دوای بومەلەرزەکە زیندانیان لە هاتای هەوڵی هەڵهاتنیاندا

سێ زیندانی کوژراون و 12 زیندانی دیکە برینداربوون، بەڵام حکومەت رەتیدەکاتەوە

لە زیندانی تورکئۆغلۆی شاری هاتای دوای بومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگە، ژمارەیەک زیندانی هەوڵی هەڵهاتنیاندا و بەهۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکانەوە سێ زیندانی کوژران و 12 زیندانیش بریندار بوون.

دوای بومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگە کە پارێزگای هاتای باکوری کوردستانی گرتووە و زیانیکی زۆری بە پارێزگاکە گەیاند، بەشێک لە زیندانیانی زیندانی تورکئۆغلۆ راپەڕین.

بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی تورکیا، هێزە ئەمنيیەکان و پاسەوانەکانی زیندنەکە، روبەڕوی زیندانییەکان بوونەتەوە و بەو هۆیەوە سێ زیندانی کوژراون و 12 زیندانی دیکە بریندار بوون.

بەڕێوەبەریەتی گشتی زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی تورکیا، لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک زیندانی هەوڵی هەڵهاتنیانداوە.

بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاماژەی بەوەکرد کە بەشێک لە زیندانیان، دۆخەکەیان قۆزتووەتەوە و هەوڵیانداوە هەڵبێن، بەڵام پاسەوانانی زیندانەکە و هێزی جەندرمە دۆخەکە  کۆنتڕۆڵ کردووە و هیچ زیندانیەک نەیتوانیوە هەڵبێت.

بەڕێوەبەریەتی گشتی زیندانەکان هەواڵی کوژرانی زیندانیانی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ زیندانیەک لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دۆخەکەدا زیانی بەرنەکەوتووە.

لە شەشی ئەم مانگەدا کە چەند بومەلەرزەیەکی بەهێز لە چەند شارێکی باکوری کوردستان و تورکیا روویاندا و بەدەیان هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، زیندانیانی زیندانی تورکئۆغلۆی هاتای داوایان کردبوو کە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکرێت کە لە دۆخی تەندروستیان دڵنیا ببنەوە، بەڵام داواکاریەکەیان رەتکرایەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button