ئەردۆغان: 14ـى ئایار هەڵبژاردنەکانى تورکیا بەڕێوەدەچن

"راپرسییەکان دانی خێر بە ئەردۆغاندا نانێن"

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، دوای ئەوەی لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی بێ هیوا بوو، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی وڵاتەیەکی لە 14ی ئایاردا بەڕێوەدەچن.

ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا (ئاکەپە) قسەی کرد کە ئەمڕۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. لە قسەکانى ئەردۆ‌غاندا، چەندین پرسی گرنگی وەک بومەلەرزە، هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزە و پرسی هەڵبژاردن هەبوو.

ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەو رەخنانە کرد کە ئۆپۆزسیۆن بەهۆی بومەلەرزەوە ئاڕاستەی دەسەڵاتەکەی دەکەن و گوتی، “بومەلەرزەکە زۆر گەورە بوو. ئێمەش هەرچییەکمان لەدەست هات کردمان. بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەک ‘سێرکبازەکان’ دەجووڵێتەوە و رێگری لە ئاوەدانکردنەوە دەکەن.”

لە تورکیا دەسەڵات داوای دواخستنی هەڵبژاردن و ئۆپۆزسیۆن ئامادەکاری بۆ دەسەڵات دەکەن

ئەردۆغان دەڵێت، ” ئەرکی ئێمەیە لە رووی یاسایی و سیاسییەوە لێپرسینەوە بکەین. ئەمڕۆ ئۆپۆزسیۆنی منداڵانە هەستاوە و دەیەوێت دادگاییمان بکات. پێویستە سەرەتا خۆیان راست بکەنەوە. پێویستە باش بزانن کە گەل لە کاتی پێویستدا کە 14ی ئایارە کارە پێویستەکە دەکات.”

قسەکانی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆن سوورن لەسەر ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە ئەمڕۆ ئاماژەی بەوەکرد کە سبەینێ، پرسی کاندیدی سەرۆکایەتی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن یەکلایی دەکەنەوە و چاوەڕێی 10ی ئەم مانگە دەکەن کە بڕیارە ئەردۆغان دوایین قسە لەسەر وادەی هەڵبژارن بکات و لە 11 مانگدا ناوی کاندیدەکەشیان ئاشکرا دەکەن.

راپرسییەکان لە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆندان

بەهۆی روودانی بومەلەرزەکانی شەشی مانگی شوبات کە کارەساتێکی گەورەى سەدەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، بابەتى هەڵبژاردن لە تورکیا کپبووەوە، بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە پرسەکە بووەتەوە جێگەی مشتومڕی پارتە سیاسییەکان و هاوڵاتیان.

لەم بارەیەوە جارێکی دیکە، کۆمپانیاکانی راپرسی و توێژینەوە، کەوتوونەتەوە کار و تازەترین راپرسیش لەلایەن ناوەندی ئابووری ئەستەنبوڵ لەبارەی دەنگی پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا ئەنجامدرا.

لە راپرسییەکەدا نزیکەی دوو هەزار کەس لە هەموو تورکیا و باکوری کوردستان بەشدارییان کردووە و ئەنجامەکەی بەم شێوەیەیە:

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 33.7٪

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 25.8٪

پارتی باش 13.9٪

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) 11.2٪

پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 6.8٪

هەواڵی زیاتر

Back to top button