دوایین راپرسی: جەهەپە یەکەمە و کلچدارئۆغلۆ لە خولی یەکەمدا سەردەکەوێت

هەدەپە سەروو 11٪ دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و لە پلەی سێیەمدایە

بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجامداوە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە پلەی یەکەمدا دەبێت و کاندیدەکەشی بە جیاوازیەکی زۆر سەردەکەوێت. هەروەها پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سێیەم پارتی تورکیا دەبێت.

کۆمپانیای “پیار”ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆڵینەوەکان کە کۆمپانیاییەکی ناسراوە لە تورکیا، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا. راپرسیەکە لە 12 پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجامدراوە و هەزار و 460 کەس بەشداریان تێیدا کردووە.

ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیە بووە:

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 32.3٪

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 30.8٪

پارتی دیموکراتی گەکان (هەدەپە) 11.6٪

ئیی پارتی (پارتی باش) 8.3٪

پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 7.1٪

پارتی ئاییندە 3.7٪

پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) 2.1٪

پارتی گەورە تورکیا (بەتەپە) 1.8٪

ئەوانەی دیکە 2.3٪

کۆمپانیای “پیار” هەروەها پرسیاری لە بەشداربووانی راپرسیەکە کردووە کە دەنگ بە کام کاندیدی هاوپەیمانێتیەکان دەدەن و ئەنجامەکەی بەم شێوەیە بووە:

کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل کە بە ئەگەرێکی زۆر هەدەپەش دەنگی پێدەدات 57.1٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی ئاکەپە کە ئەگەری زۆرە بە فەرمی ببێتە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار 42.9٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، لە تورکیا بە تەواوی پرسی هەڵبژارنەکان یەکلایی کرایەوە. هاوپەیمانی گەل (شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن)، دوای نزیکەی ساڵێک لە دانوستان و ناکۆکی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندیدی کرد. دوێنێ 10ی ئازاریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی 14ی ئایاری وەک رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دیاری کرد.

هەواڵی زیاتر

Back to top button