بایدن بڕیارى دەستگیرکردنى پوتین بە رەوا ناودەبات

روسیا: دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بوکەڵەى دەستى رۆژئاوایە

زووم, ئاژانسەکان

ئەمریکا، پشتیوانى لە بڕیارى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دەکات، بۆ دەستگیرکردنى پوتین، بەتۆمەتى ئەنجامدانى تاوانى جەنگ لە ئۆکراین، روسیاش بڕیارەکانى دادگاکە بە نایاسایی ناودەبات و “داگیرکردنى” عێراقیش بە بیر دادگاکە دەهێنێتەوە، کە هیچ هەڵوێستێکى نەبووە.

دوێنێ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکراین و گواستنەوەی ناچاری منداڵان لە ناوچە “داگیرکراوەکانی” ئۆکراینەوە بۆ روسیا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا دەرکرد.

لەبارەى بڕیارەکە جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا لە وڵامى رۆژنامەنوساندا رایگەیاند، رونە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا تاوانى جەنگى لە ئۆکراین ئەنجامداوە، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنى لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتییەوە، رەوایە.

هاوکات وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا راگەیەندراوێکى لەبارەى بڕیارەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جیا لە بڕیارەکەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى، ئەمریکاش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی هێزەکانی روسیا تاوانی جەنگیان لە ئۆکراین ئەنجامداوە، بۆیە “پشتیوانى لێپرسینەوەکان لە تاوانەکانی جەنگ دەکەین”.

دەڵێت “گومانی تێدا نییە روسیا تاوانی جەنگ و دڕندەیی لە ئۆکراین ئەنجام دەدات، ئێمەش بە رونی رامانگەیاندووە دەبێت بەرپرسیارانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت”.

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دەسەڵاتى بەسەر روسیادا نییە

ڤاسیلی نەبێنزیا، باڵیۆزى روسیا لە ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى

لەبارەى بڕیارەکە، ڤاسیلی نەبێنزیا، باڵیۆزى روسیا لە ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى رایگەیاند، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بووەتە “بوکەڵەی دەستى رۆژئاوا و لایەنگرى دەکات”.

گوتى “بڕیارە نایاساییەکە مایەى سەرسوڕمانە بەتایبەتى لە سەروبەندی بیستەمین ساڵیادی لەشکرکێشی نایاسایی ئەمریکا بۆ سەر عێراق راگەیەندرا، کە دادگای تاوانى نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەری هەبوو، بەڵام هیچی لێپرسیینەوە لە تاوانباران نەکرد.”

ڤاسیلی نەبێنزیا ئاماژەى بەوەدا روسیا لایەنێک نییە لە پەیڕەوی ناوخۆی رۆما، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر روسیا و هاوڵاتیانیدا نییە. “ئێمە هەر بەڵگەنامەیەک لەلایەن ئەم دەزگایەوە دەربچێت بە نایاسایی و نادروست دەزانین”.

لە باخموت شەڕى کۆڵان بە کۆڵانە

بە بڕیارى پوتین بەرەبەیانى 20ى شوباتى 2022 روسیا هێرشی بۆسەر ئۆکراین دەستپێکرد، هێشتا جەنگەکە لە لوتکەدایە و لە باخموت شەڕى کۆڵان بە کۆڵانە، بەشێکى خاکى ئۆکراین لەلایەن روسیاوە کۆنترۆڵکراوە.

جیهان تاڕادەیەک بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە، زۆرینەى وڵاتانى رۆژئاوا پشتیوانى لە ئۆکراین دەکەن و سوپاى ئۆکراین بە چەکى پێشکەوتووى ئەوان بەرگرى دەکات. بەردەوامیش پشتیوانى خۆیان بۆ ئۆکراین دوپاتدەکەنەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button