کازمی: هەوڵدەدەن بمکەن بە شەیتان

کازمی دەڵێت لە ماوەی 17 ساڵدا 600 ملیار دۆلار دزراوە و بەهەدەردراوە

شەرقولئەوسەت

لە دوای سەدام حسێن، سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵی بومەلەرزە ژیاون. دەسەڵاتەکانی فراوانن و بۆمب و مینی ترسناکیش لەسەر رێگەدایە. دەبێت ئەمریکا هەبێت کە دوای 2003ـەوە ئەم سیستمەی بەرهەمهێنا، دەبێت ئێرانیش هەبێت کە ئەو بۆشاییەی قۆستەوە، کە لە کشانەوەی ئەمریکاوە دروستبووە، بەو واتای سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن تاران و ئەمریکا هەڵدەسەنگێندرێت و پەیوەندییە ئاڵۆزەکەیان کاریگەری لەسەر ئەم دەبێت.

لە ناوخۆشدا لەلایەن کورد و عەرەب هەڵدەسەنگێندرێت و دەبێت چارەسەری گرفتە کۆن و نوێکانی نێوان بەغداد و هەولێر بکات، لەلایەن شیعە و سوننە هەڵدەسەنگێندرێت، ئەرکەکە وا دەردەکەوێت مەحاڵ بێت، ئەرکی ئەو ئەوەیە شکۆ بگەرێنێتەوە بۆ دەوڵەتێک، ئەرکی ئەوەیە کە دەوڵەت لە شەڕێکی نایەکسان لە کاتێکی نەگونجاودا بەدوور بگرێت.

ئەزمونەکەی کازمی (لە ئایاری 2020 بۆ ئۆکتۆبەری 2022) ئەزمونێکی دیار و دڕکاوی بوو، کە چەندینجار هەوڵی کوشتنی درا.

شەرقولئەوسەت لەبارەی ئەزمونەکەی پرسیار لە کازمی دەکات، کە ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە و یەکەم چاوپێکەوتنێتی دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی.

مستەفا کازمی لە دیداری شەرقولئەوسەت
مستەفا کازمی لە دیداری شەرقولئەوسەت

شەرقولئەوسەت: دەستەی دەستپاکی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ ژمارەیەک لە یاریدەدەرە نزیکەکانی رابردووت، وەڵامی تۆ چیە؟

کازمی: لە هەفتەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتەکەم پرۆسەی بە شەیتانکردنم دەستیپێکرد، گروپەکانی دەرەوەی دەوڵەت، دژی هەر کارێک وەستانەوە کە بەرژەوەندی گەلی تێدایە، دەیانویست شکستبهێنن بەم ئەزمونە مەدەنیە، بەڵام لەسەر بەڵێنی خۆمان بووین لەگەڵ گەلەکەمان و پابەند بووین بەو دۆسیانەی لە بەرنامەی کارماندا هەبوو، حکومەت بەگوێرەى پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە بارودۆخێکی زۆر باشتردا رادەست کرا لەو رۆژەی کە وەرمانگرت.

پرۆسەی بە شەیتانکردنمان بەردەوام بوو تەنانەت دوای تەواوبوونی ئەرکەکەشمان، ئەو مافانەیان زەوتکرد، کە یاسا دابووی بە سەرۆکوەزیران، چەندین رێکاری تۆڵەکردنەوە و پڕ قینە گیراونەتەبەر کە دەخوازین دامەزراوەکانی دەوڵەت دووربن لێی، بە ئاشکرا رامانگەیاند، کە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی شەفافمان قبوڵە لە هەر دۆسیە و بابەتێک بێت، ئەم رێوشوێنانە لە چوارچێوەیەکی سیاسیدایە وەک کاردانەوەیە بەرامبەر ئەو رێبازەی کە ئێمە گرتمانەبەر، کە ئامانجی ئەوە بوو دەوڵەت بتوانێت رۆڵی دامەزراوە شەرعیەکانی بگەڕێنێتەوە، هەروەها لە وەڵامی ئەو سیاسەتە میانڕەویەی دەرەوەدا گرتبوومانە لەژێر رۆشنایی خوێندنەوەی ئێمە بۆ بەرژەوەندییەکانی عێراق.

