ھۆکاری پشتەوەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانى نەوت

زووم، ئاژانسەکان:

نۆ ئەندامی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس، بڕیاریاندا بە شێوەیەکی “خۆبەخشانە” خستنەڕووی نەوت بەبڕی  (1.66) ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەم بکەنەوە.

بڕیارەکە لە سەرەتای مانگی ئایاری داھاتووەوە دەچێتە  بواری جێبەجێکردنەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، ئەوەی لێرەدا جێگای بایەخە، ئەوەیە کە بۆچی ئەو وڵاتانە لەم کاتەدا ئەو بڕیارەیان دەرکردووە، لێرەدا ھۆکاری پشتەوەی بڕیارەکە روون دەکەینەوە، کە ئەمانەن:

یەکەم: تەنگەژەى بازاڕی جیھانی:

ئێستا بازاڕی جیھانی لە تەنگەژەیەکی بێ وێنەدایە، بەشێوەیەک لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەگەیشتبووە ئەم ئاستەی ئێستا، ھۆکارەکەشی بۆ ئەو قەیرانانە دەگەڕێتەوە کە جیھانی لە رۆژھەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا گرتووەتەوە، داوای نەوتی خاو لە بازاڕی دیکە دەکرێت، ھەروەھا بازاڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا روبەڕوی چەند “شۆکێک” بووەتەوە، کە پەیوەستە بە نرخی سود و کێشەی بانکەکان، بانکەکانیش نازانن ئایا نرخی سود زیاتر دەکرێت، یان دادەبەزێنرێتەوە.

دووەم: لێکەوتەی  قەیرانی بانکی:

ھەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چەندین بۆنەدا ئاشکرای کردووە، کە کێشەی بانکەکان  ھێور دەبێتەوە و جێگای  دڵەڕاوکێ نییە، بەڵام لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە تاوەکو ئێستا بەردەوامی ھەیە، چەندین دەرگای کردووەتەوە کە خاڵی لاوازی لە بەڕێوەبردنی بانکەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەردەخات، چونکە ئەم قەیرانە بەرەو ئەوروپا دەگوازرێتەوە، ھەرچەندە پلەکەی زۆر نییە، بەڵام کاریگەری ھەر لەسەر  لایەنی ئابووری دەبێت.

سێیەم: یەدەگی نەوتی ئەمریکا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئامانجی دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆییدا، لە سەرەتای ساڵی رابردووە، زیاتر لە 200 ملیۆن بەرمیلی نەوتی یەدەگی کێشاوەتەوە، تاوەکو ئێستا دەستپێکردنەوە بە عەمبارەکردنی ئاشکرانەکردووە، ئەمەش دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو.

لەبەردەم ئەو ھەموو پاڵنەرانەدا، ھەمووان دەستوەردان دەکەن و کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوتی جیھانی دروست دەکەن، بەتایبەت کە ئەو  ھۆکارانە ھونەری نین، ھەروەھا پەیوەندی بە ” ئۆپیک پڵەس”ەوە نییە، کە دوێنی ئەندامانی رێکخراوەکە لە چەند راگەیەنراوێکی جیاوازدا، کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتیان راگەیاند، کە بەھۆی ئەو بڕیارەوە  ئەمرۆ نرخی نەوتی خاو بە ڕێژەی لە %٥ بەرزبوویەوە و بەرمیلێک نەوتى برێنت لە 79 دۆلارەوە گەیشتووەتە نزیکەى 85 دۆلار.

ھەرچەندە پێشبیینیەکان بۆ ئەوە دەچن، کە نرخی نەوت بۆ ھەر بەرمیلێک بگاتە سەروی 100 دۆلار، بەڵام بانکە وەبەرھێنەرەکانی ئەمریکا، بەھۆی قەیرانی بانکی وڵاتەکەیان حساباتی خۆیان دواخستووە.

روسیا وەڵامی رەخنەکان دەداتەوە:

روسیاش لای خۆیەوە بڕی 500 ھەزار بەرمیلی رۆژانەی کەم کردووەتەوە، کە بووە ھۆی رەخنەی ئیدارەی ئەمریکا و بە کارێکی ” نالۆژیک”یان ناوزەند کرد، لە بەرامبەردا دیمیتری بێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرمیلین لە وەڵامی رەخنەکاندا  گوتی: لەم حاڵەتەدا لە بەرژەوەندی ” کەرتی” وزەی جیھانیدا دەبێت، ئەگەر پارێزگاری لە نرخی نەوت  وبەرھەمە نەوتییەکان بکەین، ئەمەش پێویستە بەھەند وەریبگرین، جا ئەو وڵاتانە رەزامەند بن یان نا، ئەوە پەیوەستە بە خۆیانەوە”.

لەبارەی پەیوەندیشی لەگەڵ وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، بێسکۆڤ گوتی:”روسیا بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی ئۆپیک پڵەس لە پەیوەندیدا دەبێت، ئەوەش کارێکی ئاساییە، لەو بوارەشدا پێویستە وڵاتان لەسەر ھێلێکی سەربەخۆ بن”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button