25 ساڵ تەنیایی لە دوورگەی ئیمرالى

زووم

لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 1998دا، سلێمان دەمیرەل سەرۆککۆماری ئەو کاتەی تورکیا، لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گۆتارێکی پێشکەشکرد و هەڕەشەی لە سوریا کرد ئەگەر کۆتایی بە هەبوونی پەکەکە و عەبدوڵلا ئۆجەلان رێبەری ئەو پارتە لە سوریا نەهێنێت، تورکیا ناچار دەبێت خۆی بپارێزێت و بە ناراستەوخۆ زەنگی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆسەر سوریا لێدا.

لە ئەنجامی ئەو هەڕەشانە، هەوڵە دیپلۆماسیەکان و هەواڵگریەکانی تورکیادا، لە 20ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1998دا رێککەوتنێکی سیاسی و ئەمنی لەنێوان سوریا و تورکیا واژۆکرا، کە بە رێککەوتنی ئەدەنە دەناسرێت. یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی رێککەوتنەکە کە تورکیا پێداگیری لەسەر دەکرد، کۆتاییهێنان بوو بە پشتگیریەکانی حافز ئەسەد، سەرۆکی ئەو کاتەی سوریا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

ئەنجامی رێککەوتنەکە دەرچوونی عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکەی لێکەوتەوە کە 20 ساڵ بوو لەو وڵاتەوە پەکەکەی بەڕێوە دەبرد.

گەشتێکی کورت و جەنجاڵ

لەگەڵئەوەی ئۆجەلان سوریای بەجێهێشت، چەندین شیکاریی بۆ قۆناغی تازەی پەکەکە و داهاتووی ئۆجەلان کرا. زۆر کەس ئەو پێشهاتەیان بە قۆناغی گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ کوردستان لەقەڵەمدا، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو رووی لە ئەوروپا کرد.

سەرەتا ئەو وڵاتانەی هەڵبژارد کە ناکۆکی قۆڵیان لەگەڵ تورکیا هەبوو، وەکو یۆنان و رووسیا، بەڵام ئەو دوو وڵاتە ئۆجەلانیان قبوڵنەکرد. دواتر روویکردە ئیتاڵیا و ماوەیەک لەوێ مایەوە، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە بەهۆی فشاری زلهێزەکانەوە نەیتوانی مافی پەنابەری سیاسی پێبدات.

15ـى شوباتى 1999 رادەستى تورکیا کرا

 

 

پاشئەوەی ئۆجەلان لە ئەوروپا بێهیوا بوو، هەوڵیدا خۆی بگەیەنێتە ئەفریقیای باشور “وڵاتی نیلسۆن ماندێللا”، بەڵام دوای چەند رۆژ لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە قۆڵبەستکرا و لە 15ی شوباتی ساڵی 1999 بە فڕۆکەیەکی تایبەت گواسترایەوە بۆ تورکیا و ئیدى کۆتایی بە گەشتە کورت و جەنجاڵەکەی هێنرا.

دەوڵەتی تورکیا وەک ئەوەی هەنگوینی لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، ئاهەنگی سەرکەوتنی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان گێڕا و داواکاریی گشتیی تورکیا لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنیدا داوای لەسێدارەدانی ئۆجەلانی کرد. بێهیوابوون و ترس سەرتاپای سەرکردە، کادر و لایەنگرانی پەکەکەی داپۆشیبوو بەوەی مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە و جارێکی دیکە بە لەسێدارەدانی سەرکردەیەکی کورد هاوشێوەی شێخ سەعید و سەید رەزا کۆتایی بە راپەڕینێکی دیکەی کورد بهێندرێت، بەڵام دوای چەند مانگێک زۆر شت پێچەوانە بوونەوە، سزای لەسێدارەدان لە دەستوور و یاساکانی تورکیا دەرکرا و دادگا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئۆجەلاندا سەپاند و لە زیندانی ئاسایشی باڵای ئیمڕالی لەنێو دەریای مەڕمەڕە زیندانی کرا.

لە رێگەى نووسینەوە سەرکردایەتی دەکات

زۆر کەس و دەوڵەتانی جیهان لەو بڕوایەدابوون ئیدی پەکەکە بێ ئۆجەلان کۆتاییدێت و خودی ئۆجەلانیش ناتوانێت سەرکردایەتیی بزوتنەوەکەی بکات لەنێو زیندانەوە، بەڵام ئەو لە زیندانی ئیمڕالی، دەستی بە نوسینی کتێبێک بۆ دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرد بە ناوی “بەرگریکردن لە گەلێک”.

ئۆجەلان لەو کتێبەدا دەستگیرکردنی خۆی وەک پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیی زلهێزەکانی جیهان بۆ دووبارە داڕشتنەوەى نەخشەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسفکرد و نوسیویەتی “من لە ئیمڕالی دیلی زلهێزەکانم و ئەرکی تورکیا بە تەنیا پاسەوانیکردنە لە ئیمڕالی”.

