سەرکردایەتى یەکێتی: دەستبردن بۆ کاروبارى ناوخۆیى یەکێتى هێڵى سورە

زووم:

ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، دەستبردن بۆ کاروبارى ناوخۆى یەکێتى هێڵى سورە و هەر هەوڵێکیش هەبێت بەو ئاراستەیە، ئەوا هەنگاوى سیاسی و یاساییمان دەبێت. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر نوسراوێکى ئاراستەى ئەو حزبە کردووە و دەڵێت، “لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتییە”.

ئەمشەو میدیاى فەرمى یەکێتى، نوسراوێکى سکرتاریەتى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتی بڵاوکردەوە کە واژۆى “فەرید ئەسەسەرد”ـى سکرتێرى ئەنجومەنەکەى لەسەر و ئاراستەى سەرجەم ئۆرگانەکانى حزبەکە کراوە، تێیدا بە چوار خاڵ چەند پرسێکى تایبەت بە دۆخى نێوخۆیی یەکێتى روونکراوەتەوە.

نوسراوەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى هەرچەندە ئەمشەو بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە 7ـى ئەم مانگەدا دەرچووە و ئاراستەى ئۆرگانەکانى یەکێتى کراوە، ئەوەش پێدەچێت وەکو وەڵامێک بووبێت بۆ نوسراوێکى پێشترى دادگاکەى هەولێر کە لە یەکى ئەم مانگەدا لەسەر کێشە ناوخۆییەکانى یەکێتى دەریکردبوو.

ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتی لە نوسراوەکەدا وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو بڕیار و رێکارانەى لە دواى 8ى تەمووزەوە گیرانەبەر دەڵێت، “سەرجەمیان پەیڕەویی و پەسەندکراوى ئەنجومەنى سەرکرداتى بوون”.

دەشڵێت، سەرجەم بڕیارەکانى دادگاى بەرایی و لێکۆڵینەوە و فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لایەنى پەیوەندیدارە بەو بابەتەوە و دەسەڵاتى رەهاى هەیە، لە بەرژەوەندى یەکێتى بوون، بڕیارەکانى دادگا تایبەتمەندەکانیش، پەسەندکردنى هەڵوەشاندنەوەى سیستمى هاوسەرۆکى لەسەر بنەماى بڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى و جێگیرکردنى سیستەمى یەک سەرۆک بوون.

لە بەشێکى دیکەى نوسراوەکەدا هاتووە کە “تەنها ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى لایەنى پەیوەندیدارە لە بڕیاردان بە کاروبارى ناوخۆیی و هیچ لایەنێکى دیکە بۆى نییە دەستوەردان لەم بابەتەدا بکات، خۆ ئەگەر هەر هەوڵێکیش هەبێت بەو ئاراستەیە، ئەوا هەنگاوى سیاسی و یاساییمان دەبێت چونکە دەستبردن بۆ کاروبارى ناوخۆى یەکێتى هێڵى سورە”.

بڵاوبوونەوەى ئەم نوسراوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتی پاش ئەوەدێت کە ئەمڕۆ دووشەممە، دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر نوسراوێکى ئاراستەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و دەڵێت هەریەکە لە (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆکى یەکێتیین و بەپێى یاسا و رێنماییەکان بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم حزبە دەکرێت.

دادگاى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى هەولێر وێنەیەک لە نوسراوەکەى رەوانەى وەزارەتى ناوخۆ کردووە، هاوکات دادگاکە نوسراوەکەى ئاراستەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نەکردووە، بەڵکو ئاراستەى ئەنجومەنى باڵاى سیاسیی و بەرژەوەندییەکانى یەکێتى کردووە بەوپێیەى ئەو ئەنجومەنە بەرپرسە لە پاراستنى پەیڕەوى ناوخۆى حزبەکە.

زووم، پەیوەندی بە چەند ئەندامێکى ئەنجومەنى باڵاى سیاسیی و بەرژەوەندییەکانى یەکێتییەوە کرد، بەڵام گوتیان “جارێ هیچ شتێک لەبارەى نوسراوەکەى دادگاى هەولێرەوە ناڵێن”.

کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆتاییەکانى مانگى رابردوو و سەرەتاى ئەم مانگەدا جارێکى دیکە هاتەوە بەرباس، پاشئەوەى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە 30ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، رایگەیاند، کە داواکارییەکی پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگییان رەتکردووەتەوە، جەختیانکردووەتەوە کە سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتیدا هەڵوەشاوەتەوە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکەیە.

پاش بڕیارەکەى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان، دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لە نووسراوێکدا کە رۆژی 1ی شوبات دەریکرد، ئاماژەى بەوەکرد، سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتیدا هەڵنەوەشاوەتەوە و لاهور شێخ جەنگی یەکێکە لە هاوسەرۆکان. دواتریش دادگاکە نووسراوەکەی لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمەوە لە بەغداد بۆ کۆمسیۆنی باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق نارد.

هەواڵی زیاتر

Back to top button