد.

لە دوای ئەو بڕیارەش، رێکەوتی 19ی نیسانی 2023ی وەک دوا مۆڵەت دیاریکرد بۆ ئەو ئەکاونتانەی کە لە رابردوودا خاوەنی سەحی شین بوون کە پێویستە بڕێک پارە بدەن تا بەردەوام بن لە بەکارهێنانی سەحە شینەکە ، بەپێچەوانەشەوە لێیان وەردەگیرێتەوەو ناتوانن بێبەرامبەر بەکاریبهێنن.

لەکۆتاییدا تویتەر بڕیارەکەی جێبەجێکرد و لەسەر ئاستی جیهان دەیان هەزار ئەکاونت سەحە شینەکەیان لێسەندرایەوە کە زۆرینەی ناسراون و کەسایەتی سیاسی و دەزگای میدیایی و رۆژنامەنووسی ناودارن.

هەروەها لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و چەند دەزگایەکی راگەیاندن، لە سەحە شینەکە بێبەش بوون و بەهۆکاری نەدانی پارە لێیان وەرگیراوەتەوە، کە لەناویاندا هەریەک لە ئەکاونتەکانی، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و چەندین کەسایەتی دیکەی تێدایە.

لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی خاوەنی تویتەر، بە هەزاران ئەکاونت بڕیاریانداوە تویتەر جێبهێڵن و رووبکەنە توڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و هەڵمەتی سڕینەوەی ئەکاونتەکانیان دەستپێکردووە تا پەیامێک بدەنە ئیلۆن مەسک و ئاگاداری بکەنەوە لەو بڕیارانەی دەیدات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button