ئۆجەلان لەگەڵ ئەوەی لە زینداندا بوو، بەڵام دەستی لە سەرکردایەتیکردنی پەکەکە هەڵنەگرت و لە رێگەی پارێزەر و خانەوادەکەیەوە رێنماییەکانی بۆ پەکەکە دەنارد و چەندین پرۆژە و رێنمایی نوێی راگەیاند و بەو شێوەیە پەکەکە توانی ئەو قۆناغە “سەختە” تێپەڕێنێت.

لە ناوەڕاستی دووهەزارەکاندا، پەکەکە بە تەواوەتی سیمایەکی نوێی بەبەرکرد و بەتایبەتی دروشمی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد رەتکردەوە، بەوپێیەی ئۆجالان پێیوایە، دەوڵەت نەتەوە بەشێکە لە سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی کە لەسەر پشتی نەتەوەکانی دیکە بنیات دەنرێت.

ئۆجالان لە جێگرەوەی نەتەوەی باڵادەست، نەتەوەی دیموکراتی، لە جێگرەوەی سیستمی دەوڵەت – نەتەوە، کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی و لە جێگرەوەی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم، مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێشنیاز کرد و هەموویانیشی بە ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگا و ژینگەپارێزییەوە بەستەوە.

ساڵانە لە چوار پارچەی کوردستان، ئەوروپا و چەندین وڵاتی جیهان، کەمپینی فراوان بۆ ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

گۆشەگیری ئیمڕالی

لە یاساکانی تورکیادا، سزادراو  خاوەنی چەندی مافە وەک مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادە و پارێزەران، مافی گفتوگۆکردن لەگەڵ سزادراوانی دیکە و مافی (هیوا). بەڵام پێدەچێت لە زیندانی ئیمڕالیدا یاسایەکی جیاواز هەبێت.

ئۆجالان سیستمی زیندانی ئیمڕالی وەک “چاڵی مردن” پێناسە دەکات و دەڵێت، لەوێ هیچ یاسایەک نییە. هەموو جووڵەیەک لە ئیمڕالی سیاسیە.

ئۆجەلان گۆشەگیر کراوە

هەرچەندە لە ماوەی 25 ساڵی زیندانیکردنیدا، چەندینجار رێگەدراوە ئۆجالان پارێزەر و خانەوادەکەی ببینێت، بەڵام نزیکەی دوو ساڵە، کەس ئۆجالانی نەبینیوە و گۆشەگیریەکی رەهای بەسەردا سەپێندراوە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022دا، بەهۆی فشارەکانی لایەنگر و دەزگاکانی نزیک لە پەکەکە لە ئەوروپا، شاندێکی رێکخراوی رێگریکردن لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کە سەر بە کۆنسەی ئەوروپایە، سەردانی دوورگەی ئیمڕالی کرد و دواتر شاندەکە رایگەیاند کە چاویان بە ئۆجالان کەوتووە و دوای کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، راپۆرتی خۆیان لەبارەی زیندانی ئیمڕالی بڵاودەکەوە.

دوای نزیکەی سێ مانگ لە بێدەنگی (سی پی تی)، نوسینگەی یاسایی سەدە کە لە کۆمەڵێک پارێزەر پێکدێت و ئەرکیان بەرگریکردنە لە ئۆجالان، لە راگەیەندراوێکدا، باسی ئەوەی کرد کە (سی پی تی) راستە سەردانی ئیمڕالی کردووە، بەڵام چاوی بە ئۆجالان نەکەوتووە. ئەو راگەیەندراوە، ئێستا بووەتە هۆی نیگەرانیەکی گەورە لەلای خانەوادە، لایەنگران و سەرکردەکانی پەکەکە.

هەر بۆیە لە دوو مانگی رابردوودا، هەموو کەم رۆژ هەیە لە ئەوروپا خۆپیشاندان و گردبوونەوە نەکرێت بۆ داوا دەکرێت، پارێزەران و خانەوادەکان سەردانی ئیمڕالی بکەن و زانیاری لەسەر دۆخی ئەمنی و تەندروستی ئۆجالان ئاشکرا بکرێت.

لەدایکبوون و خوێندن

عەبدوڵلا ئۆجەلان ناسرا بە (ئاپۆ) کە بە واتای مام دێت، لە چواری نیسانی ساڵی 1949دا لە گوندی ئامارای سەر بە ناوچەی خەلفەتی پارێزگای رۆحای باکوری کوردستان لەدایکبووە.

خوێندنی سەرەتایی لە گوندێکی نزیک لە گوندەکەیان و دواناوەندی و پەیمانگەی تەکنیکی لە ئەنقەرە تەواو کردووە و بەشی خانووبەرە و موڵکی ئامەد کاری کردووە. دوای مانگێک دەچێتە ناوچەی باقرکۆی لە ئەستەمبوڵ، دواتریش دەچێتە بەشی یاسا لە زانکۆی ئەستەمبوڵ بەڵام دوای ساڵێک دەگوازرێتەوە بۆ زانکۆی ئەنقەرە بۆ خوێندنی زانستە سیاسییەکان.

