بەرهەم ساڵح: دۆخی عێراق تێكچووه‌ نه‌ فیدراڵییه‌ نه‌ كۆنفیدراڵی و نه‌ مه‌ركه‌زیی

بەرهەم ساڵح گوتارێکى بە ناونیشانى “بەرەو گرێبەستێکی نوێی نیشتمانی: یەکلاییکردنەوەی مێژوویی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا کە عێراق دەخاتە سەر رێگای راست” لە رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى بڵاوکردووەتەوە، ئەمەى خوارەوە بەشێکى ناوەرۆکەکەیەتى:

▪️سیستەمی نوێی عێراق لەسەر ترس بنیاتنراوە، ترس لەو ناسەقامگیریانەی دەوڵەتی عێراقی بینیویەتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، وەک دەستێوەردانی سەربازی و کودەتا و دەستوری کاتی، کارەسات و جەنگەکان و ئەنفال و گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هەڵەبجە و وشککردنی ئەهوارەکان و تیرۆر تاوەکو گرژیە تائیفی و نەتەوەییەکان.

▪️ گەندەڵی بووەتە کێشەیەکی راستەقینە کە بە رێگا تەقلیدیەکان چارەسەر ناکرێن، بایکۆتی 50%ى دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنەکان بابەتێکی جدیە نابێت وەک روداوێکی ئاسایی ببینرێت.

▪️نە شیعە، نە سوننە و کورد نە پێکهاتەکانی دیکەش لەم دۆخە رازینین و بەردەوامی دۆخەکەیان پێمەحاڵە.

▪️لە سەرووی کارەکان پێویستمان بە هەمواری دەستورە بەپێی رێکارە یاسایی و دەستوریەکان کە لێکتێگەیشتنی نیشتیمانی بەدیبهێنێت. دەستور لەسەر بنەمای ترس لە ئەزموونەکانی رابردوو نوسراوە، شیعەکان لە رابردوو دەترسن، کوردەکان لە رابردوو و داهاتووش دەترسن، سونەکان غائیبن سەرەرای ئەو بەڵێنانەی پێیان درابوو بۆ دەستکاری دەستور، تورکمان و مەسیحی و ئێزیدیەکان و ئەوانی دی رازینین.

▪️هەندێک بەندی دەستور لێکدانەوە هەڵدەگرن، هەندێکی دیکەیان دژیەکن، چیتر ناتوانرێت جێبەجێ بکرێن، دەستور بووەتە بەربەست لەبەردەم دامەزراندنی حوکمی رەشید.

▪️کێشەی پەیوەندی کورد و حکومەتی ناوەندی بەغداد لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیەوە بوونی هەیەو ئاڵنگاریەکی گەورەیە، عێراق نەیتوانیوە کورد لە پرۆژەیەکی رووندا جێبکاتەوە، کە رێز لە تایبەتمەندییەکانی بگرێت و لە چوارچێوەی یەک نیشتیماندا بیپارێزێت.

▪️لە 2003 هەل رەخسا بۆ بۆ دروستکردنی رۆشنبیریەکی نوێ لەنێوان هەردوو لایەن و بنیانتانەوەی پەیوەندییەکەیان، بەڵام بەرژەوەندیە تەسکەکانی شیعە و کورد و سوننە رێگر بوو لە لەدایکبوونی ئەم مۆدێلە، هەرچەندە بەپێی دەستور دەوڵەت فیدراڵیە، بەڵام رێوشوێنە یاسایی و ئیداریەکان زۆر ناروونە، دۆخەکە تێکچووە نە فیدراڵیە نە کۆنفیدراڵی و نە مەرکەزیە.

▪️فایلەکانی ئابوری و ئاسایش و نەوت و موچە بۆ موزایەدە بەجێهێلدراون.

▪️دەبێت کورد و عەرەب لەسەر پرۆژەیەکی نیشتیمانی رێکبکەوەن کە مافی هەمووان دابین بکات و شەراکەتی راستەقینەی تێدابێت یاخود دەبێت لەسەر ئەم بارودۆخە بمێننەوە، یان چارەسەر و رێی نوێ بگرن وەک کۆنفیدراڵی کە زۆرێک لە کێشەکان یەکلا دەکاتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button