دەمیرتاش: ئەردۆغان دەکەوێت

"ئەردۆغان بیزانیبایە کورد دەنگى پێدەدا لەبەردەم باڵەخانەى هەدەپە خێمەى هەڵدەدا"

سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەگەر بزانێت دەنگی هاوڵاتیانی کورد بەدەست دەهێنێت، لەبەردەم باڵەخانەی سەرەکی هەدەپە خێمەی هەڵدەدا و لەوێ دەخەوت و هەڵدەستا، بەڵام ئیستا “ئەردۆغان هاوشێوەی پشیلەیەکی لێهاتووە کە دەستی بە جگەر ناگات و دەڵێت جگەرێکی پیسە”.

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە ساڵی 2016ەوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە زیندانیکراوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی بی بی سی، ئاماژەی بە دۆخی تورکیا و پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کرد کە بڕیارە 14ی مانگی ئایار ئەنجام بدرێت.

چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

بی بی سی/ ئەو پرسانەی کە کاریگەریان لەسەر هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار هەیە کامانەن؟ کێ لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەوێت؟

دەمیرتاش/ پرسی ئابوری و دیموکراسی کاریگەریان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە هەیە. بەملیۆنان کەس کە بوونەتە قوربانی دەستی ئابوری رووخاوەکەی ئەردۆغان و روبەڕوی هەژاری، نادادپەروەری و فشار بوونەتەوە، ئەنجامی هەڵبژاردن دیاری دەکەن. بێگۆمان، چەوسێنراوەکان سەردەکەون، ئەردۆغانیش بە شکستێکی مێژوویی، لە گۆڕەپانی سیاسەتدا دەسڕدرێتەوە. پێشبینی من بەم شێوەیەیە.

بی بی سی/ پشتگیریکردنتان لە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل و دیارینەکردنی کاندیدی سەرۆکایەتی لەلایەن پارتی چەپی سەوزەوە، لەلایەن سەرۆککۆمار ئەردۆغان و هاوپەیمانی کۆمارەوە روبەڕوی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە. ئەو هەڵوێستە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دەمیرتاش: دیارینەکردنی کاندید لەلایەن پارتەکەمانەوە، مۆتەکەی ئەردۆغان بوو، لەبەرئەو راستیە، بەڕێز کلچدارئۆغلۆ لە رێگەی پارتەکەمانەوە ناشرین دەکات. هەمان تاکتیکی لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانیشدا بەکارهێنا، بەڵام ئەنجامەکەی پێچەوانە بووەوە. لەبەرئەوەی گەل ئیدی بە دڕۆ و هەوڵی رەشکردن هەڵناخەڵەتێت.

ئەردۆغان ئەگەر بزانێت دەنگی هاوڵاتیانی کورد بەدەست دەهێنێت، لەبەردەم باڵەخانەی سەرەکی هەدەپە خێمەی هەڵدەدا و لەوێ دەخەوت و هەڵدەستا، بەڵام ئیستا ئەردۆغان هاوشێوەی پشیلەیەکی لێهاتووە کە دەستی بە جگەر ناگات و دەڵێت جگەرێکی پیسە.

بی بی سی/ کلچدارئۆغلۆ لەسەردانەکەیدا بۆ لای هەدەپە رایگەیاند، ناونیشانی چارەسەری پرسی کورد پەرلەمانە. چاوەڕوانیتان بۆ ئەم پرسە و پیشنیازەکانتان چییە؟

دەمیرتاش/ ئەگەر پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا و بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا دەست بە کار بکات لەم پرسەدا، هەموو لایەنەکان لەوێ بۆچوونی خۆیان دەرببڕن، بێگۆمان سازشێک دروست دەبێت. گرنگ ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان، بە نیازی چارەسەریەوە لە پرسەکە نزیک ببنەوە. لە پرۆسەیەکی بەو شێوەیەدا، پێشنیازەکانمان دەخەینەڕوو و دانوستانێکی روون و ئاشکرا لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەین و دەگەینە رایەکی هاوبەش.

