بەهاى لیرەى تورکى بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دابەزی

رێژەى هەڵاوسان لە تورکیا دەگاتە لوتکە

زووم، ئاژانسەکان:

بەهاى لیرەى تورکى بەرامبەر بە دۆلار جارێکى دیکە دابەزی و نرخى 100 دۆلار گەیشتە هەزار و 943 لیرە. هاوکاتیش نرخى شتومەک بەرزبووەوە.
لەگەڵ دابەزینى بەهاى لیرە بەرامبەر بە دۆلار رێژەى هەڵاوسانیش بەرزدەبێتەوە، دەزگای سەرژمێری تورکیا ئەمڕۆ ئامارێکی نوێی رێژەی هەڵاوسانی لەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکە لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، رێژەی هەڵاوسان 12.09٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 70.20٪.

سەربارى ئامارە فەرمییەکە، بەڵام گروپی لێکۆڵینەوە لە هەڵاوسان ئامارێکى دیکە باس دەکەن، ئەم گروپە لە ژمارەیەک پسپۆری “سەربەخۆ”ـی ئابوری پێکهاتووە، بەگوێرەى ئامارە نوێیەکەیان لە مانگی ئازاردا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 5.08٪ زیادی کردووە، بەو پێیەش هەڵاوسانی گشتی لە ئێستادا 112٪ی تێپەڕاندووە.

ژووری بازگانی ئەستەنبوڵ: لە مانگی ئازاردا رێژەی هەڵاوسان 2.95٪ زیادی کردووە

هاوکات ژووری بازگانی ئەستەنبوڵیش ئامارێکی نوێی لەبارەی رێژەی هەڵاوسان لەو پارێزگایە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە لە مانگی ئازاردا رێژەی هەڵاوسان 2.95٪ زیادی کردووە و بەگشتی رێژەکە بۆ 73.02٪ بەرزبووەتەوە.
هەروەها ئابوریناسانی تورکیاش، بۆچوونی خۆیان لەبارەی دۆخی ئابوری تورکیا و رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا دەربڕی. لەم بارەیەوە موراد کوبیلای پسپۆڕی ئابوری لە تویتەکەیدا نوسی، رێژەی هەڵاوسان لە مانگێکدا 2.29٪، لە 12 مانگدا 50.51٪ و لە 20 ساڵدا 1275.41٪ زیادی کردووە.

ئوزگور ئەردورسونیش، کە پسۆڕێکی ئابورییە لەو وڵاتەدا لە تویتێکدا رایگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو رێژەیەی کە دامەزراوەی ئامارەکانی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار کە نرخی شتومەک و کاڵاکان 25.6٪ زیاد ببێت و بەگوێرەی ئەو رێژەیەی کە گروپی هەڵاوسانی تورکیاش بڵاویکردووەتەوە، نرخی شتومەک و کاڵاکان 46.18٪ زیاد دەکات.
بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان لەکاتێکدایە نورەدین نەباتی وەزیری خەزێنە و ئابوری تورکیا، لە 30ی ئازاری ئەمساڵدا لە توێتێکدا رایگەیاند، دۆخى ئابورى باشە و هەوڵ دەدەن رێژەی هەڵاوسان دابەزێنن و لە رێژەیەکی کەمدا جێگیری بکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button