 شەرقولئەوسەت: دووپاتی دەکەیتەوە کە تێنەگلاویت لە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی یان قەڵغان نەبووی بۆ گەندەڵکاران؟

کازمی: بەدڵنیایی جەختدەکەمەوە کە تێنەگلاوم لە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵی و پارێزگاریم لە کەسی گەندەڵیش نەکردووە، بەپێچەوانەوە کاتێک یەکێک لە ناسیاوەکان تێوەگلا لە دۆسیەیەکی گەندەڵی هیچ دەستوەردانم نەکرد، هەرچەد فشاری زۆرم خرایە سەر، ئێستاش ئەو کەسە و ئەوانەی بەرگری لێدەکەن بەشێکی گەورەن لەو پرۆسەی بەشەیتانکردنەی من، پێش دیدارەکەش پێمگوتی من کەسێکی چاکسازیخوازم، تاکە بەرپرسی عێراقیم هیچ خزم و کەسێكی خۆمم لە دەوڵەت دانەمەزراند، راستە برایەکم فەرمانبەر بوو لە سەرۆکایەتی وەزیران، بەڵام ئەو چوار ساڵ پێشتر و پێش دەستبەکاربوونی من دامەزرابوو، بەگوێرەى یاسا خانەنشین کرا دوای دەستبەکاربوونی من.

دوای بەجێهێشتنی ئەرکەکەم بڕیارمدا چیتر بێدەنگ بم وەک رێزگرتنێک بۆ حکومەتی ئێستا، بەڵام شێواندن و گرژیەکان لە دژی خۆم و حکومەتەکەم بەردەوامن و گەیشتوونەتە ئاستێک کە ناچار بووم بێدەنگی بشکێنم.

شەرقولئەوسەت: بوونت لەو پێگەیە هیچ دەستکەوتێکی دارایی نەبوو؟

کازمی: من پێش سەرۆکوەزیرانی و ئێستاش لە هەمان خانوودام کە 20 ساڵە تێیدا دەژیم، من دۆسیەی گەندەڵی زۆرم ئاشکرا کرد، لە یەکەم نوسراو کە لە ئابی 2020 دەرم کرد داوام کرد لێکۆڵینەوە بکرێت لە دۆسیەی باجەکان، داوام لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەسپاکی کرد لە دۆسیەی باجی کۆمپانیا نەوتیەکان بکۆڵنەوە، ئەو دۆسیەیەی ناونراوە بە “دزی سەدە” ئێمە ئەو بابەتەمان ئاشکرا کرد، بەڵام ئێستا وایلێهاتووە ئەوەی کە بە دوای دۆسیەکەوە بوو تۆمەتبارە و دزەکانیش بێ گوناهـ،

کە حکومەتم وەرگرت بودجەی 2020 نەبوو دواتر 2022 بەهەمان شێوە بودجە نەبوو، تەنها پێنج مانگ من بودجەم لەبەردەستبووە، فراکسیۆنە سیاسییەکان هاوکارم نەبوون، بەڵام لە قەیرانی ئابوری دەرچووین.

 شەرقولئەوسەت: بۆچی بودجە لەبەردەستان نەبوو؟

کازمی: لەبەرئەوەی دەترسان و نەیاندەویست حکومەت سەرکەوتوو بێت، دەیانویست حکومەت بکەن بە قوربانیەک بۆ هەڵەکانی خۆیان، نەیاندەهێشت دەستمان بە بودجە بگات دەیانگوت دواتر لە هەڵبژاردن سودی لێدەبینن و سەرکەوتنی خۆتان یەکلادەکەنەوە.

دەیانەوێت حکومەتەکەم بکەن بە شەیتان و هەڵە و کەموکورتی 20 ساڵی رابردوو بخەنە ئەستۆمان، باسی چی گەندەڵییەک دەکەن کە دوو ساڵ بێ بودجە بووم؟ بەهەردەردانی کامە پارە؟