بی بی سی/ ئەردۆغان لە 12ی نیساندا بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا کرد و گوتی، ” ئایا ئەو کەسەی لە ئامەد 51 ڕۆڵەی ئێمەی بە کوشتندا، سەلۆ نەبوو؟ باشەی ئەو 51 ڕۆڵەیەمان، برا کوردەکانمان نەبوون و ڕۆڵەی ئێمە نەبوون؟ خۆی سەلۆ کورد نییە، زازایە. لەم بارەیەوە بۆچوونی ئێوە چییە؟

دمیرتاش: هەوڵ دەدات، سەرنجی گەل بۆ من، خاوەنداریکردن لە من، خۆشەویستی نێوان گەل و من لەناوببات. بەڵام بەردەوام “بە درۆ و بوختان و رەگەزپەرستی قسەی بێمانا دەکات. گۆمانم نییە کە خۆشی نازانێت چی گوتووە و بۆچی ئەو قسانەی کردووە”.

بی بی سی/ دەگوترێت کە بەهۆی خۆکاندیدکردنی موحەڕەم ئینجەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەمەوە، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

دەمیرتاش: بە بۆچوونی من دەنگدەران لە یەکەم خولی هەڵبژاردندا بەشیوەیەکی ژیرانە کۆتایی بە پیشبڕکێیە دەهێنن. بەڵام ئەگەر دەنگدەری وەها هەبن کە بە حسابی هەرزان، بیانەوێت هەڵبژاردن ببنە قۆناغی دووەم، پێشنیازی من ئەوەیە کە راستەوخۆ دەنگ بە ئەردۆغان بدەن. لەبەرئەوەی ئەگەر بە شێوەیەکی بیرکاریانە سەیری هەڵبژاردن بکەین، هیچ جیاوازیەک نییە کە دەنگ بە موحەڕەم ئینجە بدەیت یان بە ئەردۆغان. لەبەرئەوەی هیچ گەرەنتیەک نییە کە ئەگەر هەڵبژاردنەکان بکەوێتە خولی دووەمەوە ئەردۆغان سەرنەکەوێت.

بەو هۆیەوە دەتوانم زۆر بە ئاشکرایی بە دەنگدەرانی موحەرەم ئینجە بڵێم: ئەگەر ئامادەن پێنج ساڵی دیکە لەگەڵ ئەردۆغان بژین، دەتوانن وەها بکەن کە هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دووەمەوە. ئێمە کێشەمان نییە!

بی بی سی/ ئەردۆغان لە بەیاننامەی هەڵبژاردندا دەڵێت، ‘ ئامانجمان ئاستێکی بەرزی دیموکراسیە’. باسی پێوەری نوێ بۆ داخستنی پارتە سیاسیەکان و ئازادی رادەربڕین دەکات. ئایا ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەکات؟

دەمیرتاش/ دیموکراسی لە ئەردۆغانەوە بەدەست ناهێندرێت. هەرچی بەڵێنێک بدات، بەتاڵە، هەڵخەڵەتاندن و فێڵە. ئەگەر ئەردۆغان جارێکی دیکە سەربکەوێت، دیکتاتۆری تێپەڕ دەکات، بەم ئەندازەیە روون و ئاشکرایە.

بی بی سی/ کاتێک سەیری دۆخی سیاسی دەکەیت، پێت واتە ئازادی نزیکە یان بێئۆمێدی؟

دەمیرتاش/ من هەموو کاتێک هیوام هەیە، لەبەرئەوەی تێدەکۆشم، بەرخۆدان دەکەم. لەبەرئەوەی لە دەرەوە بە ملیۆنان کەس بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەن.

بی بی سی/ رەخنەیان لە لیژنەی دادگا گرت کە لە دۆسیەی کۆبانێدا بە فەرمانی دەسەلات دەجووڵێتەوە. لەم دۆسیەیەدا چاوەڕێی ئەنجامێکی چۆن دەکەیت؟

دەمیرتاش/ داوا دەکرێت سزایەکی قورسمان بەسەردا بسەپێندرێت. ناتوانین لە دادگایەک کە لەژیر فەرمانی ئەردۆغاندایە، چاوەڕێی دادپەروەری بکەین، بەڵام گۆمانمان نییە کە دوای ئەردۆغان هەموو ئەو دادوەر و داواکارانە دادگایی دەکرێن کە تاوانیان ئەنجامداوە، لەم پێناوەشدا تێکۆشانی سیاسیمان بۆ چەسپاندنی یاسا بەردەوام دەبێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button