روسیا رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی بەتۆمەتی “سیخوڕی” دەستگیردەکات

زووم، ئاژانسەکان:

دەزگای ئاسایشی روسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ئیڤان گێرشکۆڤیچی رژنامەنووسی ئەمریکی کە لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کاردەکات، بەتۆمەتی “سیخوڕیکردن” دەستگیرکراوە.

دەزگاکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، رۆژنامەنووسی ناوبراو کە لە نوسینگەی مۆسکۆی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى کارى کردووە، لەدایکبووی 1991ـە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی روسیا باوەڕپێکراوبووە، کاری نایاسایی ئەنجامداوە و تۆمەتبارە بە سیخوڕییکردن.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەى  دەزگای ئاسایشی روسیا، “ئیڤان گێرشکۆڤیچ” لەوکاتەدا دەستگیرکراوە کە خەریکی بەدەستهێنانی “زانیاریی نهێنی” بووە کە پەیوەندییان هەبووە بە چالاکییەکانی یەکێک لە کارگە سەربازییەکانی روسیا.

ئیڤان، بەرلەوەی دەستگیربکرێت لە بەرەکانی جەنگی روسیا و ئۆکراین رووماڵی کردووە، پێشتریش بۆ چەندین دەزگاى میدیاى جیهانى کردووە لەوانە: فرانس پرێس، مۆسکۆ تایمز و نیویۆرک تایمز.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راگەیەنراوێکى لەبارەى دەستگیرکردنى ئیڤان گێرشکۆڤیچ دەرکردووە و دەڵێت “زۆر نیگەرانی سەلامەتی رۆژنامەنووسەکەمانین”.

دەستگیرکردنی ئیڤان دەبێت یەکەم رۆژنامەنوسیی ئەمریکی کە لە دوای هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکراین لەلایەن ئەو وڵاتەوە دەستگیرکرابێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button