رۆژنامەی فەرمیی تورکیا: لەمەودوا سلێمانی وەکو قەندیل تەماشادەکرێت

زووم:

رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی، کە رۆژنامەی ئاکپارتی دەسەڵاتدارە، دەڵێت لەمەودوا ئەنقەرە بە چاوی قەندیل، مەخمور و شەنگالەوە تەماشای سلێمانی دەکات “تورکیا پێیوایە سلێمانیش بووەتە یەکێک لەو ناوچانەی کە پەکەکە و یەپەگە کۆنتڕۆڵیان کردووە”.

بە گوێرەی حوڕییەت، رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی مانگی رابردوو وایکردووە شاری سلێمانی ببێتە رۆژەڤی ناوەندە ئەمنی و هەواڵگری و دیبلۆماسییەکانی تورکیا و لەمەودوا تورکیا وەکو پرسێکی هەستیار تەماشای ئەو شارە دەکات.

حوڕییەت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیویەتی “زیادبوونی جموجوڵەکانی پەکەکە/ یەپەگە لە سلێمانی بووە هۆی ئەوەی تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی فڕۆکەخانەی شارەکەدا دابخات”.

رۆژنامەکەی ئاکپارتی ئاماژەی بە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا “میت” و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوە و نووسیویەتی، قوباد تاڵەبانی بانگێشتی تورکیا کراوە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی پێ بگەیەنرێت.

حوڕییەت ئاماژەی بە دوایین لێدوانەکانی مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش داوە، کە گوتبووی سلێمانی کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بۆ حوڕییەت، ماوەیەکی زۆرە ئەنقەرە چاودێریی جموجوڵەکانی پەکەکە دەکات لە سلێمانی، ئەمەش دوای رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێک لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە نۆ شەڕڤانی رۆژئاڤا گیانیان لەدەستدا. سەرچاوەکە ئەم رووداوەی وەکو بەڵگەیەک خستووەتەڕوو لەبارەی بوونی پەیوەندیی لەنێوان یەکێتی و پەکەکە.

“لە دوای رووداوی هەلیکۆپتەرەکە، ئیدی لە چاوی ئەنقەرەوە، شاری سلێمانیش، هاوشێوەی مەخمور، قەندیل و شەنگال، لە لیستی ئەو ناوچانەدایە کە پەکەکە / یەپەگە کۆنتڕۆڵی کردوون” حوڕییەتی رۆژنامەی ئاکپاتی وای نووسیوە.

رۆژنامەکە، ئاماژەی بەوەداوە راگرتنی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا گورزێکی گەورە بووە بۆ سلێمانی، جێگری سەرۆکوەزیران کاتێک چووەتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆکی دەزگا میت کۆبووەتەوە، مەرجی ئەوەیان خستووەتە بەردەم کە پێویستە کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بهێنن تاوەکو ئاسمانی وڵاتەکەیان بە روودا بکەنەوە.

حوڕییەت، نووسیویەتی ماوەیەکی زۆرە پەکەکە و یەپەگە “سلێمانی” وەکو رێڕەوێک بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە رۆژئاڤا “لە سلێمانی پێداویستی لۆجیستی بەدەست دەهێنن و مەشق و راهێنان دەکەن، لەو رێگەیەوە چەک، پێداویستی سەربازی، هێلەک، گوللە و پێداویستیەکانی دیکە دەگوازنەوە.. واتە سلێمانی بە تەنها ناوەندێکی پەیوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بووەتە ناوەندێکی تایبەتی پەیوەندیی پەکەکە و یەپەگە”.

یەکێتی بۆ پشتگیریی لە پەکەکە دەکات؟

رۆژنامەی حوڕییەت ئاماژەی بەوەداوە، هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکە مێژوویەکی درێژ و هۆکاری ئاڵۆزی هەیە.

رۆژنامەکەی ئاکپارتی باس لە کێبڕکێیەکی نێو یەکێتی دەکات بۆ بەدەستهێنانی هێز لەنێوان “بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی” کوڕەکانی مام جەلال لەلایەک و هەروەها لاهور شێخ جەنگی لەلایەکی دیکە “ئەوان هەریەکەیان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیریی پەکەکە دەدەن”.

حوڕییەت دەڵێت، ئەگەرچی لاهور شێخ جەنگی تاوەکو رادەیەک لە چالاکىیی خراوە، بەڵام هێشتا لەنێو هاوکێشەکانی حزبەکەدا “خاوەن پێگەیەکی گرنگە”.

پاش راگرتنی گەشتەکانی تورکیا و سسلێمانی، بافڵ تاڵەبانی یەکێک بوو لەو کەسانەی کاردانەوەی هەبوو “ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێریی بافڵ تاڵەبانی دەکات، ئەو نزیکییەکی زۆری لەگەڵ یەپەگە هەیە، جلی سەربازیی ئەوان دەپۆشێت، نیشانەکانی یەپەگە بە جلەکانیەوە دەکات، خۆی لە وێنەگرتن لەگەڵ مەزڵوم عەبدی ناپارێزێت”.

حوڕییەت ئاماژەی بە هۆکارێکی دیکە داوە، کە وادەکات یەکێتی لە پەکەکە نزیکببێتەوە، ئەویش بریتییە لە رکابەریی نێوان یەکێتی و پارتی. حوڕییەت نووسیویەتی “هەر کاتێک پارتی بەهێز دەبێت، یەکێتی زیاتر لە پەکەکە نزیک دەبێتەوە”.

هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی نەوت ناکۆکن “سلێمانی دەڵێت، هەولێر بەشێکی زۆری داهاتی نەوت بۆ خۆی دەبات”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button