کۆمپانیاى DNO دەرهێنانى نەوتى لە هەرێمى کوردستان راگرت

"تواناى عەمبارکردنى نەوتمان نەماوە"

زووم

کۆمپانیاى DNOـى نەورویجى، پرۆسەى دەرهێنانى نەوتى لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان راگەیاند. راگرتنى هەناردەکردنى نەوتى هەرێم لەرێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە بەردەوامە، کۆمپانیاکانیش تواناى عەمبارکردنى نەوتیان نەماوە.

کۆمپانیاکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ى ئازارى 2023 راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، وەک پێشتر رامانگەیاندبوو، تواناى عەمبارکردنمان سنوردارە، بۆیە لە ئەمڕۆشەوە کارەکانمان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان راگرتووە.

ئەم کۆمپانیاکە لە هەردوو کێڵگەى نەوتى تاوکێ و پێشخابورى سنورى دهۆک کاردەکات. ساڵى رابردوو رۆژانە 107 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

دواى بڕیارەکەى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، رۆژى 25ى ئەم مانگە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا. بڕیارەکەى دادگا لە بەرژەوەندى حکومەتى عێراقە لە دژى هەرێمى کوردستان و تورکیایە.

بەگوێرەى بڕیارەکە تورکیا پێشێلکاری لەو رێککەوتنەدا کردووە کە لە ساڵی 1973دا لە نێوان عێراق و ئەو وڵاتەدا کراوە، کە تەنها حکومەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەر گواستنەوە، عەمبارکردن و بارکردنی نەوت لە بەندەرەکەدا هەیە.

کۆمپانیاى DNO رایگەیاندووە، لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا بڕی نەوتی بەرهەمنهێنراوی، عەمبارکردووە، بەڵام تواناکەی سنوردارە و لەوە زیاتر ناتوانێت نەوت عەمبار بکات، هەربۆیە بە ناچاریی ئەمڕۆ کارەکانی راگرت.

بێژەن موزەفەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجیکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، “بەداخەوە کە دۆخەکە گەیشت بە ئێستا و لەم دۆخە ناسکەدا کاریگەرى لەسەر بازاڕى جیهان دەبێت”.

بەر لە راگرتنی، بۆری نەوتی هەرێم رۆژانە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێم و 70 هەزار نەوتی عێراقی هەناردەی دەریای ناوەڕاست و پاڵاوگەکانی دیکەی جیهان دەکرد.

هەواڵی زیاتر

Back to top button