شەرقولئەوسەت: تەنها 6 مانگ بودجەت لەبەردەستا بوو؟

کازمی: لە 28 مانگ تەنها 5 مانگ بودجەم لەبەردەستبوو لە تەموزی 2021 بۆ کۆتایی ساڵی 2021، باسی کام گەندەڵی دەکەن؟ پێش من ئەم دەوڵەتە نوقمی گەندەڵی بوو، زیاتر لە 600 ملیار دۆلار پارەی عێراق بەهەدردراوە و دزراوە، ئێمە دۆسیە گەندەڵییەکانمان دەرخست بەس ئێستا ئێمە تۆمەتبار دەکرێین، ئەمە شێواندنی رای گشتیە و لایەنی حکومی و حزبی و میلیشیایی بەشدارن لەم پرۆسەیە، بەڵام گەلی عێراقی توانای جیاکردنەوەی راستیەکانی لە درۆ هەڵبەستراوەکان هەیە.

شەرقولئەوسەت:  600 ملیار دۆلار لە ساڵی 2003 بۆ 2020؟

کازمی: بەڵێ 2003 تاوەکو ناوەڕاستی 2020

شەرقولئەوسەت: بۆ کوێ چووە؟

کازمی: چووە بۆ لایەنە سیاسییەکان، بۆ وەبەرهێنانە گەندەڵەکان، بۆ سەرکردەی گروپەکانی دەرەوەی دەوڵەت، نێردراون بۆ جەنگی بێ مانا لە دەرەوەی عێراق، حکومەتەکانی پێشوو و ئەو پارانەی بەهەدەریان داوە راستی ترسناک و شۆکهێنەری تێدایە.

شەرقولئەوسەت: چۆن ئەم بڕە لە پارە دیارنامێنێت؟

کازمی: لە پرۆژەی خەیاڵی دیار نامێنن، لە کردەی سەربازی دەرەوەی عێراق سەرفکراون، پارەکان دراون بە حزبەکان و ئەوانیش داویانە بە هێزە چەکدارەکانی ناوەوە و دەرەوەی عێراق، لە سەردەمی مندا یەک دۆلاریش بۆ ئەو لایەنانەی دەرەوەی دەوڵەت نەچووە، هەڵوێستم زۆر توند بوو لەمەیا بۆیە ئێستا بوونەتە دوژمنم.

شەرقولئەوسەت: واتە تۆ ناردنی پارە و بۆ چەکدارانی و میلیشیاکان راگرت؟

کازمی: بەڵێ لەسەردەمی مندا هیچ کەسێک نەیدەتوانی هیچ پارەیەکی دەوڵەت بەهەدەربدات و بینێرێت بۆ گروپەکانی دەرەوەی دەوڵەت.

شەرقولئەوسەت: کەی ناوت پێشنیازکرا بۆ سەرۆکوەزیران؟ لە چی بارودۆخێکدا بوو؟ کێ پێشنیارەکەی کرد؟

کازمی: لە ساڵی 2018 و دوای کۆتاییهاتنى حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی لەلایەن لایەنە شیعەکان ناوم پێشنیازکرا، بەو پێیەی شیعەکان گەورەترین چوارچێوەی سیاسییە لە عێراق، بەداخەوە وەک عورفێک دابەشکراوە سەرۆکوەزیران بۆ شیعە، پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆککۆمار بۆ کورد، ئەو کات کە داوام لێکرا، بەڵام قبوڵم نەکرد.

شەرقولئەوسەت: ئەو کات بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی بوویت، بۆ ئەم داواکارییەت قبوڵ نەکرد؟

کازمی: لەبەرئەوەی نەمدەتوای وەک سەرۆکوەزیران سەرکەوتوو بم، من نە حزبم هەیە نە فراکسیۆنی پەرلەمانی، بەدەر لەوەش لایەنەکان هەندێک مەرجیان دانا کە بەلامەوە سەخت بوو قبوڵی بکەم، چونکە کاریگەری بۆ سەروەری عێراق دەبوو، مشتومڕێکیش هەبوو لە نێوان من و عادل عەبدولمەهدی کە دواتر ئەو پۆستەکەی وەرگرت.

شەرقولئەوسەت: گفتوگۆکە لەسەر چی بوو؟

کازمی: ناوی هەردوکمان پێشنیازکرابوو، من پێمگوت وازدەهێنم، بەڵام ئامۆژگاریت دەکەم کە وریابیت، چونکە لە کاتێکی سەختدا کاردەکەیت، فراکسیۆنە سیاسیەکانیش رێگەت پێنادەن کاری جدی بکەیت، ئەو قسانە ساڵی 2018 بوو.

