ئیمران خان دەچێتە بەردەم دادگاى باڵاى ئیسلام ئاباد

بەهۆى هەوڵى دەستگیرکردنى گرژى لەنێوان لایەنگرانى و پۆلیس دروستبوو

زووم, ئاژانسەکان

ئیمران خان، سەرۆکوەزیرانى پێشووى پاکستان بڕیاریدا بچێتە بەردەم دادگا و دەڵێت، بڕوام بە رۆڵى یاسایە. ئەو تۆمەتى گەندەڵى لەسەرە و بڕیارى دەستگیرکردنیشی هەیە، بەڵام لایەنگرەکانى رێگەیان بە پۆلیس نەدا دەستگیرى بکەن.

رۆژی دووشەممە، دادگای باڵای ئیسلام ئاباد، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد و داوایکرد لە 18ی ئەم مانگەدا لەبەردەم دادگادا ئامادەبێت. بەڵام ئەوکات پارێزەرەکەى رایگەیاند، بەهۆی هۆکاری ئەمنیی، ناتوانێت ماڵەکەی جێبهێڵێت.

پۆلیس هەوڵى دەستگیرکردنیدا، بەڵام دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ ماڵی خان، لە شارى لاهور، لایەنگرانی لەبەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رێگرییان کرد دەستگیربکرێت و ماڵەکەى بوو بە مەیدانی گرژی و ئاڵۆزیی لەنێوان لایەنگرانی و هێزەکانی پۆلیس.

ئیمران خان ئەمڕۆ لە تویتەر نوسی،  گەمارۆدانى شارى لاهور بۆ ئەوەبوو دەستگیرم بکەن، بۆ ئەوەى سەرکردایەتى هەڵبژاردنەکانى ئەمساڵ نەکەم. بڕیارە هەڵبژاردنەکە 14ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

دەڵێت، سەرەڕاى ئەوەى دەزانم نیازى دەستگیرکردنم هەیە، بەڵام من دەچمە بەردەم دادگاى باڵاى ئیسلام ئاباد، چونکە بڕوام بە سەروەرى یاسا هەیە.

پارتەکەى ئیمران خان، دواى ئەوەى لە هەڵبژاردنەکانى نیسانى ساڵى رابردوودا سەرکەوتوو نەبوو، بوو بە ئۆپۆزسیۆن و خان سەرۆکێتى.

ئێستا شا‌هباز شەریف دەسەڵاتى گرتووەتە دەست، کە لە سەردەمى ئیمران خاندا ئەو ئۆپۆزسیۆن بوو.

لەدوای جێهێشنی دەسەڵات، ئیمران خان روبەڕوی چەندین تۆمەتی گەندەڵی بووەوە، دیارترینیان فرۆشتنی ئەو دیارییانە بوون، کە بە بەهای دوو ملیۆن دۆلار لەلایەن محمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەوە لە ماوەی سەرۆکایەتی حکومەتەکەیدا بە خانى بەخشی بوو، بەڵام خان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

ئیمران خان کۆتایی ساڵى رابردوو بریندار کرا

ئیمران خان لەدواى جێهێشتنى دەسەڵات ناکۆکییەکانى لەگەڵ دەسەڵاتى ئێستا بەردەوامە، ئەو لە مانگی تشرینی دووەمی 2022دا لەنێو جەماوەرەکى تەقەى لێکرا و برینداربوو. لەسەر روداوەکەش شاهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی تۆمەتبارکرد.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button