لە پەرلەمانی ئەوروپاوە..کۆنفڕانسێک سەبارەت بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پارتی سۆسیالدیموکرات و پارتی چەپ و سەوزەکان لەپەرلەمانی ئەوروپا، حەڤدەهەمین کۆنفڕانسی ئەوروپایان ئەنجامدا سەبارەت بە کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جینۆسایدو پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ کە دژ بە کورد ئەنجام دەدرێت.

کۆنفڕانسەکە دوێنێ 8ی ئازار لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا دەستیبەکارەکانی کرد و ئەمرۆش بەردەوام بوو بە بەشداری چەندین کەسایەتی جیهانی و پارتی سیاسی و پەرلەمانتاری ئەوروپی.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی مەسەدە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە، لەناو هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپاوە، ئاماژەی بە هێرش و دەستدرێژییەکانی تورکیا کرد بۆ سەر خاکی کوردستان، ئەو گوتی، “تورکیا بە بەردەوامی هێرشدەکاتە سەر رۆژئاڤای کوردستان و هەرێمی کوردستان، لە ناوخۆدا هاوڵاتیەکانیان دەکوژێت”.

هاوسەرۆکی مەسەدە ، رووی لە وڵاتانی کیشوەرەکە کرد و گوتی، “ئەگەر تورکیا دیموکراتی پەیڕەوبکات، ئەوا ئەوروپاش بەهێز دەبێت”.

ھاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە)، گوتیشی، “ئەگەر تورکیا بەرەو دیموکراسی و ئاشتی و سەقامگیریی هەنگاو بنێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە ئەندامێکی بەهێزی ئەوروپا و بە شێوەیەکی بەهێز پشتگیری لە یەکێتیی ئەوروپا بکات، بەڵام دەوڵەتێکە کە هەموو کاتێک لەنێو شەڕدایە و گەلی خۆی دەکوژێت.”

هاوسەرۆکی مەسەدە راشیگەیاند، تورکیا بە بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات و بەمەش یەکێتیی ئەوروپا بریندار دەبێت “بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەهێز بێت و لەسەر پێ بمێنێتەوە، پێویستە دەوڵەتی تورکیا، مافەکانی مرۆڤ لە دەستووری خۆیدا بنووسێتەوە و جێبەجێی بکات.. بۆ ئەوەی هەموو گەلانی نێو تورکیا بتوانن پێکەوە بژین، خاوەن ناسنامە بن و ئەم قسانە بۆ سوریاش راستە و دەبێت لە سوریاش جێبەجێ بکرێت”.

ئیلهام ئەحمەد باسی کە هێرشەکانی تورکیا کرد بۆ سەر سنوری هەرێمی کوردستان “چەندین ساڵە تورکیا هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی سەربەخۆیە و لەنێو سنورەکانی عێراقدا دانی پێدانراوە، بەڵام بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیاوە، روبەڕوی مەترسی لەناوچوون دەبێتەوە.. هەموو رۆژێک هێرش دەکرێتە سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتن و ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقیش تێک دەچێت.. کاریگەریی دەکاتە سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و سەرچاوەی هەموو کێشەکان تورکیایە”.

سالار مەحمود، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووان، سالار گوتی لە کۆنفڕانسەکە بابەتێک پێشکەشدەکەم لەسەر جینۆسایدی کورد بەتایبەتی قۆناغەكانی بەكارھێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستانی عیراق.

سالار مەحمود دەڵێت، شیرین عەبادی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ئێران، دیزموند توتۆ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ئەفریقیای باشور، بیانکا جاغر سەفیری کاری چاکە لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوام چۆمسکی و  لەیلا زانا پشتیوانی ئەم کۆنفرانسە دەکەن.

سالار دەشڵێت “ئەم کۆنفرانسە بایەخی دیبلۆماسی و سیاسی ھەیە. بەڵام لە ناوەندە سیاسیەکانی کوردستانی عیراق و میدیاکاندا بایەخی پێ نادرێ!”

هەواڵی زیاتر

Back to top button