بۆچی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى عێراقیان داگیرکرد؟

ساڵڕۆژى "داگیرکردن"ـى عێراقە

زووم، بی بی سی

20 ساڵ پێش ئێستا، بۆمبەکانى ئەمریکا و زلهێزەکانى رۆژئاوا، شەوى ئاسمانى عێراقیان روناک کردەوە. ئەمە سەرەتایی پرۆسەى ئازادى عێراق بوو، کە لەماوەى 20 رۆژدا سەدام حسێن و دەسەڵاتە بەعسییەکەیان کۆتاییپێهێنا.

ئەمریکا و بەریتانیا، کە دوو هێزى سەرەکى هێرشەکان بوون، بە رای گشتى هاوڵاتیانی وڵاتەکانیان گوت، عێراق چەکى کۆمەڵکوژى هەیە، ئەمەش مەترسییەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بۆچی ئەمریکا دەیویست عێراق داگیربکات؟

لە شەڕی کەنداوی ساڵی 1990 بۆ 1991، ئەمریکا سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکی دەکرد کە کۆمەڵێک وڵات تێیدا بەشداربوون بۆ ئەوەی عێراق بە زەبری هێز لە کوێت ببەنە دەرەوە.

لەدوای ئەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیارنامەی 687ی دەرکرد، کە عێراقی ناچار دەکرد هەموو “چەکە کۆمەڵکوژییەکانی” لەناوببات، کە مەبەست  لە دەستەواژەکە هەموو چەکێکی ئەتۆمیی، بایۆلۆژیی، کیمیایی و موشەکی بالیستی دوورمەودایە.

لە ساڵی 1998، عێراق کاری هەماهەنگیی لەگەڵ پشکنەری چەکیی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵپەسارد و ئەمریکا و بەریتانیاش بە ‌هێرشی ئاسمانیی وەڵامیان دایەوە.

لەدوای هێرشەکانی قاعیدە بۆسەر سەنتەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک و پنتاگۆن لە واشنتن لە 11ی ئەیلولی 2001، کە بە 11ی سێپتێمبەر ناسراوە، ئیدارەی جۆرج دەبلیوو بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، دەستیکرد بە پلاندانان بۆ داگیرکردنی عێراق.

بوش بانگەشەی ئەوەی دەکرد سەدام حسێن خەریکی کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ بووە و بۆیەکەمجار لە ساڵی 2002دا دەستەواژەی “میحوەری شەڕانگێزیی” نێودەوڵەتیی بەکارهێنا، کە مەبەستی لێی عێراق، ئێران و کۆریای باکور بوو.

ساڵی 2002 کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دژی عێراق دەرکرد

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2002دا کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دژی عێراق دەرکرد.

د. لێزلی ڤینجاموری، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کیشوەری ئەمریکا لە چاتام هاوس، کە دامەزراوەیەکی سەقافیی کاروباری دەرەوەیە لە لەندەن، بە کەناڵی بی بی سی راگەیاندووە، “زۆربەری بەرپرسەکان لە واشنتن پێیان وابوو عێراق چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو و مەترسییەکی جدیی دروستکردبوو” لەوکاتەدا.

لە مانگی شوباتی ساڵی 2003دا، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، کۆڵن پاوڵ، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، کە دەستبکەن بە هێرشی سەربازیی  بۆسەر عێراق، چونکە پێی وابوو وڵاتەکە لە رێگەی پرۆگرامی چەکی کۆمەڵکوژییەکەیەوە پێشێلکاریی بڕیارەکەی پێشووی ئەنجومەنەکەی کردبوو.

بەڵام پاوڵ، نەیتوانی ئەنجومەنەکە رازی بکات. زۆربەی ئەندامانی دەیانویست تیمی پشکنینی نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکایەتی وزەی نێودەوڵەتی، کە لە ساڵی 2002ەوە لە عێراق بوون، پشکنینی زیاتر ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی بەڵگە لەسەر هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژیی لە عێراق.

