دەمیرتاش “بڕوانامەی خوێندی باڵا بۆ ئەردۆغان” دروستدەکات

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بازی بەسەر دوو یاسا هەڵدا و کاندیدیبوونی ئەردۆغانی پەسەند کرد

کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغلۆ، کاندیدى هاوپەیمانى گەلى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا پەسەندکرد. تێبینى لەسەر رێکارەى یاسایی کاندیدبوونى ئەردۆغان هەیە، دەمیرتاش وەک تەنز بڕوانامەیەکى خوێندنى باڵاى بۆ دروستکردووە.

کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ى ئازارى 2023 پەسەندکردنى کاندیدەکانى سەرۆکایەتى راگەیاند. کۆمسیۆن لە پەسەندکردنى کاندیدبوونى ئەردۆغاندا “دوو یاسای پشتگوێ خستووە” بەبێ ئەوەى هیچ رونکردنەوەیەکى لەبارەوە بدات.

بەگوێرەی مادەی 101ی دەستووری بنەڕەتی تورکیا، کەسێک تەنیا دوو جار دەتوانێت ببێت بە سەرۆککۆمار. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئاکەپە دەڵێن، ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنەکانی 2018، یەکجار بووەتە سەرۆککۆمار و پاش هەموارکردنەوەى دەستووریش جارێکی دیکە بووەتەوە بە سەرۆککۆمار، بۆیە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەر لە ساڵی 2018 هەژمارناکرێت، چونکە ئەو کاتە یاسایەک هەبوو و ئێستاش یاسایەکی دیکە هەیە و بەگوێرەی یاسا نوێیە ئەردۆغان بۆی هەیە خۆی کاندید بکاتەوە.

هەرچەندە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆر جار ئەم پرسەیان وروژاندووە و دەڵێن، ئەردۆغان یاسا و دەستوور پێشێل دەکات، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا پرسەکەی لە بەرژەوەندى ئەردۆغان یەکلاییکردەوە.

پارتەکانى ئۆپۆزسیۆن ئەردۆغان تۆمەتبار دەکەن کە “هیچ بڕوانامەیەکی زانکۆ و خوێندنی باڵای نییە” ئەوەش پێچەوانەى یاسای سەرۆکایەتی تورکیایە، کە مەرجە هەر کاندیدێک بڕوانامەى هەبێت.

پرۆفیسۆر دکتۆر یوسف زیا ئوزکان، سەرۆکی پێشووی سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هالک تی ڤی، رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هەندێک قسە لەسەر بڕوانامەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکرا، هەوڵێداوە لەمبارەیەوە دەست بە ڵێکۆڵینەوە بکات و گوتی، لێکۆڵینەوەی تەواوم لە زانکۆی مەڕمەڕە کرد، دەسەڵات دەڵێت، ئەردۆگان لەو زانکۆیە خوێندنی تەواوکردووە، پرسیارم لە هەندێک لە هاوڕێکانم کرد و ئەوانیش بەنێو ئەرشیفەکاندا گەڕان و پێیان راگەیاندم کە هیچ بڕوانەیەک بەناوی ئەردۆغانەوە لە زانکۆکەدا نییە.

یوسف زیا ئوزکان، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان خاوەنی هیچ بڕوانامەیەک نییە، نابێت بکرێتە کاندید، گەل دەیەوێت بزانێت، کاندیدی ئاکەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی چییە.

پرۆفیسۆر دکتۆر یوسف زیا ئوزکان، سەرۆکی پێشووی سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا
پرۆفیسۆر دکتۆر یوسف زیا ئوزکان، سەرۆکی پێشووی سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا

ئایتون چرای راوێژکاری سەرۆکی گشتی پارتی باش و پەرلەمانتاری شاری ئیزمیریش، راپۆرتێکی پێشکەش بە سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “وەک دەزانرێت، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا نزیک دەبنەوە کە بڕیارە رۆژی 14ی ئایاری 2023، بەڕێوەبچن.  بەگوێرەی مادەی 101ی دەستووری تورکیا، پێویستە کاندیدی سەرۆککۆماری تەمەنی 40 ساڵ کەمتر نەبێت. بڕوانامەی خوێندنی باڵای هەبێت. پێویستە راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت. ئەردۆغانیش خۆی کاندیدکردووە، بەڵام پرۆفیسۆر دکتور زیا ئوزکان کە لە ساڵەکانی 2007 تاوەکو 2011 سەرۆکی سەرۆکایەتی خوێندنی باڵا بووە، دەڵێت، ‘ئەردۆغان خاوەن بڕوانامە نییە’ و پێویستە لێکۆلینەوەی تەواو لەم پرسە بکرێت.”

لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا داوای لە هەندێک کەسایەتی کردبوو کە لەبەرامبەر خۆکاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، کۆپیەک لە بڕوانامەکانیان رادەستی کۆمسیۆن بکەن، لە تویتەردا، ئەم پرسە دەنگی دایەوە و بەسەر ئەردۆغاندا شکایەوە.

ئایتون چرای راوێژکاری سەرۆکی گشتی پارتی باش
ئایتون چرای راوێژکاری سەرۆکی گشتی پارتی باش

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و هاوڵاتی لە تویتەکانیاندا نووسییانە، ئەگەر داوای بڕوانامە لە هەموو کاندیدەکان بکرێت، هەندێک کەس تووشی کێشە دەبن (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەردۆغان). هەروەها داوایان لە کۆمسیۆن کردووە کە داوای رادەستکردنی بڕوانامە لە هەموو کاندیدەکان بکرێت.

سەلاحەدین دمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلانیش (هەدەپە) بە شێوەیەکی تەنزئامێز ئەم پرسەی لە رێگەی تویتێکەوە ورۆژاند.

دەمیرتاش لەسەر پارچە کلێنیکسێک بڕوانامەیەکی دروستکردووە و هەرچەندە ناوی ئەردۆغانی نەهێناوە، بەڵام بە شێوەیەکی کۆمێدی نووسیوەیەتی: ” بڕوانامە. ئەم کەسە، دەکرێت فاکڵتی ئابوری تەواو کردبێت، یان تەواوى نەکردبێت، بەڵام یەکلایی بووەتەوە کە ئەم نیشتیمانەی ئیفلاس پێکردووە.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button