ئەو کۆرپەلەیەى لە بومەلەرزەکەى ئیدلیب لەدایکبوو پورى لەئامێزى دەگرێت

ئایە کاتێک چاوى بە دنیا هەڵێنا، دایک و باوکى و خوشک و براکانى بۆ هەتاهەتایە چاویان لێکنا. چیرۆکەکەى هێندە خەمناکە هەزاران کەس داوای بەخێوکردنیان دەکرد، سەرئەنجام دواى دوو هەفتە لە بومەلەرزەکە پورى لە ئیدلیب لە ئامێزى گرت.

ئایە لەکاتى بومەلەرزەکانى 6ـی شوبات لە شارۆچکەی جندرێسى سەر بە ئیلیب لەدایکبوو. لە کاتی رزگارکردنیدا هێشتا ناوکی وابەستەبوو بە تەرمی دایکییەوە.

کۆرپەکە سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی دایکى، باوکى و چوار خوشک و براى گیانیان لەدەستدا. رزگارکردنی ئەویش وەک موعجیزە دەسف دەکرا، هەرئەوەش هۆکاربوو سەرەتا ناوى بنێن ئایە. ئایە بەمانای نیشانە یان موعجیزە دێت لە زمانی عەرەبیدا.

ئایە هەزاران کەس داوای بەخێوکردنیان دەکرد، بەڵام داواکارییەکە رەتکرایەوە، سەرئەنجام لەرێگەى پشکنینى دی ئێن ئەییەوە، ئالا دۆزرایەوە، کە پورى ئایایە و ئەو لەئامێزى گرت.

دایکى ئایە ناوى ئەفرایە، بۆیە ئالاى پورى بڕیاریدا ناوەکەى بگۆڕیت و چیدیکە ئایە نییە و ئەفرایە.

خەلیل سەوادی هاوسەرى هالایە، ئەو بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت، ئێستا ئەفرا یەکێکە لە منداڵەکانی و هیچ جیاوازییەکى نییە لەگەڵ منداڵەکانى دیکەى.

ئەفرا دواى لەدایکبوونى 10 کاتژمێر لەژێر داروپەردوی ماڵە روخاوەکەیاندا مابووەوە.

یەکێک لە پزیشکەکان بە فرانس پرێسیان گوتووە، ئەوکاتەی گەیەندرایە نەخۆشخانە، تەندروستی ناجێگیر بووە، چەندین برین و شینبوونەوە بەجەستە بچوکەکەیەوە بوو.

شایەتحاڵەکان دەڵێن، ئەو باڵەخانەیەی خانەوادەکەى ئەفرای تێدابوو، یەکێک بووە لەو 50 باڵەخانەیەی لە جندرێس بەهۆی بومەلەرزەکەوە داڕماون.

خەلیل سەوادی بە رۆیتەرزی گوتووە، ئەفرا بۆ ئێمە مانایەکی زۆری هەیە، چونکە ئەو تەنها کەسە لە خێزانەکەیدا ماوەتەوە. ئەو دەبێت بە یادگارییەک بۆ من و پوری و بۆ هەموو خزمانی دایک و باوکی.

خەلیل سەوادی، قسەى بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسیش کردووە و گوتویەتى، هێندە داواکارى بۆ بەخێوکردنى زۆربوو، ترسیان ئەوەیان هەبوو لەو دوو هەفتەی لە نەخۆشخانە مابووەوە “کەسێک بیبات”.

بومەلەرزە زیانى بە خەڵکەکە گەیاند، ماڵى پورەکەى ئەفراش روخاوە، ئەوان ئێستا لە ماڵی خزمەکانیان دەمێننەوە.

لەنێو چیرۆکە ئازاربەخشەکەیاندا ئەوەى دڵی پورە ئالا و هاوسەرەکەى خۆشکردووە ئەوەیە کە سێ رۆژ دوای بومەلەرزەکە هالا خۆشی کچێکی لەدایکبووە، ئێستا دوو کۆرپەلەی بچوک، وەک دوو خوشک بەخێودەکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button