عێراق بە “تاكتیكی تازە” رووبەڕوی داعش دەبێتەوە

زووم، ئاژانسەکان:

بەمدواییە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپراسیۆنەکانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە چەند پارێزگایەک چڕکردووەتەوە، لەنێویاندا کەرکوک “کە زۆرترین جوڵەی چەکدارانی داعشی تێدایە”.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، دەڵێت، زانیارییە هەواڵگرییەکان رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی مۆڵگەیەكی داعش لە پارێزگای كەركوك خاپوور بکەن، بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری رێکخراوەکە کوژراون.

“تاکتیکەکان کلاسیکی نین”

شارەزایانی سەربازیی عێراق دەڵێن، ئۆپراسیۆن و هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنین لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە زیادی کردووە، ئۆپراسیۆنەکان کاتیی نین، بەڵکو بەشێوەیەکی فراوان و ورد شانە نوستووەکانی داعش دەکەنە ئامانج.

“هێزە عێراقییەکان شێواز و تاکتیکی تازە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش بەکاردەهێنن، بۆنموونە دابەزین لە فڕۆکە و پشت بەستنی زیاتر بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەمانەش بەڵگەی پێشكەوتنی عێراق دەسەلمێنن لە رووی سەربازییەوە” بە گوتەی شارەزایانی سەربازیی.

ستراتیژیەتی وەڵامدانەوەی داعش

د. ئیحسان شەممەری بەڕێوەبەری سەنتەری بیری سیاسی لە عێراق، پێیوایە پلان و ستراتیژیی هێزە عێراقییەکان گۆڕاوە، ئەوان هێرشی پێشوەختە دەکەنە سەر داعش وەکو بەشێک لە ستراتیژی وەڵامدانەوە.

“ئەگەرچی حکومەتی عێراق لە ئێستادا تاوەکو رادەیەکی زۆر توانای لەناوبردن و وەڵامدانەوەی داعشی هەیە، بەڵام هێشتا پێویستی بە هاوكاریی بەردەوام هەیە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە” بە گوتەی د. ئیحسان شەممەری کە هاوکات مامۆستای کۆلێژی زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی بەغداد.

شەممەری لەو بڕوایەدایە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی سوپای عێراق بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر باشتركردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات هەبووە.

ئەگەرچی عێراق لە هاوینی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام هێشتا شانە نوستووەکانی ئەو رێکخراوە لە بەشێکی ناوچەکانی عێراق چالاکن و لە زۆرێک لەو ناوچانە هێرشی خوێناوی یەکلەدوای یەک دژی ناوەندە سەربازی و مەدەنییەکانی عێراق ئەنجامدەدەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button