ململانێ لەسەر هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق گەرمتر دەبێت

سەدرییەکان دەگەڕێنەوە گۆڕەپانی ململانێ سیاسییەکان

زووم، ئاژانسەکان:

گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق دووبارە مشتومڕ و ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە، لایەنەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، کوتلە گەورەکان لە نێویاندا چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئێستا حکومەتیان بەدەستە، دەیانەوێت سیستەمی هەڵبژاردنەکان لە فرەبازنەییەوە دووبارە بیکەنەوە بە سیستەمی تاکبازنەیی “سانت لیگۆ”.

لە بەرامبەردا رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و هەندێک لایەنی دیکە، گۆڕانکارییەکە رەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 سیستەمی فرەبازنەیی پەیڕەو کرا و تێیدا رەوتی سەدر زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە رێگەی پرۆژەیاسای “هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان” دەیەوێت هەردوو یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان یەکبخات و بیکات بە سیستەمی سانت لیگۆ.

جیاوازى لە نێوان سیستەمەکانى سانت لیگۆ و فرەبازنەیی چییە؟

سانت لیگۆ سیستەمێکە کە زانای بیرکاری “ئەندریە سانت لیگۆ” لە ساڵی 1912 دایمەزراندووە، کە سیستەمێکە تیایدا دەنگدەر دەنگدەدات بە لیستێک و کاندیدێک لە یەک بازنەیی سەرتاسەری، پێشتر ئەم سیستەمە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەکارهێنراوە و هێزە بچوک و نوێکان کورسی پەرلەمانی کەمیان بەدەستهێناوە.

سیستەمی فرەبازنەیی کە لە هەڵبژاردنەکانی 2021ى پەرلەمانى عێراق پەیڕەوکرا، هەر پارێزگایەک بەسەر چەند بازنەیەک دابەشکراو لە هەر بازنەیەک هاوڵاتی دەتوانێت دەنگ بە کاندیدێک بدات.

ناکۆکییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دەرکەوتنەوەی سەدرییەکان لە ململانێی سیاسیدا کاردانەوەی زۆری هەبووە و بووەتە مانشێتی زۆرێک لە رۆژنامە عەرەبیەکان.

پڕۆژەکە بەپەلە خراوەتە بەرنامەی کارى پەرلەمانەوە و لادانی تێدایە

رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی، لە پەڕەی یەکەمی رۆژنامەکە بابەتێکی داناوە بە ناونیشانی “ناڕەزایەتی دژی یەکخستنی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق”.

سەباح لێدوانی لە پەرلەمانتار “رائد مالیکی” ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەرگرتووە، رائید گوتویەتی، پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان لە دانیشتنی پێشووی پەرلەمانی عێراق بەپەلە خراوەتە بەرنامەی کارەوە و لادانی تێدایە.

رائد دەڵێت، پرۆژەیاساکە بە ناونیشانی” هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانە” بەڵام ناوەرۆکەکەی رەتکردنەوەی یاسای هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە لە هەڵبژاردنی رابردوو فرەبازنەیی بوو.

بە گوتەى ئەو پەرلەمانتارە ناکۆکی هەیە لە نێو پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەم بابەتە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رێکەوتنی سیاسییان کردووە بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان، بەڵام پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و هێزە نوێکان و بەشێک لە هێزە کوردییەکان دژی پرۆژەیاساکەن.

ئاشکراشیدەکات کە 70 واژۆکۆکراوەتەوە بۆ رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکە و دەڵێن دیراسەکردنی زیاتر و گفتوگۆگۆی زیاتری دەوێت.

رائد مالیکی دەشڵێت، هەرچەندە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان لە بەرنامەی کاری حکومەت بووە، بەڵام نابێت بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی بێت، “هەرچەندە سەرکەوتوو نەبوین لە رەتکردنەوەی پرۆژەیاساکە، بەڵام دانیشتنەکەی پەرلەمان دواخرا بۆ رۆژی 27ی شوبات”.

دژى هەموارەکە، سەدرییەکان پەنا بۆ هەڵوێستی نەجەف دەبەن

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی “سەدرییەکان پەنا بۆ هەڵوێستی نەجەف بۆ رەتکردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان دەبەن”.

شێخ عەبدولمەهدی کەربەلائی، نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکان لە وتارێکدا کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە دەڵێت “بۆچوونى مەرجەعیەت بە روونی ئەمەیە کە دژی لیستی داخراوین، دژی یەک بازنەیی هەڵبژاردنەکانین، نامانەوێت ئەزموونە شکستخواردووەکەی پێشوو دووبارە بکەینەوە لە لیستی داخراو و سیستەمی یەک بازنەییش”.

شەرقولئەوسەت باس لەوەدەکات کە کەسایەتییەکانی رەوتی سەدر ئەم پارچە ڤیدیۆیەی شێخ عەبدولمەهدی کەربەلائی دووبارە بڵاودەکەنەوە و بەکاری دەهێنن دژی لایەنە رکابەرەکانیان.

شەرقولئەوسەت باس لە حاکم زاملی دەکات، کە پێشتر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە لەسەر رەوتی سەدر و لە تویتەر پارچە ڤیدیۆکەی نوێنەری مەرجەعیەتی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی “نەخێر بۆ لیستی داخراو، نەخێر بۆ یەک بازنەیی”.

حامد سەید گوتەبێژی جوڵانەوەی “هۆشیاری” بە شەرقولئەوسەتی گوتوە، هەوڵی هێزەکانی چوارچێوە و هاوپەیمانەکانیان بۆ لادان لە خواستی نەجەف و مەرجەعیەت دەرخەری ئەوەی کە لە چوارچێوە شیعیەکەیان دەرچوون.

رەوتی سەدر خۆی بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئامادە دەکات

رۆژنامەی “عەرەب”یش هەر لە لاپەرەی یەکەمی بڵاوکراوەی ئەمرۆ یەکشەممەدا دەڵێت “رەوتی سەدر خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە رێگای رەتکردنەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان”.

رۆژنامەی عەرەب دەڵێت سەرکردەکانی رەوتەکە توانیویانە موقتەدا سەدر رازیبکەن کە بەشدار بێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و بەشدارینەکردن پێگەی سەدر لە ناو گەل لاوازدەکات.

باسى لەوەشکردووە سەرکردەکان بە سەدریان وتووە کە ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ هاوڵاتیانە و ململانێ سیاسییەکان تیایاندە نەرمتر و کەمترە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button