ڤایرۆسێک بڵاوبووەتەوە 90%ی توشبووانی دەکوژێت و تەندروستیی جیهانی “بەپەلە” کۆدەبێتەوە

زووم:

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ڤایرۆسی ماربۆرگ دەبەستێت، کە بە “نەخۆشییە کوشندەکە” ناسراوە و 90%ی توشبووانی دەکوژێت.

سکای نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە، ئاماژەی بەوەداوە، پسپۆڕانی ڤایرۆسناسی لە سەرانسەری جیهانەوە کۆدەبنەوە بۆئەوەی باس لە دۆزینەوەی چارەسەرێک یاخود گەشەپێدانی ڤاکسینێک بکەن بۆ ئەو ڤایرۆسە.

بەگوێرەی سکای نیوز، هۆشداریی دراوە لەوەی رەنگە جیهان روبەڕوی نەخۆشییەک ببێتەوە، کە چارەسەرکردنی قورس بێت.

پسپۆڕێکی ڤایرۆسناسی رایگەیاندووە، رەنگە گەشەپێدانی ڤاکسینێک بۆ ماربۆرگ چەند مانگێکی پێ بچێت.

کۆبوونەوە بەپەلەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەکاتێکدایە، بەرپرسانی غینیای ئیستوایی لە رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقیا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیان راگەیاندووە، ئاشکراشیانکردووە تاوەکو ئێستا لانیکەم نۆ کەس لە یەکێک لە ناوچەکانی وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کردووە، تیمی تایبەتی ناردووەتە شوێنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

تیمی مارڤاک، کە تایبەتمەندن لە بواری بەرهەمهێنانی ڤاکسیندا، لە چەند ساڵی رابردوودا 28 جۆری ڤاکسینیان بۆ ماربۆرگ بەرهەمهێناوە، بەڵام هێشتا سەرنجیان لەسەر گەشەپێدانی پێنج دانەیان هەیە کە توانای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەکەی هەبێت.

هاوشێوەی ئیبۆلا، ڤایرۆسی ماربۆرگیش لە شەمشەمەکوێرەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ.

بۆیەکەمجار لە ساڵی 1967دا ڤایرۆسی ماربۆرگ لە تاقیگەکاندا بینرا، یەکەم ناوەندیش کە پشکنینی بۆ کرد تاقیگەی شاری ماربۆرگ بوو لە ئەڵمانیا، هەربۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button