چین 12 خاڵ بۆ ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکراین دەخاتەڕوو

زووم

لە ساڵیادی هێرشەکانى روسیا بۆسەر ئۆکراین، حکومەتی چین نامەیەکى 12 خاڵی راگەیاند، کە ئامانج لێی دەستپێشخەرییە بۆ روسیا و ئۆکراین بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگی نێوانیان بهێنن.

وەزارەتی دەرەوەی چین نامەکەی بە ناونیشانی “هەڵوێستی چین لەبارەی سەقامگیری سیاسیی قەیرانەکانی ئۆکراین” بڵاوکردەوە، کە مانەی خوارەوە پوختەی نامە 12 خاڵییەکەن.

یەک: رێزگرتن لەسەروەری خاک

پێویستە سەروەریی، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان بەشێوەیەکی کاریگەر بپارێزرێت. هەموو وڵاتان، گەور و بچووک، بەهێز و لاواز، دەوڵەمەند و هەژار، ئەندامن لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. پێویستە جێبەجێکردنی یەکسانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا بەرەوپێش ببرێت، لەکاتێکدا دەبێت دوو سانداردی (دوو روویی) رەتبکرێتەوە.

دوو: دورکەوتنەوە لە عەقڵیەتی شەڕی سارد

ئەمن و ئاسایشی وڵاتێک نابێت لەسەر حسابی وڵاتێکی دیکە بەدەست بێت. هەروەها نابێت ئاسایشی ناوچەیەک بە بەهێزکردن و فراوانکردنی کەرتی سەربازیی بەدی بهێنرێت. دەبێت هەموو لایەنەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ ‌چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە کیشوەری ئۆراسیادا.

سێ: نەهێشتنی دوژمنایەتییەکان

شەڕ و ناکۆکیی سود بە هیچ لەیەنێک نەگەیەنێت. پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوانیی لە روسیا و ئۆکراین بکەن بۆ ئەوەی بەزوترین کات گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوانیاندا ئەنجام بدەن و وردە وردە ناکۆکییەکانی نێوانیان نەهێڵن تاوەکو دەگەن بە ئاگربەستی گشتگیر.

چوار: بەردەوامیدان بە گفتوگۆی ئاشتییانە

دایەلۆگ و دانوستان تەنها چارەسەری درێژخایەنن بۆ قەیرانەکەی ئۆکراین. هەموو هەوڵیکی بەرهەمدار بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتییانەی قەیرانەکان پێویستە هانبدرێت و پاڵپشتی لێ بکرێت. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت پابەند بێت بە ‌پەرەپێدانی گفتوگۆی ئاشتییانە و بەزوترین کات یارمەتیی لایەنەکان بدەن بۆ ئەو مەبەستە دەرگای ئاشتی بەرووی یەکتریدا بکەنەوە. چین لەم رووەوە بەردەوام دەبێت رۆڵی بنیادنەرانە ببینێت.

پێنج: چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان

هەر رێکارێکی کردەیی بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانە مرۆییەکان پێویستە هانبدرێت و پاڵپشتی لێبکرێت. نابێت قەیرانە مرۆییەکان بەسیاسی بکرێن. پێویستە سەلامەتی ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێت و رێرەوی مرۆیی بۆ خۆرزگارکردنی خەڵکی مەدەنی لە بەرەکانی جەنگ بەجێ بهێلرێت. پێویستە پاڵپشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ بەرەکانی جەنگ.

شەش: پاراستنی خەڵکی سڤیل و دیلەکانی جەنگ

لایەنەکانی جەنگ پێویستە پەیڕەویی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بکەن و هێرش نەکەنە سەر هاوڵاتییان یان ژێرخانی مەدەنی، ژنان، منداڵان و قوربانیانی دیکەی جەنگ بپارێزن. دەبێت رێز لە مافە بنەڕەتییەکانی زیندانیان بگرن. چین پشتیوانی لە گۆڕینەوەی دیلەکانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین دەکات و داواش دەکات لە هەموو لایەنەکان دەرفەتی زیاتر لەم رووەوە برەخسێنن.

حەوت: وێستگە ئەتۆمییەکان بپارێزرێن

چین دژی هەر هێرشیکی سەربازییە بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و داوا لە لایەنەکان دەکات پابەند بن بە یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە سەلامەتیی وێستگە ئەتۆمییەکان.
هەشت: کەمکردنەوەی مەترسییە ستراتیژییەکان
چەکە ئەتۆمییەکان نابێت بەکار بهێندرێن و نابێت شەڕی ئەتۆمی رابگەیەندرێت. چین دژی توێژینەوە، گەشەپێدان، و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجییە، جا لەلایەن هەر وڵاتێک یان لە ژێر هەر بیانوو و بارودۆخێکدابێت.

نۆ: ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە
پێویستە هەموو لایەنەکان پابەند بن بە رێککەوتننامەکەی دانەوێلە کە لەنێوان روسیا، ئۆکراین، تورکیا و نەتەوەیەکگرتوەکان واژۆکرا. دەستپێشخەرییەکەی چین لەبارەی ئاسایشی خۆراکی جیهانی چارەسەرێکی کردەییە بۆ قەیرانی خۆراک لە جیهاندا.

دە: سزا تاکلایەنەکان بوەستێنرێن

سزا تاکلایەنەکان و فشاری زۆر چارەسەری دۆخەکە ناکات، بەڵکو کێشەی نوێ دەهێنێتەکایەوە. چین دژی هەر سزایەکە کە لەدەرەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر درابێت. پێویستە وڵاتانی پەیوەندیدار بەم پرسەوە چیتر سزا تاکلایەنەکان بەخراپی لەدژی وڵاتانی دیکە بەکارنەهێنن. لەبری ئەوە، پێویستە هەوڵبدەن قەیرانەکانی ئۆکراین کۆتایی پێبهێنن و دەرفەت برەخسێنن بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو پەرە بە ئابورییەکانیان و باشترکردنی ژیانی خەڵکەکەیان بدەن.

یازدە: زنجیرەی پیشەسازیی و خستنەڕوی بازرگانی بە سەقامگیری بهێلرێتەوە

پێویستە هەموو لایەنەکان هەوڵی پاراستنی ئەو سیستمە ئابورییەی جیهان بپارێزن و خۆیان بپارێزن لەوەی ئابوری جیهانی وەک کارتێکی سیاسی بەکاربهێندرێت. پێویستە هەوڵی هاوبەش هەبێت بۆ سوککردنی ئەو قەیرانە ئابوریەی کە لە جیهاندا هەیە لەبواری وزە، دارایی، بازرگانی خۆراک و گواستنەوە.

دوازدە: بەرفراوانکردنی بنیادنانەوەی دوای جەنگ

پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی رێکاری تایبەت بگریتەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە بنیادنانەوەی ژێرخانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی جەنگ. چین ئامادەیە لەم بوارەدا هاوکاریی پێشکەش بکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button