کەمکردنەوەی باج شوێن بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لێژدەکات

 

کەمکردنەوەی باج، دروشمی بانگەشەکەی بوو، هەر کە دەسەڵاتیشی گرتەدەست پلانەکەی جێبەجێکرد.

لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بەر لە چەند رۆژێک بڕیارە قورسەکەی دا و 45٪ی باجی کەمکردەوە.

میدیاکانی بەریتانیا بڕیارەکە واوێنا دەکەن، کە گورزێکی “کوشندە” لە ئابوری وڵاتەکەیان دەدات و دەیخاتە ژێر سەدان ملیار پاوەند قەرزەوە.

لەدوای بڕیارەکەی ترەس، بەهای پاوەند بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەک دابەزی کە لە 37 ساڵی رابردوودا بەوە شێوەیە نەبووە.

ترەس، کە مانگێکە لەسەر کورسی دەسەڵاتە، بە کەمکردنەوەی باج خۆی خستە بەرەی گەلەکەی، بەڵام ئەنجامەکەی خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت حکومەتی بەریتانیا قەرزی ناوخۆی لە بازرگانەکان بکات و لەبەرامبەردا سوویان پێبدات.

کەمکردنەوەی باج، داهاتی وڵاتەکە کەم دەکاتەوە و روبەڕووی مەترسی قەیرانی ئابوری سەختی دەکاتەوە.

جەیمس کارتلیدج، پەرلەمانتاری بەریتانیا بە رۆژنامەی گاردیانی گوتووە، “کەمکردنەوەی باج لە سودی ئەو کەسانەیە کە داهاتی ساڵانەیان بەرزە”.

گاڤین باروێڵ، پەرلەمانتاری پێشووی پارێزگاران، واتە پارتەکەی ترەس، بە گاردیانی گوتووە، حکومەتی ترەس لە یەکەم مانگی دەستبەکاربوونیدا “ناوبانگی پارتەکەی وەلاناوە” ئەو دەڵێت، چاککردنەوەی زیانەکان چەندین ساڵی پێویستە.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران داوایان لە ترەس کردووە بەپەلە دەستلەکاربکێشێتەوە.

بەگوێرەی راپرسییەکی ئاژانسی توێژینەوەی ئۆپینیەم لە 75%ی بەشداربوان پێیانوایە پارتی پارێزگاران ناتوانێت کۆنترۆڵی ئابوری بەریتانیا بکات، بەشداربوانی راپرسیەکە لە 71٪یان ئەوکەسانە بوون کە پێشتر دەنگیان بە پارتی پارێزگاران داوە.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان، تاوەکو ئێستا ترەس هیچ ئاماژەیەکی واینیشان نەداوە کە لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە.

تیری رەخنەکان روو لە ترەسە و ئەویش رێکخستنەوەی ئابوری وەک قاڵغان بەکاردەهێنیت و روو لە خەڵکی دەکات و پێیان دەڵێت، بەرەو داهاتوویەکی باشتر دەتانبەم.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button