زووم و رێکخراوێکی ئەمریکی دەست بە کاری هاوبەش دەکەن

زووم:

رێکخراوی پرۆژەی ئازادیی میدیا  (PFP)ی ئەمریکی و دامەزراوەی میدیایی زووم، لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزاکردوە، تاوەکو لەسەر ئاستی ئەمریکا و عێراق دەست بە پرۆژە و کاری هاوبەش بکەن.

بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوانیان، کە 20ی ئازاری 2023 ئیمزاکراوە، رێکخراوە ئەمریکییەکە بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە ساختەهەواڵ پشت بە زانیارییەکانی دامەزراوەی میدیایی زووم دەبەستێت.

لەبەرامبەردا رێکخراوی پرۆژەی ئازادیی میدیا (PFP) بڕیاریداوە لەسەر بنەمای ئەنجامدانی پرۆژە هاوبەشەکان پشتیوانیی دارایی بۆ دامەزراوەی میدیایی زووم دابینبکات. سەرباری بەردەوامبوونیان لە پشتیوانیی مەعنەویی بۆ دامەزراوەکە.

ئەم لێکتێگەیشتنەی نێوان دامەزراوەی میدیایی زووم و رێکخراوی پرۆژەی ئازادیی میدیا  (PFP)پاش گفتوگۆ و کۆبوونەوەی نوێنەرانی هەردوولا دێت لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا.

هەنگاوی داهاتووی نێوان هەردوولاش بریتی دەبێت لە هاوکاریکردنی دامەزراوەی میدیایی زووم تاوەکو بتوانێت نووسینگە لە ئەمریکا بکاتەوە.

رێکخراوی پرۆژەی ئازادیی میدیا (PFP)، رێکخراوێکی ناحکومییە ئۆفیسی سەرەکیی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە، تێدەکۆشێت لەپێناو جیهانێکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی، کە تێیدا هیچ کەس بەهۆی فیکر و بیروباوەڕەکانیەوە سزانەدرێت. ئامانجی رێکخراوەکە دروستکردنی هۆشیارییە لەبارەی ئازارەکانی مرۆڤ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دامەزراوەی میدیایی زووم، دامەزراوەیەکی میدیاییە، کۆمپانیای (المعادل الذهبي) خاوەندارێتی دەکات. لە بەغداد و سلێمانی ئۆفیسی هەیە. نۆبەرەی کارەکانی دامەزراندنی وێبسایتێکی هەواڵییە، سەرباری بەکارهێنانی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیالمیدیا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button