لەبارەى هێرشەکەى فڕۆکەخانەى سلێمانییەوە.. ئەلمۆنیتەر یەکێتى و عەرەب پارتى تۆمەتباردەکات

زووم:

زوومى میدیا جیهانییەکان لەسەر هێرشەکەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی سلێمانى بەردەوامە و ماڵپەرى ئەلمۆنیتەری ئەمریكی لە تازەترین راپۆرتدا لە زاری سەرچاوەیەکی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت “لەنێو هێزەکانی دژەتیرۆری یەكێتی CTG ەوە زانیاری لەبارەی شوێنی مەزڵوم عەبدی بە توركیا دراوە”.

هەرچەندە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی وەڵامی ئەم تۆمەتبارکردنەی نەداوەتەوە، بەڵام شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامى دەستەى کارگێڕیی مەکتەبى سیاسى یەکێتى، لە وەڵامى پرسیارێکى زوومدا گوتى “هیچ قسەیەک لەسەر هەواڵەکەی ئەلمۆنیتەر ناکەم و ئەوە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەوە هەیە”.

هاوکات وەک وەڵامێک بۆ تۆمەتبارکردنی هێزەکانی دژەتیرۆ (CTG) میدیایی نزیک لە یەکێتی، هەواڵێکی رۆژنامەی عەرەبی لەندەنییان بڵاوکردوەتەوە کە لە ژمارەى ئەمڕۆدا بە مانشێتى سەرەکى نوسیویانە “بۆردومانەکەى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەکى ئەمنى قوڵ لە نێوان ئەنقەرە و هەولێردا”.

ھەر دەربارەی تۆمەتبارکردنی دژەتیرۆر مەزڵوم عەبدی دیمەنی ئۆپراسیۆنێکی دژەتیرۆری رۆژئاڤا و دژەتیرۆری یەکێتی بڵاوکردوەتەوە دەڵێت، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دژەتیرۆر CTG دەكرێت بۆ شاردنەوە و چەواشەكردنی راستییەكانن

ئەمە لە کاتێکدایە چەند کاتژمێرێک دوای رووداوەکە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی “بەبێ ناوهێنان” لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست.

بافڵ تاڵەبانی جەختى زیاتر لەسەر ئەم پەیامەی دەکاتەوە و رۆژێک دواتریش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنە ئەمنییەکەی عێراق جارێکی دیکە رایگەیاندەوە، هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانەبن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button