بەریتانیا دەیەوێت لە وەرزى هاویندا كۆچبەرانی نایاسایی بۆ رواندا بنێرێت

وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا سەردانى شوێنى بەناچارى نیشتەجێبوونى کۆچبەران لە رواندا دەکات

زووم، ئاژانسەکان

پرسی رەوانەکردنى کۆچبەرانى “نایاسایی”، سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاى گەیاندە رواندا، هەر لەوێش گوتى، لە وەرزی هاویندا کۆچبەرە نایاسایییەکانی بەریتانیا رەوانەى ئێرە دەکەین.

ئەو لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڤینسێنت بیروتای، وزیری دەرەوەی رواندا، لە کیگالی پایتەخت رایگەیاند، دەیانەوێت تەنانەت پێش وەرزی هاوینیش دەست بە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا بکەن، دوای ئەوەی وڵاتەکە ئامادەیی بۆ وەرگرتنی هەزاران کۆچبەری نایاسایی بەریتانیا دەربڕیوە.

رواندا دەکەوێتە رۆژهەڵاتى ئەفریقا. وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا، سەردانی ئەو هۆتێلانەی کرد، کە دەبن بە شوێنی بەناچاری نیشتەجێبوونی کۆچبەرەکان، ئەو گوتى، چاوەڕاوانی دادگای تەمیزى بەریتانیا دەکەین بۆ ئەوەی مانگی داهاتوو بڕیار لەبارەی ناردنی کۆچبەران لە وەرزی هاویندا دەربکات.

رۆژى 7ى ئازارى 2023، حکومەتى بەریتانیا پرۆژەیاسایەکى بردە نێو پەرلەمانى وڵاتەکەى بۆ رێگرى لە چوونى کۆچبەران بۆ وڵاتەکە. سوێلا براڤەرمان پەیامێکى توندى لەنێو پەرلەمان پێشکەشکرد و گوتى “ئەو کۆچبەرانەى بە نایاسایی دێنە وڵاتەکەمان دەستگیریان دەکەین”.

ئەلێکساندەر بێتس، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆچبەرانی زانکۆی ئۆکسفۆرد بە کەناڵی سی ئێن ئێنی راگەیاندووە “هەر کە لاپەڕەی یەکەمی پرۆژەیاساکە دەکەیتەوە، بە رەنگی سور و بە گەورەیی نوسراوە رەنگە ئەم یاسایە پێشێلکاریی بێت بەرامبەر بە رێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ.”

سەردانەکەی براڤەرمان لەکاتێکدایە کە نیسانی ساڵی رابردوو وەزیری پێشووی ناوخۆی بەریتانیا، پریتی پاتێل، سەردانی رواندای کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کۆچبەرێک رەوانەی ئەو وڵاتە نەکراوە.

لەدوای سەردانی بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوونی کۆچبەران لە رواندا، براڤەرمان رایگەیاند، “پێم وایە رواندا ئێستا ئامادەیە” بۆ وەرگرتنی کۆچبەران. گوتیشی، هەڵە تێگەیشتنێکی زۆر لە بەریتانیا لەبارەی روانداوە هەیە، رواندا وڵاتێکە ئابورییەکەی لە جوڵەدایە و وڵاتێکی سەلامەتە.

بەگوێرەى گرێبەستی بەریتانیا و رواندا، لە پێنج ساڵی یەکەمدا رواندا توانای وەرگرتنی هەزار کۆچبەری دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، تەنها لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە  45 هەزار کۆچبەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا.

لەوبارەیەوە براڤەرمان دەڵێت، لە گفتوگۆدان لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە بۆ ئەوەی کۆچبەرانى بەریتانیا وەربگرن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button