پارتی و یەکێتی: لەبارەی سەرجەم خاڵەکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان رێککەوتوین

زووم:

ئەمڕۆ چوارشەممە, 5ـی نیسانی 2023، هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە بارەگای دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، دواتر هەر یەکە لە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.

سەرەتا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، “لەگەڵ شاندی یەکێتی گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەو بڕگانەی کە لە رابردوودا رێککەوتنمان لەسەر کردبوو” و دەڵێت: لەسەر هەموو ئەو خاڵانە لەگەڵ یەکێتی رێککەوتووین کە پێویستن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هیچ خاڵێکی ناکۆکمان نەماوە.

لەبارەی کورسی پێکهاتەکان کە “پێشتر پارتی و یەکێتی ناکۆکبوون لەسەری” ، زانا مەلا خالید  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  ئێمە و یەکێتی هەردووکمان کۆکین لەسەر ئەوەی پێکهاتەکان، پێکهاتەکانی رەسەنی کوردستانن، مافی خۆیانە را و تێبینی خۆیان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەبێت. پێشتر گفتوگۆمان لەبارەی سەرنج و تێبینییەکانیان کردووە و لەم کۆبوونەوەشدا تاوتوێی ئەو سەرنجانەمان کرد.

بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، شاندێکی یۆنامی بەشداری لە کۆبووەنەوەی ئەمڕۆی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتیدا کردووە داویان لەو شاندەی یۆنامی کردووە، رای فەرمی خۆیان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پارتی و یەکێتی رابگەیەنن.

لای خۆیەوە،  زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، لەگەڵ پارتی رێککەوتوون بەیەکەوە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکەنەوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا بکەنەوە و کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوام دەبن تاوەکو بتوانن یاسایەکی باش لەبارەی هەڵبژاردنەوە پەسەند بکەن.

زیاد جەبار گوتیشی، دەرچوواندنی هـەر یاسایەک پێویستی بە ژمارەیەک وردەکاری هەیە، ئەگەر نا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەرجەم خاڵەکان رێککەوتوون و خاڵی ناکۆکیان نەماوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن کێشەی کورسی پێکهاتەکانیش چارەسەر بکرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button