کۆمپانیای ماک: پێویستە کلچدارئۆغلۆ لە خولی یەکەمدا سەربکەوێت

هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بکەوێتە خولی دووەم ئەگەری سەرکەوتنی ئەردۆغان زیاد دەبێت

محەمەد عەلی کولات، سەرۆکی کۆمپانیای ماک کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆڵینەوەکان لە تورکیا دەڵێت، پێویستە هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) هەوڵ بدات لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا سەربکەوێت، بەپێچەوانەوە، لە خولی دووەمدا ئەگەری سەرکەوتنی هاوپەیمانی کۆمار (دەسەڵات) زیاد دەبێت.

محەمەد عەلی کولات لەبارەی رێژەی دەنگی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بە رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گوت، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، کاندیدی سەرۆکایەتی دیاری نەکرد و ئەوەش لە بەرژەوەندی کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل دەبێت.

ئەو دەڵێت، رێژەی دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ لەنێوان 50 بۆ 55 دەبێت، بۆیەش پێویستە ئۆپۆزسیۆن هەوڵێکی جددی بدات دەنگەکانی بپارێزێت و هەڵبژاردن نەکەوێتە خولی دووەم و رێژەی یاسایی بەدەستبهێنێت، بەپێچەوانەوە، ئەگەر نەتوانێت 51٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و هەڵبژاردنەکان بکەوێتە خولی دووەم، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار سەردەکەوێت.

محەمەد عەلی کولات، سەرۆکی کۆمپانیای ماک
محەمەد عەلی کولات، سەرۆکی کۆمپانیای ماک

رۆژى 14ـى ئایارى 2023 هەڵژاردنى پەرلەمان و سەرۆکایەتى تورکیا بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێی سەخت لەنێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغلۆدا دەبێت بۆ گەیشتن بە کۆشکى کۆماری تورکیا.

سەرۆکی کۆمپانیای ماک راشیگەیاند، ئەگەر رێژەی دەنگی محەڕەم ئینجە، کاندیدی پارتی نیشتیمان و سینان ئۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بگاتە 5٪، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان ناتوانن، 51٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنن و لەو حاڵەتەشدا هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە خولی دووەمەوە.

محەمەد عەلی کولات باسی ئەوە دەکات، زۆربەی خەڵکی تورکیا خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بەڵام ئاشکرای ناکەن و گوتی، “هاوڵاتیان بۆچوونی خۆیان دەرنابڕن، ئەمەش هۆکارە کە ئێمە تووشی هەڵە ببین. بۆ نمونە چینی کارمەند بەهۆی نیگەرانییەکان کە تووشی کێشە ببن، قسە ناکەن. لە شارە کوردییەکنیش هەمان کێشە هەیە، بەتایبەتی گەنجان قسە ناکەن و ئەمەش ئاڵنگاری لەبەردەممان دروستدەکات کە بەتەواوی رێژەی دەنگی لایەنەکان دیاری بکەین”.

دەشڵێت، لە ئێستادا دەنگدەران چاودێری دەکەن، لەو کاتەی کە 20 بۆ 25 رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکان دەمێنێت، بەگوێرەی دۆخەکە رای خۆیان دەردەبڕن، ئەگەر ئەگەری سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن زۆر بێت، بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ ئۆپۆزسیۆن دەردەبڕن، بەڵام بە پێچەوانەوە قسە ناکەن و ئەگەر قسەش بکەن، بۆچوونی راستەقینەی خۆیان ئاشکرا ناکەن.

کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل و محەمەد عەلی کولات سەرۆکی کۆمپانیای ماک
کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل و محەمەد عەلی کولات سەرۆکی کۆمپانیای ماک

خولی دووەم مەترسی لەسەر کلچدارئۆغلۆ دروست دەکات

محەمەد عەلی کولات، سەرۆکی کۆمپانیای ماک لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی، “رێژەی دەنگەکانی ئاکەپە لەنێوان 34 – 35٪، رێژەی دەنگەکانی جەهەپە لەنێوان 24 – 25٪، رێژەی دەنگەکانی پارتی باش 13٪، رێژەی دەنگەکانی مەهەپە و بەبەپەی هاوپەیمانی ئاکەپە نزیکەی 7٪ دەبێت. بەگشتی رێژەی دەنگی هاوپەیمانی گەل نزیکەی 44٪ و رێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمار نزیکەی 45٪ دەبێت. بۆیە لێرەدا رۆڵی هەدەپە زۆر “گرنگە” کە کاندیدی رانەگەیاندووە و ئەگەر هەدەپە لەگەڵ هاوپەیمانی گەل دابنێین رێژەی دەنگەکانی کلچدارئۆغلۆ دەگاتە نزیکەی 54 بۆ 55٪.

رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و محەمەد عەلی کولات سەرۆکی کۆمپانیای ماک
رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار و محەمەد عەلی کولات سەرۆکی کۆمپانیای ماک

لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر رێژەی دەنگی محەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی نیشتیمان و سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بگاتە 5٪، کە بەشێک بوون لە جەهەپە و لە دەنگی ئەوان کەم دەکەنەوە، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، کلچدارئۆغلۆ و ئەردۆغان ناتوانن، 51٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنن و لەو حاڵەتەشدا هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە خولی دووەمەوە.

ئەگەر ئەم حاڵەتەش رووبدات، هاوپەیمانی کۆمار یەکگرتوو دەبێت و لە دەنگەکانی کەم نابێتەوە، یان ئەگەری هەیە کاندیدێک بچێتە پال ئەردۆغان کە بەهێزی دەکات. لە بەرامبەردا هاوپەیمانی گەل ناتوانێت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ئاسایشی سندوقەکانی دەنگدان بپارێزێت و ئەمەش هۆکارە کە ئەردۆغان سەربکەوێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button