بەڵام ئەمریکا رایگەیاند، چاوەڕێی راپۆرتی تیمەکە ناکەن و هەربۆیەش “هاوپەیمانێتی ئیرادە”ی لە دژی عێراق دامەزراند.

کێ پشتیوانی لە شەڕەکەی ئەمریکا کرد؟

لە کۆی 30 وڵات کە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە بوون، تەنها بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵەندا بەشدارییان لە داگیرکارییەکەی ئەمریکادا کرد.

بەریتانیا بە 45 هەزار، ئوسترالیا 2 هەزار و پۆڵەنداش بە 194 سەرباز بەشدارییان لە جەنگەکەدا کرد. کوێتیش رێگەی دا لە سنورەکانییەوە هێرشەکان ئەنجام بدرێن.

بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵەندا پشتیوانی ئەمریکا بوون

هەریەک لە ئیسپانیا و ئیتالیا لە رێگەی دەیبلۆماسییەوە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانانیان کرد بەشێوەیەک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی عێراق چەکی کۆمەڵکوژی هەیە.

ئەو تۆمەتانە چی بوون ئەمریکا و بەریتانیا دایانە پاڵ عێراق؟

کۆڵن پاوڵی، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، لە ساڵی 2003دا بە نەتەوەیەکگرتووەکانی راگەیاند، عێراق “تاقیگەی گەڕۆکی”هەیە بۆ دروستکردنی چەکی بایۆلۆژی. بەڵام دوای ساڵێک لە شەڕەکە رایگەیاند، “پێدەچوو بەڵگەکان زۆر راست نەبن”.

حکومەتی ئەوکاتی بەریتانیا دۆسییەیەکی گشتی رایگەیاند، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، عێراق دەتوانێت لەماوەی تەنها 45 خولەکدا موشەک ئامادە بکات و لەرۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە لەنێو بەریتانیادا ئامانجەکانی بپێکێت.

تۆنی بلێر سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا رایگەیاند، بەبێ گومان، سەدام حسێن بەردەوامە لە دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ.

هەردوو وڵاتەکەش پشتییان بە دوو هەڵاتووی عێراق بەستبوو، کە ئەندازیارێکی کیمیایی بە ناوی رافید ئەحمەد ئەلوان ئەلجەنابی و ئەفسەرێکی هەواڵگری بە ناوی مەج محمد حەریس بوون. ئەوان دەیانوت زانیاری دەستی یەکەمیان لەسەر بەرنامەی چەکی کۆمەڵکوژی عێراق هەیە.

دواتر هەردوکیان رایانگەیاند، خۆیان هەواڵەکەیان هەڵبەستبوو، بۆئەوەی هاوپەیمانان هێرش بکەنە سەر سەدام و لە دەسەڵات دوری بخەنەوە.

چ وڵاتێک رەتیکردەوە پشیوانیی لە شەڕەکە بکات؟

هەردوو دراوسێی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک رەتیانکردەوە بەشداریی لە شەڕەکەدا بکەن. جگە لەوەش، هەریەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا وەک دوو هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا لە ئەوروپا، رەتیانکردەوە پشتیوانی لە داگیرکارییەکەی ئەمریکادا بکەن.

دۆمینیک دی ڤیلێپین وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسا رایگەیاند، دەستێوەردانی سەربازی خراپترین چارەسەرە بۆ دۆخەکە.

هەردوو دراوسێی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک رەتیانکردەوە بەشداریی لە شەڕەکەدا بکەن

تورکیا، کە ئەندامی ناتۆ و دراوسێی عێراقە، رەتیکردەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان بنکە ئاسمانییەکانی بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر عێراق.

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پێشتر لە شەڕی کەنداوی ساڵانی 1990 بۆ 1991 پشتیوانی ئەمریکایان کرد لە دژی عێراق، هەموویان داگیرکارییەکەی ئەمریکایان رەتکردەوە. تەنها کوێت پشتیوانی سیاسیی داگیرکارییەکە بوو.

