سودانی بەشێك لە وەزیرەكانی كابینەكەی دەگۆڕێت

محمد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەنیازە چەند وەزیرێكی كابینەی حكومەتەكەی بگۆڕێت، كە پێشتر بۆ ماوەی شەش مانگ مۆڵەتی پێدابوون، تاوەكو كارەكانیان بەباشی ڕاپەڕێنن و پابەندی بەرنامەی حكومەتەكەی ببن، بەڵام گۆڕانكارییەكان ڕەهەندی سیاسی خۆیان هەیە.

سودانی لە 6ی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، مۆڵەتی 6 مانگی بە وەزیر و بریكاری وەزارەتەكان و پارێزگار و ڕاوێژكارەكان دا، كە پابەندی بەرنامەی حكومی بن و هەڵسەنگاندن بۆ كاركردنیان دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی بۆ ئادای كاركردنیان پێكهێنا، هەروەها دووپاتی كردەوە، كە  هەر كەسێك كەموكورتی لە كاركردنیدا هەبێت، ئەوا دەگۆڕدرێت.

سودانی مۆڵەتی 6 مانگی بە وەزیر و بریكاری وەزارەتەكان و پارێزگار و ڕاوێژكارەكان دابوو

وائیل روكابی، لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەم گۆڕانكارییانە دەڵێت:” ئەو گۆڕانكارییە وزارییانەی كە سودانی پێیهەڵدەستێت، پەیامێكە بۆ هەموو وەزیرەكان كە پێویستە بەباشی كارەكانی خۆیان ڕاپەڕێنن”، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  كە رۆژی پێنج شەممە بۆی ڕێكخرابوو، دووپاتی كردەوە، كە” گۆڕانكارییە مكوڕی حكومەتی ئێستا دەسەلمێنێت”.

لەلایەكی دیكەوە، جاسم محمدجەعفەر لە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا،ئاشكرای كرد، كە ” محمد سودانی دواین چانس بە شەش وەزیر دەدات، پێش ئەوەی بیانگۆڕێت”.

دەشڵێت:”زانیارییەكان ئەوە پشت ڕاست دەكەنەوە، كە شەش وەزیری لە كابینەی حكومەتی ئێستا دەگۆڕدرێن،بەو پێیەی دەركەوتووە كە لە كاركردنیان و جێبەجێ كردنی بەڵێنەكانیان لاوازن”، بەبێ ئەوەی ناوی وەزیرەكان ئاشكرا بكات.

بەپێی دەستوری عێراق،سەرۆك وەزیران دەتوانێت گۆڕانكاری لەكابینەكەی بكات، بەو مەرجەی لە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان دەنگی نیوە زائیدی یەك بهێنێت.

هەر لەسەر گۆڕانكارییە حكومییەكان، بەرپرسێكی حكومی بە رۆژنامەی ” العربی الجدید”ی وتووە، كە” لە هەڵسەنگاندنەكاندا دەردەكەوێت كە ژمارەیەك لە وەزیرەكان كاركردنیان وەك پێویست نیە”، دووپاتیشی دەكاتەوە كە” هەر گۆڕانكارییەك دەبێت بە لێكتێگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بێت، كە ئەو وەزیرەیان كاندید كردووە، بۆ ئەوەی كەسێكی دیكە لە جێگای دەستنیشان بكەن، بەڵام هێشتا سەرۆك وەزیران ئەو هەنگاوەی نەناوە”.

هەرچی پەیوەست بە ناوی وەزیرەكان، كە ئەگەری گۆڕانكارییان هەیە، غانم ئەلعابید، راوێژكاری دامەزراوەی (روئا) بۆ توێژینەوە دەڵێت:” سەرۆك وەزیران 6 بۆ 10 وەزیر دەگۆڕێت، كە چوارییان برییتن لە وەزیرەكانی خوێندنی باڵا، نەوت، گواستنەوە، لەوەیە وەزارەتی كشتوكاڵیش بگرێتەوە”.

دەشڵێت:” دۆخی عێراق فشۆڵە، كاریگەری ململانێی دەرەكییەكانی وەك ئەمریكا و ئێران، ئێران و ئیسرائیلی لەسەرە”.

لای خۆشیەوە، بلشان تەمیمی چاودێری سیاسی پێی وایە، گۆڕانكارییەكان هەر وا ئاسان نیە، لەو بارەیەوە دەڵێت:” گۆڕانكارییە وەزارییەكان هەروا ئاسان نیە، بەڵكو هاوكێشەیەكی ئاڵۆزە، بەتایبەت كە حكومەت بە پشك پشكێنە و تەوافوق پێكهێنراوە،ئەمە جگە لەوەی پێویستە ڕەزامەندی پەرلەمانتاران بۆ گۆڕانكارییەكان وەربگیرێت، هەروەها جارێكی دیكەش پەرلەمان ڕازی بكرێت، دەنگ بە كاندیدە نوێیەكان بدەن”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button