رووداوەکەى جندرێس، لە چرکەساتى روودانییەوە تا ئەمڕۆ

زووم:

جندرێس کوشتنى چوار هاوڵاتییەکەى لەبیر ناکات و پاش دوو رۆژ لە رووداوەکە، هێشتا دەنگى ناڕەزایەتى لە شارۆچکەکە بەرزدەبێتەوە، سەربارى رێگریی گروپە چەکدارییەکان، بەڵام خەڵکى ناوچەکانى دیکەى عەفرین پەیتا پەیتا خۆیان دەگەیەننە جندرێس و دەچنە پاڵ ئەو هەزاران کەسەى کە دوو رۆژە لەسەر شەقامەکانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ رۆژى دووەم لەسەریەک، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە جندرێس بەردەوامبوو، خەڵکى شارۆچکەکە چوونە بەردەم ماڵى ئەو خێزانەى کە چوار کەسەکەیان لێ کوژرابوو، داوایان دەکرد تاوانبارانى ئەم رووداوە بەسزاى یاسایی خۆیان بگەیەنرێن و گروپە چەکدارییەکان لە سەنتەرى شار و شارۆچکەکان بکرێنە دەرەوە.

ئێوارەى 20ـى ئازارى 2023، کوشتنى چوار هاوڵاتى کورد لە خێزانێکى دیارى جندرێس کە بە خانه‌واده‌ی (پێشمه‌رگه‌) ناسراون، بەخێرایی بە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، بەگوێرەى شایەتحاڵەکان و دانیشتووانى شارۆچکەکە کە بۆ میدیاکان قسەیان کردووە، نزیک کاتژمێر شەشى ئێوارە چەند کەسێک لە ئەندامانى ئەم خێزانە لە بەردەم ماڵە رووخاوەکەیان کە بەهۆى بومەلەرزەکانى ئەمدواییەوە وێران ببوو، ئاگرى نەورۆز دەکەنەوە و له‌ ده‌وری ئاگره‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

لەوکاتەدا چەکدارێکى سەربە “سوپاى ئەحرار شەرقییە” بە ناوى “ئەبو حەبیب” لەگەڵ کوڕەکەى بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە بەوێدا تێپەڕدەبن و داوایان لێده‌كەن ئاگره‌كه‌ بكوژێنه‌وه‌، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە، لە ئەنجامدا چەکدارەکەى ئۆپۆزسیۆنى سوریا دەستڕێژى گولـلە لە خێزانە کوردەکە دەکات و دەستبەجێ چوار کەسیان دەکوژێت، کە سێ برا و کوڕى یەکێک لە براکان بوو (فەرحان عوسمان 43 ساڵ، محەمەد عوسمان 42 ساڵ، ئیسماعیل عوسمان 38 ساڵ، محەمەد ئیسماعیل عوسمان 18 ساڵ) سەرجەمیشیان نازناوى پێشمەرگەیان هەڵگرتبوو.

وێنەى چوار هاوڵاتییە کوژراوەکەى جندرێس

گروپى “ئەحرار شەرقییە” کە ئێستا چەکدارەکەیان تۆمەتبارە بە کوشتنى ئەو چوار هاوڵاتییە کوردە، لە ساڵى 2016 دامەزراوە و زۆرینەى ئەندامەکانى خەڵکى پارێزگاى دێرەزوورن، ئەندامانى ئەم گروپە وا ناسراون کە رقیان لە کوردە و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانى چەندین تاوان دژى هاوڵاتیانى کوردى عەفرین بە تایبەت لە سەروبەندى هێرشەکانى ساڵى 2018 بە پاڵپشتى تورکیا.

کوشتنى ئەم چوار هاوڵاتییە کوردە رووداوێک نەبوو بەبێ دەنگى تێپەڕێت، راستەوخۆ پاش رووداوەکە کوردانى عەفرین بە گشتى و جندرێس بە تایبەت رژانە سەرشەقامەکان و چوونە بەردەم نەخۆشخانەى عەسکەرى شارۆچکەکە کە تەرمى کوژراوەکانی لێبوو، بۆ رۆژى دواتریش بە رێوڕەسمى گەورە و بە ئامادەبوونى هەزاران کەس و بە بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستان و وتنەوەى دروشمى نەتەوەیی و “بژى پێشمەرگە” تەرمى کوژراوەکانیان بەخاکسپارد.

هەرچەندە پاش 24 کاتژمێر لە رووداوەکە هێزە ئەمنییەکانى سەر بە ئۆپۆزسیۆنى سوریا سێ کەسیان بە تۆمەتى کوشتنى چوار هاوڵاتییە کوردە دەستگیرکرد، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆى دامرکاندنەوەى ناڕەزایەتییەکانى بنەماڵەى کوژراوەکان و خەڵکى جندرێس، بەڵکو داوا دەکەن تۆمەتبارى سەرەکى رووداوەکە دەستگیربکرێت و روبەڕوى سزاى یاسایی بکرێتەوە.

رووداوەکەى جندرێس کاردانەوەى فراوانى لێکەوتەوە، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان جگە لە هەردوو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت، هەریەکە لە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدانەى رووداوەکەیان کرد و داوایان لە دەسەڵاتدارانى ناوچەکە کرد بکوژان روبەڕى سزاى یاسایی خۆیان بکەنەوە.

ناحیەى جندرێس کە ناوەندێکى گەورەى بەرهەمى زەیتوونە لە رۆژئاڤاى کوردستان، به‌دووری 20 كیلۆمەتر ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای عەفرینەوە و زۆرینەى دانیشتووانەکەى کوردن، تا پێنج ساڵ لەمەوبەر بەشێک بوو لە کانتۆنى عەفرین کە یەکینەکانى پاراستنى گەل “یەپەگە” تێیدا باڵا دەستبوو، بەڵام بەهارى 2018 تورکیا ئۆپراسیۆنێکى بەناوى “چڵەزەیتوون” بۆ دەرکردنى “یەپەگە” لە کانتۆنەکە دەستپێکرد، چەکدارانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا بەشێک بوون لە هێزە شەڕکەرەکانى ئۆپراسیۆنەکە، چەند رۆژێک بەر لە کەوتنى عەفرین لە 18ـى ئازارى ئەو ساڵەدا، جندرێس لەلایەن تورکیا و گروپەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریاوە دەستى بەسەرداگیرابوو.

هەواڵی زیاتر

Back to top button