روداوەکانی ئۆکتۆبەری 2019 رویدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی سیاسی و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان دەکرد، حکومەت رێکاری نالۆژیکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندەران بەکارهێنا 600 شەهیدی گەنجمان دا و بە خوێن ساردی کوژران، 3500 کەمئەندامبوون، 24 هەزاری دیکەش برینداربوون، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە، دووبارە داوا لە من کرایەوە.

رەتمکردەوە، چونکە بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بوو، زۆرێک لە شارەکان بەدەست خۆپیشاندەرانەوە بوون بارودۆخی سیاسی یارمەتیدەر نەبوو، ناوی چەند کەسێکم پێشنیاز کرد هیچیان قبوڵ نەکران، لە قۆناغی کۆتایی رازی بووم پۆستەکە وەرگرم، چونکە دەمبینی عێراق خەریکە بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت، بۆیە بەرپرسیارێتیەکەم بەبێ هیچ گرەنتیەکی سەرکەوتن وەرگرت و گوتم با نەزیفی عێراقیەکان بوەستێت، ئەرکی من ئەنجامدانی دەنگدانێکی پاک و بێگەرد بوو کە شەقام متمانە بکاتەوە بە سیستمی سیاسی، لەمەدا سەرکەوتوو بوین.

شەرقولئەوسەت: دەگوترێت سیستانی هاوسۆز بووە لەگەڵ حکومەتەکەت

کازمی: رێبازی رێبەری باڵا بەو جۆرەیە کە ناوی کەسێکی دیاریکراو ناهێنێت بۆ سەرۆکوەزیران، بەڵام جەختیکردەوە لەسەر ئەو خاڵە سەرەکیانەی کە لە بەرنامەی حکومەتەکامان هەبوو، کە رێبەری باڵا بە نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانی گوتبوو دەمانەوێت هەڵبژاردن دوانەکەوێت و شکۆی دەوڵەت بسەپێندرێت و رێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نەدرێت.

شەرقولئەوسەت: چۆن سەرۆکایەتی وەزیرانت وەرگرت؟

کازمی: لە شەشی ئایاری 2020 دەسەڵاتم وەرگرت بارودۆخی ئابوری زۆر خراپ بوو، خەڵک لەسەر شەقام بوو داواکاری هەبوو، کۆرۆنا هەبوو، قەیرانی داڕمانی نرخی نەوت هەبوو، توانای پێدانی پارەی خانەنشینیمان نەبوو، یەدەگی بانکی ناوەندی دابەزیبوو بۆ 49 ملیار دۆلار، یەدەگی ئاڵتون کەمبووبۆوە بۆ 95 تۆن.

دوای دوو ساڵ یەدەگی بانکی ناوەندی بەرزبووەوە بۆ 90 ملیار دۆلار، ئاڵتونیش بۆ 136 تۆن، ئێمە ئاوا حکومەتمان رادەستکرد.

شەرقولئەوسەت: لە نێوان واشنتن و تاران، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کوێدایە؟

کازمی: عێراق لەنێو عێراقدایە لەنێو بەرژەوندیەکانیەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی دیکە و لەسەر بنەمای پەیوەندی دەوڵەت بە دەوڵەت و هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان، بەرژەوەندی عێراق لەپێش بەرژەوەندی ئەوانی دیکەوەیە، بەدڵنیاییەوە، ئێمە بەرگری لە بەرژەوەندیی خۆمان دەکەین، رێز لە بەرژەوەندی ئەوانی دیکە و پەیوەندی دەوڵەت بە دەوڵەت دەگرین بەبێ ژێردەستەیی، ئەمە یاسای دروستە لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی نزیک و دوور.

شەرقولئەوسەت: یەکەم سەردانت بۆ تاران چۆن بوو دوای دەستبەکاربوونت، چاوت بە کێ کەوت؟

 کازمی: حەسەن روحانی، سەرۆکی وڵات کە لەوپەری بەرپرسیاریەتیدا بوو، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەو کات زۆر بە رونی گوتم پێویستمان بە پەیوەندی دەوڵەت بە دەوڵەتە، پێویستمان بە دەستوەردان لە کاروباری عێراق نییە، ئێمە سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاوکارمان بوون لە جەنگی داعش و ئەوە لەیاد ناکەین.