پرسۆفیسۆر گیلبێرت ئاچکار، شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی لەندەن رایگەیاند، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی پێیان وابووە پلانەکە پلانێکی سەرشێتانەیە.

گوتیشی، “ئەوان نیگەرانی ئەوەبوون کە لەدوای نەمانی رژێمەکەی سەدام، ئێران کۆنترۆڵی عێراق دەگرێتەدەست”.

لە شەڕەکەدا چی رویدا؟

لە گزنگی 20ی ئازاری ساڵی 2003دا، “ئۆپەراسیۆنی ئازادیی عێراق” بە بەشداریی 295 هەزار سەربازی ئەمریکی و هاوپەیمانان لە سنورەکانی کوێتەوە، دەستیکرد بە داگیرکردنی عێراق.

لە باکوریشەوە، 70 هەزار کەس لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستیانکرد بە شەڕکردن لەگەڵ سەربازە عێراقییەکان.  رۆژى 9ى نیسان حکومەتى عێراق کەوت و ئەو رۆژە وەک رۆژى “ئازادى عێراق” ناسێندرا.

سەدام حسێن، سەرۆککۆمارى ئەوکاتى عێراق، دواى زیاتر لە هەشت مانگ خۆحەشاردانی، رۆژى 13ى کانوونى یەکەمى 2003 لە ئۆپراسیۆنێکى تایبەتى ئەمریکادا بەناوى “بەرەبەیانى سور” لە گوندێکى سەر بە تکریت دەستگیرکرا. دواى دادگایکردنى، سێ ساڵ پاشتر ولە  بەرەبەیانى 30 کانونى یەکەمى 2006 لەسێدارەدرا، ئەو رۆژەى لەسێدارەدرا، یەکەم رۆژى جەژنى قوربان بوو.

هیچ چەکیکی کۆمەڵکوژ لە عێراقدا نەدۆزرایەوە

لە ساڵی 2004دا، وڵاتەکە توشی شەڕى مەزهەبی و ناوخۆیی بووەوە. جەنگى فەلوجە بە خوێناویترین جەنگى ئەمریکییەکان لە عێراق دادەنرێت.

لە ساڵی 2011دا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە و ئێستا چەند هەزار سەربازێک لە عێراقدا هەن، کە زیاتر وەک راوێژکار مامەڵە دەکەن.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، 461 هەزار کەس لە شەڕەکانی نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2011دا کوژران و شەڕەکە زیاتر لە سێ ترلیۆن دۆلاری تێچوو.

د. کارین ڤۆن هیپڵ، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی سەقافی خزمەتگوزارییە یەکگرتووە شاهانەییەکان دەڵێت، “ئەمریکا لەم شەڕەدا متمانەیەکی زۆری لەدەستدا”.

گوتیشی، “تا ئێستاش گوێت لە خەڵک دەبێت دەڵێن، بۆچی دوای بیست ساڵ باوەڕ بە هەواڵگری ئەمریکا بکەین؟”

ئەگەرچی عێراقییەکانیان لەدەست زوڵمى بەعس رزگارکرد، بەڵام ئەو بیانووەى جەنگەکەیان لەپێناویدا دەستپێکرد، ساڵانى دواتر بوو بە بیانوویەکى “بەتاڵ” و هیچ چەکێک لەوانەى بەدوایدا دەگەڕان نەبینرا.

دواى ساڵانێک پرۆسەکە کە سەرەتا ناوى “ئازادى” لێنرا گۆڕا بۆ “داگیرکردن” و ئێستا ئەمریکى و بەریتانییەکانیش خۆیان وەک داگیرکارى ناوى دەهێنن. خودى جۆرج دەبلیوو بوش، سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا و تۆنى بلێر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دانیان بە “بەتاڵبوونى” بیانووەکەیاندا نا، وەک بوش دەڵێت، “ئامادەم بەرپرسیارێتییەکەى لەئەستۆ بگرم”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button