سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق پاش ١٧ رۆژ پرۆژە یاسای بودجەی رەوانەی لیژنەی دارایی کرد

 زووم: 

رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی  2023، 2024 و 2025 رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش داوادەکات پەلە بکرێت لە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاساکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی نیسانی 2023، نووسینگەی راگەیاندنی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە: موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی  پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـی رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەندەلاوی داوایکردووە پەلە بکرێت لە تاوتوێکردن و دیراسەتکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە، “بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بخرێتە نێو بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانەوە”.

ڕەشنوسی پرۆژەی یاسای بودجە، 17 رۆژە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە و ئەمرۆش پەرلەمانی عێراق رەوانەی لیژنەی دارایی کرد و بریاریشە “دوای جەژنی رەمەزان پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت”.

لە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا ، نرخی فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت بە 70 دۆلار دیاریی کراوە  بڕی نەوتی هەناردەکراو، رۆژانە بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل دیاریی کراوە؛ لەو ژمارەیە 400 هەزار بەرمیل لەڕێگه‌ی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت”.

پێشتریش داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش، 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینارە دیاریکراوە.

باسم عەواد گوتەبێژی حکومەتی عێراقیش رۆژی سێشەممەی رابردوو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندبوو: کۆی خەرجییە پێشنازکراوەکان، 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، خەرجی پرۆژەکانی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە.

پێشتریش نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زوومی گوتبوو: “مەزەندە دەکرێت  پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ  170 تریلیۆن دینار بێت، ئەم بودجەیەش دەتوانین بڵێین گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا.”

 

 

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button