شەرقولئەوسەت: دیدارت لەگەڵ خامەنەئی چۆن بوو؟

کازمی: دیدارێکی پر لە راستگۆیی بوو کە گوتمان عێراق وڵاتێکی دراوسێیە و وڵاتێکی عەرەبییە و موسڵمانە، هاوسەنگی دەوێت لە پەیوەندییەکانی، عێراق دژی ئێران نییە، بەڵام تایبەتمەندی خۆمان هەیە و دەبێت لێمان تێبگەن تەنانەت لە پەیوەندیشمان لەگەڵ ئەمریکا، کە عێراق پێویستی بە ئەمریکایە ئەوان هاوکارمان بوون بۆ رزگاربوون لە سەدام و لە جەنگی دژ بە داعش و بە روونیش گوتویانە رێز لە سەروەری عێراق دەگرین.

شەرقولئەوسەت: رێبەری ئێران گوتی ئێمە رێز لەو تایبەتمەندیانە دەگرین؟

کازمی: بەڵێ گوتی ئێمە رێز لە عێراق و ئەو سیاسەتە دەگرین کە لەپێناو بەرژەوەندی خۆی پەیڕەوی دەکات.

شەرقولئەوسەت: ئێرانیەکان سەرۆکوەزیرانی عێراق بەکاردەهێنن بۆ گەیاندنی پەیام بە ئەمریکا؟ بەم ئاراستەیە رۆڵت بینیوە؟

کازمی:بەڵێ پەیام و نامەی زۆرهەبووە لە نێوان ئێرانیەکان و ئەمریکا لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا، بەتایبەتی کاتێک چەند گروپێکی چەکدار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکایان دەکرد لە بەغداد لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، کە ئێمە هەمیشە رۆڵی هێورکەرەوەی دۆخەکەمان بینیوە.

شەرقولئەوسەت: دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێرانیەکان داوایان لە عێراق کرد پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکادا بپچرێنێت؟

کازمی: روداوی کوشتنی جەنەراڵ قاسم سولەیمانی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق بوو، لەنێو خاکی ئێمە و نزیک فڕۆکەخانە رویدا، هەڵوێستی حکومەت رون بوو، ئەو روداوە بڕیارێکی تەواو ئەمریکی بوو، هیچ کاریگەری و دەستوەردانێک نەبوو لەو بابەتە چی لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و چی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی عێراق.

من ئەو کات سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بووم، ئێران داوای پچرانی پەیوەندی نەکرد لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام هاوپەیمانەکانیان لە عێراق داوای پچڕانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکایان کرد لەگەڵ دەرکردنی ئەمریکییەکان، بەڵام حکومەتی ئەو کاتی عێراق نەچوە ژێر باری ئەو فشارانە.

شەرقولئەوسەت: تۆش لەکاتی سەرۆکوەزیرانی نامە و پەیامت دەگواستەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران؟

کازمی:بەڵێ بە بەردەوام و چەند دانوستانێکیش هەبوو، بەشداربووین لە پرۆسەی ئازادکردنی دەستگیرکراوان.

شەرقولئەوسەت: کام دەستگیرکراوانە؟

کازمی:زیندانی ئەمریکی بوون لە ئێران هەندێکیشیان بە رەچەڵەک ئێرانی بوون.

شەرقولئەوسەت: لە ئێران چاوتان بەو دەستگیرکراوانە کەوت؟

کازمی:بەڵێ بەشێکیان

شەرقولئەوسەت: دیدارەکە راگەیاندراو بوو؟

کازمی:نەخێر نهێنی بوو

شەرقولئەوسەت: کێن ئەوانە؟

کازمی:ئەمریکی بەرەچەڵەک ئێرانی بوون نێوەندگیریمان کرد بۆ ئازاد بوونیان و چەند دانوستانێکمان کرد.

