یەکەم گورزی بڕیارەکەی پاریس بەر هەرێم کەوت و شەش ملیار دۆلار کەوتە ژێرەوە

زووم:

پاش پێنج رۆژ لە بڕیاری دادگا نێودەوڵەتییەکەی پاریس، هەرێمی کوردستان یەکەم گورزی بەرکەوت و ئێستا کەوتووەتە ژێر قەرزێکی شەش ملیار دۆلارییەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز، ئاشکرایکرد هەرێمی کوردستان پێشوەخت پارەی فرۆشی نەوتی لە ژمارەیەک کۆمپانیا وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی نەوتەکەی رادەست کردبن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، بڕی ئەو پارەیەی کە هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیاکانی وەرگرتووە نزیکەی شەش ملیار دۆلارە، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگاکەی پاریسەوە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و ئەمەش بووەتە قەرز بەسەر هەرێمەوە و تاوەکو ئێستاش رێکاری دانەوەی قەرزەکە دیار نییە و حکومەتی هەرێمیش هیچ قسەیەکی لەوبارەیەوە نەکردووە.

رۆژی شەممەی رابردوو دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا راگرت.

دادگا نێودەوڵەتییەکە لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق دادبینی لە دۆسیەکەدا کردبوو، عێراق پشتی بە رێککەوتنێکی 50 ساڵ لەمەوبەری نێوان بەغداد و ئەنقەرە بەستبوو، کە پێویستە تورکیا بەبێ ئاگاداریی عێراق رێگە بە هەناردەکردنی نەوت نەدات.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button