ژیانی سیاسی و دامەزراندنی پەکەکە

لە زانکۆی ئەنقەرە ژیانی سیاسی ئۆجەلان دەستپێدەکات و دەبێتە ئەندامی پارتە چەپەکانی تورکیا و هەر بەو هۆیەشەوە و لە ساڵی 1972 دەستگیر دەکرێت و حەوت مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە. دوای لەسێدارەدانی سەرکردەکانی چەپەکان لە سەرەتاکانی ساڵەکانی 1970 ئۆجەلان دەست بە دامەزراندنی رێکخراو و پارتی سیاسی چەپی کوردی دەکات و لە ئەنجامدا لە 27ی تشرینی دووەمی سڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستان دادەمەزرێنێت.

پەکەکە لە کۆتایی حەفتاکان رێکخستنەکانی لە باکوری کوردستان بەهێز کرد، بەڵام رووبەڕووی بەربەست و کێشەیەکی گەورە بووەوە کە ئەویش، ئاغا و سەرۆک هۆزە کوردییەکان بوو کە پەیوەندییەکی پتەویان بە دەوڵەتەوە هەبوو.

بە تایبەتی لە پارێزگای روحا (عورفا) و ئامەد (دیاربەکر) باکوری کوردستان، چەندین شەڕ و پێکدادان لە نێوان کادر و ئەندامانی پەکەکە لەگەڵ دارودەستەی ئاغا و سەرۆک هۆزەکان روویدا.

ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت لە دۆخێکی ئارامتردا، پەکەکە ئاڕاستە بکات، لە کۆتایی ساڵی 1979دا، تورکیا و باکوری کوردستانی بەرەو سوریا و لوبنان جێهێشت و لەنێو گروپە فەڵەستینییەکانی ئەو سەردەمەدا لە دەشتی بیقاعی نێوان سوریا و لوبنان جێگیربوو.

لەو قۆناغەدا، رووداوێکی سیاسیی و سەربازیی چاوەڕواننەکراو لە تورکیا و باکوری کوردستان روویدا کە دۆخی سیاسی، ئابوریی، کۆمەلایەتی بە تەواوی گۆڕی، ئەویش کودەتای 12ی ئەیلولی ساڵی 1980 بوو کە بە سەرۆکایەتی کەنعان ئەڤرەن ئەنجامدرا.

دەسەڵاتێکی توندوتیژی سەربازی باڵی بەسەر تورکیا و باکوری کوردستاندا گرت کە لە مێژووی تورکیادا، وەکو “دۆزەخی 12ی ئەیلول” پێناسەی بۆ دەکرێت، بە ملیۆنان کەس دەستگیرکران، بە سەدان کەس کوژران و ئەشکەنجەدران، بە سەدان پارت و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی داخران.

کادرانی پەکەکەش کە ژمارەیەکیان بەر لە کودەتاکە و هەندێکیشیان لە سەردەمی کودەتادا دەستگیرکرابوون، یەکێک بوون لەو کەسانەی کە بەر ئەو لێشاوە توندە کەوتن و بە دەیان کادری پێشکەوتوویان لە زیندانەکانی تورکیادا بە ئەشکەنجە و چالاکی خۆسوتاندن و مانگرتن گیانیان لەدەستدا کە دیارترینیان، مەزلۆم دۆغان، محەمەد خەیری دورموش، ئاکیف یڵماز، عەلی چیچەک، فەرهاد کورتای، محەمەد زەنگین و ئەشرەف ئەینیک بوون.

دەستپێکردنی شەڕی چەکداریی دژی دەوڵەت

لە ساڵانی 1981 – 1982 و 1983دا، عەبدوڵلا ئۆجەلان چەندین کادری بۆ ناوچە سنورییەکانی (باکوری کوردستان – باشورى کوردستان) و (باکوری کوردستان – رۆژهەڵاتی کوردستان) و (باشورى کوردستان – رۆژهەڵاتی کوردستان) رەوانە کردبوو، ئەو لەو کاتەدا بیرۆکەی شەڕی چەکداریی دارشتبوو.

تاوەکو ساڵی 1984 لە 15ی ئابی ئەو ساڵەدا، هێزەکانی پەکەکە بە فەرماندەیی مەحسوم قورقماز (عەگید)، هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی سەربازیی لە نزیک گوندی دهێی سەر بە ناوچەی شەمزینانی باکوری کوردستان، لە مێژووی پەکەکەدا ئەو رۆژە وەکو قۆناغی دووەمی ژیانەوەی کورد دادەنرێت و پێی دەگوترێت “15ی تەباخ.. رۆژی ژیانەوە”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button