عێراقى ئەبو نەواسی شاعیری مەی ماڵئاوایی لە مەی دەکات

بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی مەی چووە بواری جێبەجێکردنەوە

زووم، ئاژانسەکان:

رۆژی شەممە 4ی ئازاری 2023، دەستەی گشتی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، چیتر هاوردەکردنی مەی بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە بۆ نێو عێراق، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یاسای “قەدەغەی هاوردەکردنی مەی” چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە یاساکە جێگەی مشتومڕە و چاودێران بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان دەیبینن.

دەستەی گومرگەکان لە نوسراوێکدا بۆ سەرجەم بازگەکان و خاڵە گومرگیەکان رایگەیاندووە، هاتنە ناوەوەی خواردنەوە کهولیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە.

دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، بۆ ئەم بڕیارە پشتیان بەستووە بە یاسای ژمارە 1ی داهاتی شارەوانییەکان، کە لە مادەی 14ی یاساکەدا هاتووە، هاوردەکردن و دروستکردن و فرۆشتنی مادە کحولییەکان بەهەموو جۆرەکانیەوە قەدەغەیە.

بەگوێرەی یاساکە سەرپێچیکاران سزادەدرێن بە غەرامەکردن کە بڕەکەی لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

یاساکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016 کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا، بەڵام لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاونەکرایەوە و نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەو پێیەی لەو کاتەدا مشتومڕی زۆری دروستکرد و بەشێک لە پەرلەمانتاران و چاودێران بە نادەستوری ناویان دەبرد.

بەڵام لە دوای حەوت ساڵ و لە 22ی شوباتی ئەمساڵ یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاساکە پێچەوانەی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە لە 14ی شوباتی ئەمساڵ دەریکردووە، کە رێژەی باجی لەسەر ماددە کحولیە هاوردەکراوەکان بە رێژەی 200٪ دیاریکردووە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، بە زوومی گوت، ئەم بڕیارەی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بڕیاری لەو شێوەیە پێویستە سەرەتا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسەندی دەکات دواتر دەنێردرێت بۆ گومرگەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لەوبارەیەوە نەهاتووە بۆ ئێمە، کەواتە هاوردەی مادە کحولییەکان لە هەرێم قەدەغە نەکراوە.

یاساکە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، پێنج پەرلەمانتاری فراکسیۆنی مەسیحیەکان لە پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو تانەیان لە بڕیارەکەدا لەبەردەم دادگای فیدراڵی و دەڵێن “یاساکە پێچەوانەی و دەستورە و رێزی کەمینەکان نەگیراوە”.

ناوی بەغداد بە ئەبو نەواسی شاعیرەوە بەستراوەتەوە کە یەکێک بووە لەو شاعیرانەی زۆرێک لە شیعرەکانی بەسەر مەیدایە و بە “شاعیری مەی” ناسراوە.

هەر چەندە یاساکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام فرۆشیارانی مەی لە بەغدادی پایتەخت و ناوچەکانی دیکە بەردەوامن لە کارەکەیان و یاساکە کاریگەری نەبووە تاوەکو ئێستا.

مستەفا سەعدون، کە لە روانگەی مافی مرۆڤی عێراقی کاردەکات بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، مادەی 14ی یاساکە دژی دەستورە و ئازادیەکان بەرتەسک دەکاتەوە، ئەمە بەشێکە لەو زنجیرە یاسایانەی حکومەت لە رێگەیەوە ئازادی بەرتەسک دەکاتەوە کە لە دەستگیرکردنی بلۆگەرەکانی یوتوبەوە دەستیپێکرد بە پاساوی “بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ئاست نزم”.

موراد ئیسماعیل، چالاکوانی ئێزیدی لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تویتەر دەڵێت، لە کاتێکدا جیهان لەکرانەوەدایە و مرۆڤ ئازاد دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی، بەڵام لە عێراق ئیرادەی کۆمەڵێک دەسەپێنرێت بەسەر هەموو خەڵکدا.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button