شەرقولئەوسەت: گفتوگۆی سعودیە و ئێران بەرەوپێشچووە؟

کازمی:گفتوگۆکانیان راشکاوانە و راستگۆیانەیە پێشبینی دەکەم بە زوویی پەیوەندییەکانیان باش ببێتەوە، بەرەوپێشچوون رویداوە و یەکەم بەرەوپێشچوون ئەوە بوو بۆ یەکەمجار چاویان بەیەک کەوت و دیداریان بەست، گوێیان لەیەک گرت و راوبۆچونیان گۆڕیەوە، دان بە هەندێک هەڵەدانرا وەک ئەوەی بەسەر باڵیۆزخانەی سعودیا هێنرا لە ئێران.

شەرقولئەوسەت: باسی بارودۆخی یەمەن و لوبنانیان کرد؟

کازمی:باسی هەموو شتێکیان کرد.

شەرقولئەوسەت: بەتەنها خۆیان کۆدەبوونەوە؟

کازمی:نا من ئامادە دەبووم لە دیدارەکان، جار هەبوو دیدارەکان پێنج بۆ شەش سەعاتیان دەخایاند.

شەرقولئەوسەت: دیدارەکان لە کوێ بوون؟

کازمی:لە شوێنێکی نهێنی بەغداد.

شەرقولئەوسەت: ئاسایشیان پارێزراو بوو؟

کازمی:بەدڵنیایی بۆ ئەوەی کەسیان روبەڕوی مەترسی نەبنەوە.

شەرقولئەوسەت: گەورەترین دۆسیە کە روبەڕوت بووەوە لە کاتی سەرۆکوەزیران چی بوو؟

کازمی:ئابوری دۆسیەیەکی گەورە بوو بەبێ بودجە، چەکی بێ مۆڵەت گەورەترین ئاڵنگاری بوو.

کازمی: سێ جار هەوڵی تیرۆرکردنم دراوە

شەرقولئەوسەت: چەندجار هەوڵی تیرۆرکردنت دراوە؟

کازمی:سێ جار,

شەرقولئەوسەت: کامە بوو؟

کازمی:دەروازەکان بەدەست هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە بوو، پارەی وڵات دەدزرا، بە هەڵمەتێک چوومە هەموو دەروازەکانی عێراق لە بەسرەوە تاکو شەلامجە و بۆ مەندەلی، بۆ راوەستاندنی ئەم پێشێلکاریە، لە کاتی گەڕانەوەم بە هێلیکۆپتەر لە عەمارەوە بەر دەستڕێژی گولە درام.

شەرقولئەوسەت: کێ بوون؟

کازمی:هێزی چەکداری دەرەوەی دەوڵەت بوو، شانە چەکدارەکان دەستیانگرتبوو بەسەر دەروازەکانی عەمارە.

هەوڵی دووەم ئەو کاتە بوو، ژمارەیەک خێزانی سونی بە خوێن ساردی لەلایەن هێزێکی چەکدار کوژرابوون لە گوندی فەرحانیە لە سەڵاحەدین، چووین بۆ خوێندنی فاتیحا، لە رێگەدا موشەک ئاراستەی ئوتومبێلەکانمان کرا، زانیمان چی لایەنێکە و پەیوەندیمان کرد پێیانەوە، دانیان نا بەکارەکەدا، بەڵام پاساویان هێنایەوە کە گوایە راهێنانیان کردووە.

شەرقولئەوسەت: هەوڵی سێیم کامە بوو؟

کازمی:دوو درۆن ئاراستەی شوێنی نیشتەجێبوونم کرا لە ناوچەی سەوز، زەرەری زۆری دا و لە نهۆمی سەرەوەی خانوەکەی دا کە خۆم لە نهێنی زەمینی بووم، دەیانویست بمکوژن.

شەرقولئەوسەت: سەدام حسێنت بینیوە؟

کازمی:بەڵێ لە یەکەم دانیشتنی دادگاییەکەی.

شەرقولئەوسەت: بۆچی چوویت؟

تەرمی سەدام حسێن لە نزیک ماڵی ئێمە و نوری مالکی فڕێدرابوو

کازمی:ساتێکی مێژوویی و سەخت بوو بۆ عێراق چووم بۆ بینینی ئەو ساتە مێژووییە، بەڵام بەداخەوە قوربانییەکان تاوانەکانی سەدامیان لە شتی کەسیا بچوک کردەوە ئوتومبێل و خانوو چی و چی…تاوانەکانی سەدامیان بچوک کردەوە.

