بۆچی سودانی سەردانی میسری کرد؟

زووم:

محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (5ی ئازاری 2023) بە سەردانێکی چەند کاتژمێریی گەیشتە قاهیرە، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی میسر پێشوازیی لێکرا و دواتر لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی وڵاتەکە کۆبووەوە.

فوئاد حسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسیر داود وەزیری بازرگانی، یاوەری محەمەد سودانی بوون لە سەردانەکەیدا بۆ میسر، کە نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند.

چاوەڕێدەکرێت رێککەوتننامەی “نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە” زیندوو بکرێتەوە

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری میسر، رایگەیاند سودانی و سیسی لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆبوونەتەوە و باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

ئەمڕۆ، قاهیرە: ساتی پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق
ئەمڕۆ، قاهیرە: ساتی پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانی عێراق

سکای نیوز، بڵاویکردەوە، سەردانەکەی سودانی لە ساتەوەختێکی “گرنگ”دا بووە، ئامانجی سەرەکیش تاوتوێکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە.

سەرچاوەکە لە زاری ژمارەیەک شرۆڤەکاری سیاسییەوە، ئامانجی سەردانەکەی لەم چەند خاڵەدا کورتکردووەتەوە:

  • سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بایەخەوە تەماشای میسر دەکات، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە زیادبکات، جگەلەوەی هانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکە بدات بەشداریی کاریگەرییان هەبێت لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراقدا.
  • سودانی هەوڵدەدات، کۆمپانیا میسرییە “بە ئەزموونەکان” رازی بکات بەشداریی لە بنیاتنانەوەی پاڵاوگەکانی عێراق و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و دروستکردنی وێستگەی کارەبادا بکەن.
  • سودانی هیواخوازە پەیوەندییەکی بەهێز ئابووری و بازرگانی لەنێوان عێراق و میسر و ئوردندا دروستبکات، سەرباری وڵاتانی کەنداو.
  • تاوەکو ئێستا میسر خۆی پاراستووە لە ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێز و لایەنە جیاوازەکانی عێراقدا پاراستووە و بەهەمان دووریی مامەڵەی لەگەڵ هەموویاندا کردووە، ئەمە رێخۆشکەرە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر و زیاتر لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکە پەیوەندیی دروستبکات.
  • سەردانەکەی سودانی گرنگ و مێژووییە، چاوەڕێدەکرێت 21 رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزابکرێن، جگە لە کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی “نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە”. واتە عێراق نەوت بداتە میسر، ئەوانیش هاوکاریی و یارمەتیی زیاتر پێشکەشی بەغداد بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا.
  • لەسەر ئاستی ئەمنی، عێراق و میسر هاوکاریی مێژینەیان هەیە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button