شەرقولئەوسەت: هەر ئەو جارە بینیت؟

کازمی:دوای لەسێدارەدانی لاشەکەیان لە ناوچەی سەوز فڕێدا لەنێوان ماڵی من و نوری مالکی، دژی ئەم کارە بووم و داوام لە سەربازەکان کرد لە لاشەکە دوربکەونەوە و پێویستە رێزی مردوو بگیرێت.

شەرقولئەوسەت: تەرمەکەیان هێنا بۆ لای ماڵی مالکی؟

 کازمی:بەڵی مالکی لە شەودا فەرمانی کرد بە رادەستکردنی لاشەکەی بە یەکێک لە شێخەکانی خێڵی “نەدا” و لە 2012 لە تکریت ناشتیان، دوای هاتنی داعش تەرمەکەی دەرهێنراوە و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نهێنی و کەس نازانێت لە کوێیە، گۆڕی کوڕەکانیشی شێوێنراوە.

شەرقولئەوسەت: کوشتنی توێژەر “هیشام هیشامی” نامەیەکی توند بوو بۆ تۆ؟

کازمی:کوشتنەکە دڕندانە بوو دوای چەند رۆژێک لە دەستبەکاربوونم بوو، نامەیەکی ترساندنی روون بوو بۆ من و هەموو نزیکەکانم، ئەو زۆر هاوڕێم بوو، تەواوی ئەو شەوە لە خەم و توڕەیدا خەوم لێنەکەوت، تاوانبارانمان لە ساتەکانی سەرەتاوە دۆزیەوە.

شەرقولئەوسەت: کێ بوون ئەوانەی کوشتیان؟

کازمی:تیمی مەرگ بوو، بوونیان لە دەزگایەکی ئەمنی بەکارهێنابوو بۆ چەندین تاوان وەک کوشتنی چالاکان و رۆژنامەنووسان، بەرپرسی کوشتنی هیشام ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بوو کە لەگەڵ هێزێکی چەکدار دەستی تێکەڵ کردبوو، دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا لە زیندانە.

شەرقولئەوسەت: سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بوویت، چیرۆکی سەدام جمل چی بوو؟

کازمی:سەدام جمل یەکێک بوو لە سەرکردەکانی داعش و سوریا، هەواڵی کوژرانی بڵاوکرابووەوە لە ساڵی 2015 کە ئەرکی جێبەجێکردنی هێرشەکان بوو، بەڵام هەواڵمان پێگەیشت کە زیندووە، پلانێکمان دانا و پەیوەندیمان لەگەڵی بەست، داوای پارەی دەکرد لە یەکێک لە دەوڵەتەکان.

رێککەوتین هاوکاری دارایی بکەین و خۆمان وەک لایەنێکی دیکەى ناوچەکە پێناساند، گرەنتیمان دایە و ناردمان بە دوایا لە سوریا و هێنامانە بەغداد، خۆم بینیم و میوانداریمان کرد دوایی سەری سوڕما کە زانی لە عێراقە و دەستگیرکراوە، نەیدەزانی من عێراقیم.

شەرقولئەوسەت: لە ناو داعش کەسی هەواڵدەرتان هەیە؟

کازمی:بەڵێ سات بە سات لە جوڵەکان ئاگادارمان دەکەنەوە.

شەرقولئەوسەت: بۆچی ئەمە ئەکەن؟

کازمی:لەپێناو پارە و زەمان کردنی داهاتووی خۆیان، هەندێکیان دەزانن کارەکەیان هەڵەیە و تێوەگلاون لەگەڵ داعش.

شەرقولئەوسەت: کێ پشتگیری دارایی داعشە؟

کازمی:پشتگیریە داراییەکانی لە بەقاچاخبردنی نەوت و بازرگانی ئاسەوار دزی دەستدەکەوێت.

شەرقولئەوسەت: دزینی ئاسارەکانی عێراقیش؟

کازمی:عێراق و ئێرانیش، بەڵام زیاتر هاوکاریان لە قاچاخی نەوتەوە دەستدەکەوت، چونکە بەرمیلێک نەوتیان بە نزیکی 18 دۆلار دەفرۆشت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button